ئاگربەستی فشەڵ و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانی قەیرانی عێراق

ليست هناك تعليقات


یاسین تەها
-
پێکدادانی خوێناوی کۆتایی ئاب لە ناوچەی سەوزی بەغدا لەنێوان سەدرییەکان و هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی حەشد بە نزیکەی 50 کوژراوەوە کۆتایی هات، بەڵام پێشهاتە سیاسییەکانی پاش ئەو گرژییە ئەمنییە، دەریدەخەن کە ئەوەی روویدا زیاتر لە گەڕێکی پێکدادان دەچێت کە هەردوو لایەنی قەیرانەکەی بە ئاراستەی قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکاندا بردووە تاوەکو ئەوەی پەندی لێ وەربگرن و بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن.

وەستانی پێکدادانەکانی ناوچەی سەوز (29_30 ئابی 2022)، لەسەر بنەمای هیچ رێککەوتنێکی سیاسی و تەنانەت لێکتێگەیشتنی ئەمنی و سەربازیش نەبوو کە قۆناخی پاش ئەو شەڕە خوێناوییە ئاراستە بکات، ئەمەش کتومت لە سەرەتای هەڵگیرساندنی دەچێت کە لە پڕ و بەهۆی پەرەسەندنی رەوتی ناڕەزایی و مانگرتنی سەدرییەکان و پاشان بڕیاری لەناکاوی وازهێنانی سەدر لە سیاسەت وەک یەکەم کاردانەوەی خێرا بۆ بڕیاری مامۆستاکەی لە بارەی وازهێنانی لە کاری مەرجەعیەت و رێبەرایەتی کردنی ئایینی.

لەو کاتەی خۆپێشاندەرانی سەدر چوونە سەر کۆشکە هەستیارەکانی ناوچەی سەوز و نزیک بوونەوە لە ماڵ و بارەگا سەرەکییەکانی مالیکی و خەزعەلی، پاسەوان و چەکدارەکان بەتووندی لێیان هاتنە دەست، ئەوانیش بۆ پاراستنی خۆیان و هەروەها بۆ پێشڕەوی زیاتر، چەکی خۆیان هێنا و بەم هۆیەشەوە شەڕێکی دەستە و یەخە هەڵگیرسا، بەڵام تەق و تۆقی شەوی درێژی پێکدادانەکان زۆر لایەنی هێنایە سەر هێڵ، چونکە لە لایەک مەترسی لەسەر باڵیۆزخانە و بنکە و بارەگا بیانییەکان دروست بوو، لە لایەکی دیكە پێکهاتەی شیعە لە ئەگەری خزان بۆ شەڕێکی گشتگیری درێژخایەن نزیک بووەوە، ئەمەش بۆ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان و جەمسەرە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە دۆسیەی عێراقی، جێگەی بێدەنگی لێکردن نییە، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا سەدر تێگەیشت کە ژمارەی قوربانییەکانی رەوتەکەی بەردەوام لە هەڵکشاندایە و تەرازووی هێز لارە و شەڕەکە نابەرامبەرە.

بە پێچەوانەی شەقامەوە، لە بەرەنگاربوونەوەی چەکداریدا تای تەرازوو بەلای سەدردا ناشکێتەوە، چونکە راستە رەوتەکەی خاوەن "سەرایا سەلام" و جەنگاوەرە دێرینەکانی "جەیشی مەهدی" یە، بەڵام توانای ئەمانە ناگەنە توانای ئەو کۆمەڵە گرووپە چەکدارەی کە لەژێر چەتر و ناوی حەشدی شەعبیدا هەرچی چەکی کوشندە و پێگەی ستراتیژی ناو بەغدا هەیە بەدەستیانەوەیە. لە پێکدادانەکانیشدا دامەزراوەی حەشدی شەعبی سەلماندیان ئەوان پارێزەری "سیستەمی سیاسی 2003" و بەرژەوەندییەکانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی"ن، لەکاتێکدا نزیکەی هەشت ساڵ بەر لەوە، هەموو هەوڵەکانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی وێنەی دامەزراوەکەیان بوو وەک قەوارەیەکی ئەمنی نیشتمانی کە "سەر بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە".

ئاگربەستی ئێستا لەژێر سێ کارتێکەردایە کە یەکەمیان هێزەکانی گوشارن (سیستانی لە نەجەف و تاران لە دوورەوە)، دووەمیشیان مەیدانە سەربازییە لاسەنگەکەیە، سێیەمیش هاتنە پێشەوەی زیارەتی "چلەی ئیمام حوسێن" ە کە بۆنەیەکی گرنگ و جومگەیی و رووحی شیعەکانە لە سەرانسەری دنیادا. هەر کاتیش دوو لەمپەرەکەی دوایی گۆڕانی بەسەردا بێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئەوە هەموو کات ئەگەری "پێکدادانی سنووردار" و بەریەککەوتنی سنووردار کراوەیە، وەک ئەوەی چەند کاتژێرێک پاش کشانەوەی سەدرییەکان لە بەغدا لە نێوان چەکدارەکانی سەدر و عەسائیبدا لە دەوروبەری کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی شاری بەسرە روویدا.

لەم چەند ساڵەی دواییدا هیچ کات وەک ئێستا سەدرییەکان هەستیان بە دڵشکان نەکردووە، چونکە جگە لەوەی بەتەنیا رووبەڕوون لەگەڵ هەموو هێزە کاریگەر و خاوەن دەسەڵاتەکانی شیعەدا، پێیانوایە لەلایەن ئێرانیشەوە بە ناچارکردنی ئایەتوڵڵا حائیری بە وازهێنان تووشی پیلانگێڕییەکی ئایینی و مەزهەبی بوون و رێبەرەکەیان گەمارۆ دراوە، لەڕووی زیان و لێکەوتەی پێکدادانەکانیشەوە ژمارەی قوربانی سەدرییەکان چەند قاتی ئەوانەی رکابەرەکانیانە، بەر لەوەش دەستیان لە پەرلەمان بڕا و بە خێرایی کورسییەکانیان پڕکرایەوە. ئەمانەش بەسن بۆ گرژترکردنی بارودۆخەكە و هەوێنی رق و زەوینەی چەند گەڕێکی دیکەی تۆڵەسەندنەوەن. لە بەرامبەریشدا هەرچەندە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە سەدریان لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا قەتیس کردووە، کەچی ئەوانیش هێشتا هەر کاریان لەبەر ناڕوات و نە حکومەت بەدەست ئەوانە، نە پەرلەمانیش کارایە تاوەکو زۆرینە نوێیەکەیان پاش کشانەوەی سەدر، بە سوود بگەڕێتەوە بۆیان و پەلەیانە بۆ ئەوەی هەندێک لە ئامانجەکانیان بەدیبێنن.

تاوەکو "زیارەتی چلە" کۆتایی دێت پاش دوو هەفتەی دیكە، دۆخی گرژی شیعەکان بە ئەگەری زۆر هەر بە شەڕی سارد دەمێنێتەوە، بەڵام لە دوای ئەوە تۆنی گوتاری رکابەرەکانی سەدر و راگەیێندراوەکانی ئەم دواییەیان ئاماژە بە گەڕێکی نوێی بەریەککەوتن دەکەن، چونکە ئەوکاتەی دەست بۆ پێکهێنانی حکومەتی دڵخوازی خۆیان دەبەن. جارێکی دیكە برینی کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان و مانەوەیان بە دەستی بەتاڵ لە پرۆسە سیاسییەکەدا دەست بە ئازار و کولانەوە دەکات و ، ئەوکاتیش چاری دیكەیان نابێت جگە لە گەڕانەوە بۆ شەقام و پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی رکابەرەکانیان.

چارەسەری گونجاو بۆ ئەم بارگرژییەی دوایی لە دانایی هەوڵی رازیکردنی سەدردایە، ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هێشتنەوەی مستەفا کازمی یان دروستکردنی حکومەتێکی تەمەن 12_18 مانگ کە ئەرکی تێپەڕاندنی بودجە و ئامادەکاریی هەڵبژاردنی نوێ بێت دەكرێت، بەبێ ئەوەی پەرلەمان گۆڕانکاریی گەورە لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنەکەیدا بکات، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەوەیە ئێستا رکابەرانی سەدر لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، خۆیان بە براوە دەزانن و بە کەڵکوەرگرتن لە پێشهاتەکانی ئەم دواییە، دەیانەوێت زیاتر گۆشەگیری بکەن، ئەمەش بە واتای کار و کاردانەوەی زیاتر دێت، ئەگەر پێشهاتێکی خێرا و چاوەڕواننەكراو ئەم ئاراستەیە بەرەو لانیکەمی لێکتێگەیشتن و سازانێک نەبات کە ماوەیەکی دیكە ناکۆکییەکان دوابخات.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif