مرۆڤی کەوتوو، مرۆڤی بێ مۆراڵ

ليست هناك تعليقات


فارس نەوڕۆڵی
-
خودا کە مرۆڤی دروست کرد بۆ ئەوە بوو جیهان ئاوەدان بکاتەوە و لەتەک جوانیەکانی سروشتدا ئاوێتە بێت، تا بەڕێزی مرۆڤ و جوانیەکانی سروشت جیهانێکی جوان و ڕەنگا و ڕەنگ و پێکەوە هەڵکردن دروست بکەن

کۆمەڵگای کوردستان وەک بەشێکی بچوک لە جیهانی گەورە جگە لەوەی نەتەوەیەکی داگیرکراوە لەهەمانکاتدا تاکەکانی هەڵگری دەیان نەخۆشی سیاسی و کۆمەڵایەتین، هەر بۆیە هەمیشە کۆمەڵگایەکی ناجێگیر تاکێکی ناجێگیری بەرهەمهێناوە.

لە زۆر کاتدا لە دۆخی سروشتیدایە ناتوانێ بێتە دۆخی مەدەنی هەر بۆیە هۆبز وتەنی (گورگن بۆ گیانی یەکتری)، هەمیشە بەگومان و ترسەوە مامەڵە لەتەک یەک دەکەین! لەبەرئەوەی تاکی کۆمەڵگای کوردی لە بری ئەوەی لە خەمی پەروەردەکرنی خۆی دابێت سەرقاڵی تێکدانی ژیانی ئەوانی دیکەیە.

بۆیە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ژینگەی کار پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێ، چونکە ژینگەی کار کاتێک لە گوێ گرتن لە یەکدی گۆڕا بۆ گومان کردن لەیەکدی وا دەکات تاک خەڵوەت و بێ دەنگی هەڵبژێرێ، چونکە سەلامەتی دەروونی لەبار نیە، ئەمەش لە ئەنجامی نەخۆشی بەشێک لە مرۆڤەکان وکەوتنی ئەخلاقی مرۆڤەکانەوەیە (ئەخلاق بە پێناسە کوردییەکەی نا چونکە پێناسە کوردییەکە بۆ ئەخلاق تەنها خوارەوەی ناوکی مرۆڤە)!

ئەو فەزایە دەخولقێنێ لێرەوە جیاوازی کۆمەڵگای پێشکەوتوو، مەدەنی، تەندروست، کۆمەڵگای نەخۆش و کەوتوو دەردەکەوێت. (لە کۆمەڵگای تەندروستدا کاتێک مرۆڤێک توشی لەرزینێک دەبێت، یان گەمارۆ دەدرێت هەمووان دەستی دەگرن بۆ هەستانەوە، بەڵام لە کۆمەڵگای شێواودا چونکە تاکەکانی نەخۆشن لەهەوڵی ئەوەدان زیاتر هاونیشتیمانییەکەیان بشکێنن، ئەمەیە جیاوازی کۆمەڵگای نەخۆش و کۆمەڵگای تەندروست، ئەمەیە جیاوازی مرۆڤی مەرد و مرۆڤی نامەرد).



کەواتە دەتوانین مرۆڤە کەوتوو، نەخۆش و بێ مۆراڵەکان لەچەند خاڵێکدا نیشان بدەین:

١. مرۆڤە کەوتوو و نەخۆش و بێ مۆراڵەکان ئەو کەسانەن کە خۆیان نین و ناتوانن خۆیان بن، هەمیشە ئامادەن یان حەزیان لەوەیە کەسێکی دیکە قورمیشیان بکات.

٢. ئەو مرۆڤانەن بیر ناکەنەوە و بیریان بۆدەکرێتەوە کە چی بکەن.

٣. ئەو مرۆڤانەن هیچ ڕوئیایەکیان بۆ ژیان نیە.

٤. ئەو مرۆڤانەن وا لەئەرکی مرۆڤ تێگەیشتون کە بلەوەڕێ نەک پێکەوە بژین. لەکاتێکدا خودا مرۆڤی خەلق کرد بۆ ئەوەی پێکەوە بژین، بەڵام کاتێک مرۆڤ وا تێگەیشت کە پێکەوە بلەوەڕێن ئیتر لەپێناو لەوەڕەکەیدا هەموو سنورەکانی مرۆڤ بوون دەشکێنێ.

٥. مرۆڤە بێ مۆراڵەکان ئەوانەن هەمیشە سەرکەوتنی خۆی لە کەوتنی نزیکەکانی خۆی و ئەوانی دیکەدا دەبینێت.

٦. ئەوانەن بە دەگمەن دەتوانن ڕاستگۆ بن.

٧.مرۆڤی نەخۆش و کەوتوو ئەوانەن هەرگیز ناڵێن نا، هەمیشە بۆ هەموو دۆخێک بەڵێ حازرە ئەمەش کارەساتی نەتەوەی بەدبەختە.

٨. ئەو مرۆڤانە لە جەهلدا دەژین، جەهل بەو مانایە نا هیچ نازانن یان هیچ زانیارییەکیان نییە، بەڵکو بەو مانایەی بەسیرەتیان نییە .

٩. مرۆڤی بچوک و نەخۆش ئەو مرۆڤانەن تا کاری بەکەسێک هەبێت زۆر بچوک خۆی نیشان دەدا کە کاری نەما!

١٠ئەوانەن هیچ لە مانای هاوڕێیەتی تێناگەن هەر ئەوەندە هاوڕێن تا بەرژەوەندی هەیە.

١١.مرۆڤی بێ مۆراڵ ڕۆبۆتە بەرمەجە دەکرێ هیچ پرنسیپێکی بەلاوە گرنگ نیە.

١٢ . مرۆڤی نەخۆش و بێ مۆراڵ ئینتیمای بۆ هیچ شتێک نیە ئینتیمای بۆ دەرەوەی حەوشەی ماڵەکەی خۆی نیە، خۆی بلەوەڕێ ئیتر خودا دەیکرد دنیا خراپ دەبوو.

١٣.مرۆڤی بێ مۆراڵ مرۆڤە فرە ڕوەکانن.

پێناسەی دیکە زۆرن، بەڵام لە (١٣) پێناسەدا ڕای دەگرین. کە لەڕاستیدا مرۆڤ بۆ ئەوە نەخولقاوە بەتایبەتی نەتەوەیەکی هەلا هەلای وەک کورد، دەبوو جیاواز لەنەتەوە سەردەستەکان ئێمە یەکمان خۆش بویستایە، وڵاتمان خۆش بویستایە و دەستی یەکمان بگرتایە. مینەکانی ڕێگای یەکمان پوچەڵ بکردایەتەوە، کارمان بۆ جوانترکردنی ژیان بکردایە، بەڵام دیارە ئەمە دەردێکی مێژووییە لەسەرئاستی تاک و لەسەرئاستی گشتی.مللەتی وەک ئێمە دژ بەیەک لە 

#ئەزمونی مرۆڤایەتیدا کەم وێنەیە، هەر بۆیە (خانم مسپێڵ) موستەشریقی بەریتانی لەسەدەی (١٩)دا لەڕاپۆرتێکدا بۆحکومەتی بەریتانیا دەنوسێ (کوردەکان بەقەد شەیتان ڕقیان لەیەکترییە)! بۆیە ئەوە حاڵمانە. خودا پەنا بەتۆ دەگرم لە ڕیزی مرۆڤە بێ مۆراڵەکان نەبم بمرم و هەرگیز خۆم لەوێدا نەبینمەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif