جۆ بایدن: پێویستە ئێران کۆتایی بە تووندوتیژی دژی هاووڵاتییانی خۆی بهێنێت

ليست هناك تعليقات


جۆ بایدن پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی ئێران کرد و داوایکرد بە زووترین کات تووندوتیژی دژی هاونیشتمانییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتییان لە ئێران بووەستێنێت. هاوکات ئاماژەی بە مەرگی گوماناویی ژینا ئەمینی کرد و گوتی، هۆکاری مردنی ژینا ئەمینی "سەری سوڕماندووم" و پێویستە ژنان لە پۆشینی جلوبەرگیان ئازاد بن.

رۆژی هەینی، 14-10-2022، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە زانکۆیەکی ویلایەتی کالیفۆرنیا قسەی کرد و گوتی: "دەمەوێت ئەوە بزانن ئێمە لە پشت هاووڵاتییانین؛ لە پشت ژنە ئازاکانی ئێرانین". گوتەکانی جۆ بایدن بۆ ژمارەیەک خوێندکار بوو کە دژی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرامبەر هاونیشتمانییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتییان لە ئێران کۆببوونەوە و درووشمی "ئێران ئازادبکەن"یان دەگوتەوە.

جۆ بایدن گوتیشی، سەری سوڕماوە کە مردنی گوماناویی ژینا ئەمینی توانیویەتی چی ناڕەزایەتییەک لە ئێران دروستبکات.

خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوای مردنی گوماناویی ژینا ئەمینی لە تاران، لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەریانهەڵدا. ژینا ئەمینی لە 13ی ئەیلوول لە تارانی پایتەختی ئێران "بەهۆکاری نەگونجاویی جلوبەرگەکەی" لەلایەن "پۆلیسی رەوشتەوە " دەستگیرکرا و بە گوتەی شاهێدحاڵان، ئازاری دراوە و دوای سێ رۆژ گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو ئێستا 144 هاووڵاتیی سڤیل لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون کە لانیکەم 23یان منداڵ و مێرمنداڵن. رێکخراوەکە دەڵێت، حکومەتی ئێران دەستی بە سەرکوتکاریی هەڕەمەکی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جۆ بایدن گوتی، مافی ژنان لە جیهاندا بە چەندین شێواز پێشێل دەکرێت، بەڵام لەبارەی ئازادیی پۆشینی جلوبەرگیشەوە گوتی: "بۆ خاتری خودا، دەبێت بە دڵی خۆیان جل لەبەربکەن".

دەقی گوتەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا:

"ژنان لەسەرتاسەری جیهان بەشێوازی جیاواز سەرکوت دەکرێن، بەڵام بۆ خاتری خودا پێویستە هەرچییەک حەزیان لێبێت لەبەری بکەن. نابێت هیچ کەسێک پێیان بڵێت چی لەبەر بکەن. ئێران تووندوتیژی دژی خەڵکی خۆی بەکارهێناوە کە تەنیا مافە بنچینەییەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن. من ماوەیەکی درێژە سەرقاڵی سیاسەتی دەرەوەم، بەڵام مردنی مەهسا ئەمینی تووشی سەرسوڕمانی کردم. هەربۆیە بەهۆیەوە دۆخێک لە ئێران سەریهەڵداوە کە بڕواناکەم بەم نزیکانە دابمرکێتەوە؛ دەمەوێ سوپاسی هەمووتان بکەم کە دەنگتان هەڵدەبڕن؛ دەمەوێ سوپاسی کۆمەڵگەی فارسی ئێرە بکەم کە دەنگیان هەڵبڕیوە و دەستیان بە پرسەکەیانەوە گرتووە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif