بانکی ناوەندی، یەکەی 20 هەزار دیناری چاپ دەکات

ليست هناك تعليقات



سەرکۆ یونس

بانکی ناوەندی ئێراق بەرەو دەرکردنی یەکەیەکی نوێی دراوی ناوخۆیی هەنگاو دەنێت بەمەبەستی زیاتر دەستاودەستکردنی دینار، ئەم هەنگاوە دوای دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دێت سەرەڕای هەڵاوسانی نرخەکان، ئەمەش جارێکی تر دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخەکان.

ئامانج لەم هەوڵە باشترکردنی ئەدای سیستەمی پارەدانی نەختینەیە لەوڵاتدا بەدراوە مامناوەندییەکان کەخزمەت بەخێرایی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات و ئاسانکاری بۆ یەکلاییکردنەوەی مامەڵەکان و شێوازەکانی پارەدان دەکات. ئەم هەنگاوە لەسەر زاری پارێزگاری بانکی ناوەندییەوە ئاشکرا ورایگەیەندرا، لەماوەی ئایندەدا چاپی 20 هەزار دیناری (13دۆلار)دەخەنە بازاڕەوە وکاری پێ دەکەن بەووتەی ناوبراو، ئەم هەوڵە دوای لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی پسپۆڕانی بانکی ناوەندی جێ بەجێ دەکرێت، بەتایبەت بەبەرارودی دراوی وڵاتانی ناوچەکە.

پسپۆڕانی ئابوری ودارایی تێبینی لەسەر ئەگەری چوونە ناو قۆناغێكی تری داڕمانی دراوی ئێراقی دەکەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، کەلە 2020 دا بەپلانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کەمکرایەوە. لە ماوەی ساڵانی دوای 2003دا، دیناری ئێراقی بە قۆناغی ناجێگیری قورسدا تێپەڕی کرد و بەهای ناوخۆیی و کاریگەریی بازاڕی لەدەستدا، هەروەها کەوتە بەرئەوەی کە دەتوانرێت بە "نیوە داڕمان" وەسف بکرێت لە 21ی کانوونی دووەمی 2020 کاتێک بانکی ناوەندی نرخی دراوی ناوخۆیی لە 1190 دینارەوە بۆ 1450 دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار کەمکردەوە بە ئامانجی باشتر بەڕێوەبردنی پارەدان و چارەسەرکردنی کورتهێنانی دارایی ونەختینەیی، بەتایبەت دوای ئەوەی حکومەتی ئێراق ناچار بوو قەرزی دەرەکی وناوخۆیی بکات بەمەبەستی دابینکردنی پارە بۆ پێدانی مووچە، هەروەها دینار بەهای دراوی ناوخۆیی لە بازاڕدا بەنزیکەی 22%ی بەهای پێشووی لەدەستدا.

لەزانستی دارایی ونەختینەدا پێویستە بەرامبەر دەرکردن وچاپکردنی دراو بەبەهای شمەکە گرانبەهاکانی وەک زێروزیو یان سەروەت وسامانی ناوخۆیی وبیانی دراو بەهادار بکرێت، بۆئەوەی خەڵک و وڵاتانی تر متمانە بەدراوەکە وبەهاکەی بکەن و مامەڵەی پێوە بکەن، بەڵام لەئێستادا ئاستی ئابوری وبەهێزی پێکەی ئابوری و سیاسی و تەنانەت سەربازی وڵات دەبنە پێوەر بۆدیاریکردنی ئاستی بەهای دراوەکان، بەداخەوە هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لەواقعی ئێستای ئێراقدا لاوازو بێهێزن، بەپێ ی ئەم ستاندارانە وبەبەراورد بەئابوری وڵاتانی ئیقلیمی هێشتا دیناری ئێراق بەهاکەی لەئاستێکی باشدایە وبەرزە.

ئاشکرایە ئابوری ئێراق، ئابورییەکی فشەڵە، پشتبەستن بەتاک سەرچاوەیی داهاتی نەوت هەمیشە ئابوری ئێراق دەخاتە بەرمەترسییەکان، بەتایبەت کاتێک نرخی نەوت دادەبەزێت بودجەی گشتی وڵات بەڕێژەی 90% لەسەر داهاتی نەوت وەستاوە، ئەمەش مەترسیدارە. لەلایەکی ترەوە، لەبەرئەوەی کەرتەکانی تری ئابوری ئێراق بەتایبەت کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی، لەنزمترین ئاستدان کاڵاوبەرهەمی ئەم کەرتانە توانای پڕکردنەوە و وەڵامدانەوەی خواستی گشتی ئێراق ناکەن، ناچار پەنا دەبرێتەبەر هاوردەکردن.

بەهۆی گەورەیی قەبارەی هاوردەکردنەوە کەڕێژەکەی زیاتر 90%ی سەرجەم پێداویستییەکان دەگرێتەوە، ئێراق ساڵانە بەملیار دۆلار زیانی دارایی بەر دەکەوێت، چونکە راستەوخۆ دراوی قورس دەبرێتە دەرەوەی وڵات بەگشتی وڵاتانی کەنداو و تورکیا وئێران،هەروەها جارێکی تر بەهۆی زۆری هاوردەکراوەکانەوە، کەرتە ئابورییە ستراتیژییەکانی وڵات زیاتر دادەڕمێن و بەرهەم کەمتر دەکات، لەم دواییانەدا بەهای دیناری ئێراقی بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و لەبازاڕدا کاردانەوەی لەسەر بەرزبونەوەی ئاستی گشتی نرخەکان دروستکرد.

دابەزینی بەهای دیناری ئێراقی بەرامبەر بە دۆلار کاردانەوەی بەرچاوی لێکەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبونەوەی نرخی زۆربەی کەرەستە و خزمەتگوزارییەکانی بەکاربەر و هاوڵاتیان بەتایبەتی بەڕێژەی زیاتر لە 45% بەپێی خەمڵاندنە ئابوورییەکان، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبونەوەی خۆشگوزەرانی ئابووری دراوی ناوخۆیی بەرامبەر بە دراوەکانی تر و دۆلار بە تایبەتی. لەلایەنە باشەکانی دەرکردنی یەکەی 20هەزار دیناری، ئاسانکاری نەرمی و سیولەی زیاتر لەلای تاک و دەستەو بانکە بازرگانییەکان دەکات، هەروەها بۆ هەڵگرتن وگواستنەوە و پاشەکەوتکردن لەلای تاک وخێزانەکان گونجاو ولەبارە، بەڵام ئەوەشمان لەبیرنەجێت، چاپکردنی یەکە نوێ یەکەی دینار تێچونی دەوێت، کەبێ گومان لەدەرەوەی وڵات چاپدەکرێت، بانکی ناوەندی پێویستە کۆی تێچوونی چاپکردنەکە بگرێتە ئەستۆ.

لەڕووی ئابوری و نەختینەییەوە، زۆر گرنگە خستنەبازاڕی ئەم چاپە لەیەکەی دینار بەشێوەی بچوک بچوک و قەبارەی کەم بخرێتە ناو بازارەوە، بەماوەی جیاواز کەلەیەک نزیک نەبن، بۆئەوەی کاریگەری لەسەر هەڵاوسان کەمبێت و دراوەکە بەشێوەیەکی گشتی متمانە لەدەست نەدات. هەرچەندە لەڕووی ئابوری وداراییەوە باشتر بوو بانکی ناوەندی یەکەی دراوی بەها بچوکی وەک 150 و 100 دیناری چاپبکردایە، بەڵام بەهۆی لاوازی ئابوری ئێراق و بەرزی ئاستی هەڵاوسان، شمەک وکاڵای بە نرخی کەم بوونیان لەبازاڕدا نەماوە ومامەڵەکردن بەووردە لەئێراقدا کاری پێ ناکرێت.

قەبارەی نەختینەیی دینار، لەئاستێکی بەرزدایە وئەگەری هەیە نزیکەی 70 ترلیۆن دینار لەسەرجەم یەکەکان چاپ بکرێتەوە. بێ گومان ئەمەش جارێکی تر یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزترکردنەوەی ئاستی گشتی نرخەکان ودەستاودەستکردنی پارە زۆر دەبێت و مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت کەدراوەکە بەها ومتمانە لەدەست بدات، چونکە گەورەبوونی قەبارەی نەختینەیی هەر دراوێک بەبێ پاڵپشتی ئابورییەکی بەهێز و سیاسەتی نەختینەیی گونجاو ئەستەمە بتوانرێت بەردەوام بێت بەبەهای بەرزو متمانەی بەرز.

سەرجەم یەکەکانی دیناری ئێراقی کەلەدوای 2003 ەوە چاپکراون بەم شێوەیەن:

250 دینار یەکسانە بە 17 سەنت.

500 دینار یەکسانە بە 34 سەنت.

1000 دینار یەکسانە بە 68 سەنت.

5000 دینار یەکسانە بە 3.5 دۆلار.

10000 دینار یەکسانە بە 6.8 دۆلار.

25000 دینار یەکسانە بە 17 دۆلار.

50000 دینار یەکسانە بە 33 دۆلار.

هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی گرنگ لە ئێراق هەمان کێشەو قەیرانی هەیە هەرگۆڕانکاریەک لەبەهای دیناردا ڕووبدات ڕاستەوخۆ لەئابوری و بازاڕەکانی هەرێمیشدا ڕەنگدەداتەوە بەبەرزبونەوە یان بەدابەزین.

هیوادارین چاپکردنی یەکەی 20 هەزاری دیناری کاریگەری پۆزەتیڤی بەرچاوی هەبێت لەسەر ئابوری و دارایی و نەختینەیی ئێراق، نەبێتەهۆی دابەزینی بەهاکەی، لەهەمانکاتدا هەنگاوێک بێت بەئاراستەی پەرەپێدانی ئابوری و کەرتەکانی.

*ئابوریناس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق