بەرهەم ساڵح، سیاسییە تەنیاکەی ناو یەکێتی!

ليست هناك تعليقات



بە درێژایی مێژووی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان هیچ سیاسییەک بە ئەندازەی بەرهەم ساڵح تەنیا و بێ پشتیوان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ وەک خوێنەوارترین سەرکردەی ئەو حیزبە هەژمار بکرێ.

بەرھەم ئەحمەد ساڵح، لە ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦٢ لە سلێمانی لەدایکبووە، لە خوێندنی ئامادەیی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی هەرێم و پلەی سێهەمی لە ئاستی عێراق بەدەستهێناوە

ساڵی ١٩٨٣ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازی لە زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا بەدەستھێناوە.

ساڵی ١٩٨٧ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئامار و پراکتیزەی کۆمپیوتەر لە ئەندازیاریی گشتی لە زانکۆی لیڤەرپوڵ لە بەریتانیا بەدەستهێناوە.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە چالاکییە سیاسییەکانی دەست پێ کردووە، لە یەکەم کۆنگرەی ئاشکرای یەکێتیدا کە لە ١٩٩٢ بەسترا بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە و هەر ئەو کات ئەرکی بەڕێوەبردنی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی پێ سپێردراوە.

متمانە پێکراوێکی بەهێزی جەلال تاڵەبانی بووە، تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بوو پشتیوانییەکی بەهێزی بەرهەم ساڵحی دەکرد.

بە پشتیوانی جەلال تاڵەبانی بووە جێگری دووەمی سکرتێری حیزب و بەردەوام راوێژی پێ دەکرد.

رۆڵی گەورەی هەبوو لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمریکا و بەریتانیا.

ساڵی ٢٠٠٩ لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتییدا بۆ ماوەی دوو سال بووە سەرۆکی حکوومەتی یەکگرتووی پارتی و یەکێتی.

بەرهەم ساڵح لەناو حیزبەکەیدا دژایەتیەکی زۆر دەکرا، ناکۆکی گەورەی لەگەڵ ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد هەبوو.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی بە سەرۆک وەزیران بودجەی بەشێک لەو دەزگا حیزبیانی بڕی کە لە حکوومەتەوە پارەیان بۆ دەڕۆیشت لەوانە دەزگای خاکی سەر بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمە، ئەوەش ناکۆکییەکانی لەگەڵ ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد توندتر کردەوە.

لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێم بوو کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەی ئەنجامدا، لەوانە بۆ یەکەمجار سیستمی دامەزراندنی لە رێگەی فۆڕم و خاڵبەندییەوە دانا کە بەهۆیەوە هەزاران دەرچووی زانکۆ بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دامەزران.

بۆ یەکەمجار پڕۆژە یاسای بودجەی حکوومەتی هەرێمی بردە پەرلەمانی کوردستان، سیستمی توانا سازی بۆ ناردنە دەرەوەی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا بۆ دەرەوەی وڵات دانا، پێشینەی هاوسەرگیری لە ملیۆنێک دینارەوە بۆ پێنج ملیۆن بەرزکردەوە، پێشینەی خانوبەری گەیاندە ٢٥ ملیۆن دینار، پڕۆژەی قەرزی بچووکی بۆ گەنجان دامەزراند. گەورەترین کەمپی لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ زانکۆی سلێمانی بنیاتنا.

لەسەردەمی کابیینەکەی بەرهەم ساڵحدا حیزبەکان کە بڕەپارەیەکی گەورەیان لە حکوومەتەوە وەردەگرت یاسایەکی تایبەتیان بۆ دەرچوو کە نابێت ئەو بڕەی وەری دەگرن لە سەدا ١ی کۆی بودجەی حکوومەتی هەرێم تێپەڕێنێت.

لە پاڵ ئەماندا تەوای حیزبەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە دژایەتییان دەکرد، تەنانەت حزبەکەی خۆشی دژایەتییەکی گەورەی دەکرد، خۆپیشاندانەکانی مانگی شوباتی ٢٠١١ لەسەردەمی ئەودا دەستیان پێ کرد، لە کاتێکدا دۆخ و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی باشیدا بوو.

بەرهەم ساڵح لە دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە، ئەوەندەی دیکە بێ پشتیوان مایەوە، پێش دەرچوونی لە ناو یەکێتی لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەم ناوەندی بڕیاری یەکێتییان پێکهێنا بەڵام دواتر هاوڕێکانی پشتیان لێ کرد و پشتیوانیان نەکرد هەر بۆیە ئەو هەنگاوەش شکستی هێنا.

لەگەڵ بەشێک لە ئیسلامییەکان ناو کۆمەڵ و یەکگرتوو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی پێکهێنا، بەڵام بەهۆی لەلایەک ئەو فشارە زۆرانەی لەسەر دامەزراندنی حزبەکەی لەسەری دروستکرابوون و لەلایەکی دیکە نەبوونی متمانە بەوانەی لەگەڵی بوون نەیتوانی لەو حیزبەدا بمێنێتەوە و بە بەڵێنی پۆستی سەرۆک کۆمار گەڕایەوە ناو یەکێتی.

پێش گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی بەهۆی پرسیاری هاووڵاتیەک لەناو بازاڕی شاری سلێمانی کە باسی لەئەگەری گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی دەکرد، بۆ هەمیشە ژیانی سیاسی لە ناو دەرەوەی یەکێتی کۆتایی پێ هێنا.

پاش گەڕانەوەی بە ململانێیەکی زۆر و بە پشتیوانی بەشێک لە سەرکردەکانی ناو یەکێتی توانی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت و شکست بە کاندیدی پارتی و بە دیاریکراوی مەسعود بارزانی بهێنێت.

بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی رێککەوتنێکی ژێر بە ژێر و نەبوونی پشتیوانی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا بەرانبەر بە کاندیدێکی سەربەخۆ و پەسەندکراوی پارتی شکستی هێنا و جارێکی دیکە تەنیا بوونی دەرکەوتەوە.

رێبوار ئەحمەد

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif