تراژیدیای ژنان لە عێراقدا

ليست هناك تعليقات


 عادل باخەوان
-
زیاتر لە چەند هەفتەیەکە ژنان سەرکردایەتیی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی لە ئێراندا دەکەن، ئەم بزووتنەوەیەش دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەیە و زۆربەی زۆری پایتەختە جیهانییەکان لە پاریسەوە تاوەکو واشنتن کاردانەوەی ئەرێنی و هاوئاهەنگی و پشتیوانییان لەگەڵیدا هەبووە و، تائێستا هەر بەردەوامە.

رەنگە ئەمە دەرفەتێکی گرنگ بێت بۆ ئەوەی ئێمە پرسیار لە دۆخی ژن بە شێوەیەکی گشتی لە عێراقدا بکەین و مەودایەک لەنێوان خۆمان و رووداوە هەنوکەییەکاندا وەربگرین. لە دۆخی ژن بەگشتی و دەرکەوتنی ژن لە رووبەرە گشتییەکاندا، وەک ئەکتەری خاوەن پڕۆژەی سەربەخۆی خۆی بەتایبەتی وردببینەوە.

بۆ پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک کۆمەڵێک پێوەری جیهانی هەن و دەکرێت بە هەند وەربگیرێن، بەڵام لای من گرنگترین پێوەر بۆ تێگەیشتن لە دۆخی هەر کۆمەڵگەیەک بریتییە لە پێگە و دۆخ و هەلومەرجی ژن لەو کۆمەڵگەیەدا، بەتایبەتی پرسی سەربەخۆیی ژن وەک خودێکی بیناکاری جیهانی سەربەخۆی خودی خۆی؛ ژن وەک ئەکتەر نەک وەک قوربانی.

بەپێی ئەو داتایانەی کە ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدان خستوونیەتییە بەردەستمان، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە یەکسانی ژنان و پیاوان تێیدا لە خراپترین دۆخدایە و عێراقییەکان یەکێکن لەو گەلانەی کە کەمترین ململانێ لەپێناوی یەکسانی ژن و پیاودا دەکەن: لە پێگەی یەکەوە تا 156، عێراق لە 146ـەمدایە. واتە لە ریزی ئەو 10 دەوڵەتەدایە کە کەمترین یەکسانی نێوان ژن و پیاویان تێدا پراکتیزە دەکرێت.

لەم وڵاتەدا بەربەستەکان لە یەککاتدا یاسایی و ئیدارین، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیین، ئابووری و دارایین و هەموو ئەمانەش پێکەوە دیوارێکی پۆڵاین لەنێوان ژن و گەیشتن بە خەونی یەکسانی و خەونی سەربەخۆیی وەک ئەکتەری کۆمەڵایەتی دروست دەکەن و، ناچاری دەکەن لەژێر کۆنترۆڵی زبر و تووندی نێرینەدا بمێنێتەوە.

ئەمساڵ دانیشتووانی عێراق 40 ملیۆنی تێپەڕاند و لەکۆی هەموو ئەو ژنانەی کە تەمەنیان رێگەیان پێدەدات کار بکەن، 80% هیچ جۆرە کارێکیان نییە، نە لە کەرتی گشتیدا و نە لە کەرتی تایبەتیدا و لەو 20%ـەی کە کاردەکەن، 55% لە کەرتی کشتوکاڵدان، کە لاوازترین کەرتە لە عێراقدا.

ئەو ژنانەی کە خاوەنی کۆمپانیان و کۆمپانیاکان بەناوی ئەوانەوە تۆمارکراون تەنیا 6,8%ـە، ئەمەش یەکێکە لە خراپترین ئاماژەکان بۆ دۆخی ژن لە وڵاتێکدا. هەروەها بەشێکی گرنگ لەو 6,8% هەمیشە ناویان لە پەنای ناوی مێردەکانیان، براکانیان یان باوکیاندایە، واتە هەمیشە نێرینەیەک لەپەنای ناویاندا ئامادەیە!

گەر ئەم دۆخە بگوێزینەوە بۆ نێو ئەو جەماوەرەی کە عێراقین و ناچار بە کۆچی ناوخۆیی کراون، دەبینین 15%ـی خێزانەکان لەلایەن ژنەوە ئیدارە دەکرێن، چونکە پیاوەکانیان یان کوژراون، یان جیابوونەتەوە یاخود بەهەر هۆکارێکی دیکە بێت نائامادەن لەنێو خێزانەکانیاندا. ئەم 15%یە لەبەرئەوەی زۆر بە ئەستەم کاریان دەستدەکەوێت، لەبەردەم هەڕەشەی گەورە و تراژیدیدان. هەر بۆ یادخستنەوە، لەنێوان 2014 بۆ 2017 دا، یەک ملیۆن و 600 هەزار ژن لە عێراقدا رووبەڕووی دیاردەی کۆچی ناوخۆیی بوونەتەوە و ناچارکراون بەوەی زێدی خۆیان بەجێبهێڵن.

تاکوێ و تاکەی دەوڵەت لە عێراقدا دەتوانێت وا بێباک بێت بەرامبەر پرسە جیاوازەکانی ژنان؟ هەروەها تاکوێ و تاکەی ژنانی عێراق بێدەنگ دەبن لە دەوڵەتێک کە تەواو بێباکە بەرامبەریان؟ ئایا کۆی ئەم جیاوازیی جێندەری و نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و پەروەردەییە واناکەن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ژنان بچنە سەر شەقامەکان و لەپێناوی ژیانێکی باشتردا خۆیان رێکبخەن؟ ئایا سیستمی ئامادەباشی نەوەی نوێی ژنان دەتوانێت هەمان ئەو کۆنترۆڵ و هەژموونەی پیاوان قبووڵبکات کە نەوەکانی پێشووتر قبووڵیان دەکرد؟

من دڵنیام لە ساڵانی داهاتوودا ئەم بابەتە دەبێت بە یەکێک لە ئیشکالیەتە هەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە و دەوڵەت لە عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە و شیاوی ئەوەیە هەر لە ئێستاوە هەموو لایەک زۆر بە جیددی وەریبگرن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق