رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بۆچی کارا ناکرێتەوە؟

ليست هناك تعليقات



ئێران و ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە دانوستاندنەکانی کاراکردنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکە، جارێکی دیکە گەیشتوونەتە بنبەست؛ ئەگەر لە ماوەی پێشوودا بە ئاراستەی نزیکبوونەوە لە کاراکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەنگاویان نابێت، ئێستا هاوکێشەکان پێچەوانە بوونەتەوە و هەریەک لە ئێران و وڵاتانی بەشدار لە دانوستاندنەکان یەکدی بە پاشەکشەپێکردنی گفتوگۆکان و پێشکێشکردنی مەرجی "نابونیاتنەر" تۆمەتبار دەکەن.
 
لە سەرەتای مانگی ئابدا، یەكێتیی ئەوروپا دەستپێشخەرییەکی خستەڕوو بۆئەوەی ئەمریکا و ئێران لێکنزیک بکاتەوە و رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران کارا بکەنەوە، بەڵام هەریەکە لە ئەمریکا، کە لە ساڵی 2018دا تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و بووە هۆی پەککەوتنی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران، کە دەستبەرداری پابەندییەکانی بوو؛ مەرج بۆ پێشنیازەکەی یەكێتیی ئەوروپا زیاد دەکەن.
 
پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران چییە؟
 
لە ساڵی 2015دا ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە واژۆ کرد. وڵاتە بەشدارەکان بریتی بوون لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی 5+1 ناسراون. یەكێتیی ئەوروپاش بەشداریی لە رێککەوتنەکەدا کرد. رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 چووە واری جێبەجێکردنەوە.
 
رێککەوتنەکە بواری بە لابردنی سزاکان لەسەر ئێران دا لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ گەرەنتیکردنی ئەوەی تاران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات - شتێک کە هەمیشە رەتیکردووەتەوە بیەوێت بیکات.
 
بەڵام کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018 و دووبارە سەپاندنەوەی سزا ئابوورییە سەختەکان وایکرد ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری رێککەوتنەکە ببێت و لە بەرامبەریشدا پەرە بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بدات.
 
دانوستاندنەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە لە نیسانی 2021 دەستیانپێکرد، بەڵام لە مانگی ئاداری ئەمساڵ دانوستاندنەکانیش وەستان. دواجار، گفتوگۆکان بە ئامانجی زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رۆژی 4ـی ئاب لە ڤیەننا دەستیانپێکردەوە.
 
پێشنیازی یەکێتیی ئەوروپا و سەپاندنی مەرج
 
رۆژی 21ـی تەممووزی 2022 جۆزێب بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا دەقی رەشنووسێکی تایبەت به رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانی وەکو "دوا دەستپێشخەری" خستەڕوو و رایگەیاند، "ئەو دەستپێشخەرییە باشترین و میانڕەوترین چارەسەرە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی."
 
لە دەستپێشخەرییەکەی بۆرێلدا جۆرە گەرەنتییەک درایە ئێران کە سەرۆکەکانی داهاتووی ئەمریکا نەتوانن سەرجەم سزاکانی سەر ئێران بسەپێننەوە، تەنانەت ئەگەر هاوشێوەی ترەمپ لەو رێککەوتنە نوێیەی کە بڕیارە بکرێت، بکشێتەوە.
 
رەشنووسی دەقی کۆتایی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە دراوەتە دەستی نوێنەرانی وڵاتانی بەشداربووی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیەننا، کە رۆژی 8ـی ئابی ئەمساڵ بەرەو پایتەختی وڵاتەکانیان گەڕانەوە بۆ "تاوتوێکردن" و بڕیاردان لەسەری.
 
لەو کاتەوەی یەكێتیی ئەوروپا دەستپێشخەرییەکەی خستووەتەڕوو، هەریەکە لە ئەمریکا و ئێران تاوتوێیان کردووە و مەرج بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە زیاد دەکەن.
 
چوار مەرجەکەی ئێران چین کە ئەوروپای پەست کردووە؟
 
رۆژی 6ی ئەیلوولی 2022 ئێران جەختی لە چوار مەرج کردەوە بۆئەوەی دەستپێشخەرییەکەی یەكێتیی ئەوروپا پەسند بکات و لەگەڵ ئەمریکا دابنیشێت بۆئەوەی قسە لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە بکات. ئەوەش ناڕەزایی بەشێک لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیای بەدوای خۆیدا هێنا.
 
عەلی بەهادووری، گوتەبێژی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماریی ئێران رایگەیاند، "سەرۆککۆمار دەڵێت ئێمە داوای چوار بابەتمان کردووە و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو داوایانە."
 
ئەو چوار مەرجەی تاران داوای دەکات بریتین لە:
 
یەکەم: پێویستە واشنتن گەرەنتی بدات کە هیچ سەرۆکێکی دیکە لە داهاتوودا لە رێککەوتنەکە نەکشێتەوە، ئەوەش بۆئەوەی هەنگاوەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو دووبارە نەکرێنەوە، کە ساڵی 2018 تاکلایەنانە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای ئابووریی سەختی بەسەر ئێراندا سەپاند. ئەگەر ئەمریکا لە رێککەوتنەکە بکشێتەوە، رێگە بە ئێران بدرێت بە شێوەیەکی خێرا چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیاد بکات.
 
دووەم: دەبێت دڵنیایی بدرێت لەوەی سزاکان هەڵدەگیرێن، نەک تەنیا لەسەر کاخەز، بەڵکو بە شێوەیەکی کردەیی هەڵبگیرێن و رێگە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بدرێت بگەڕێنەوە ئێران و ئازادانە کار بکەن.
 
سێیەم: پێویستە ئەمریکا تۆمەتە سیاسییەکانی سەبارەت بە ئێران رابگرێت پێش ئەوەی رێککەوتنەکە کارا بکرێتەوە.
 
چوارەم: ئەگەر ئەمریکا لە رێککەوتنەکە چووە دەرەوە جارێکی دیکە سزای ئابووری و سیاسی بەسەر ئێراندا نەسەپێنێت.
 
دوایین شەڕی وەڵامدانەوە
 
دوای ئەو چوار مەرجەی ئێران، واشتنتن لەڕێگەی گوتەبێژی کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، بەو هەڵوێستەی ئێران لە گەیشتن بە رێککەوتن "هەنگاوێک چوونەتە دواوە."
 
رۆژی شەممە، 10ی ئەیلوولی 2022 هەریەکە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند دوا وەڵامی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی "هێزە ئەوروپییەکان سازشەکانیان سنووردار بکەن". هەرسێ وڵاتەکە ئاماژەشیان بەوە کردووە، جەختکردنەوەی ئێران لەو مەرجانە، "گومانی جیددییان" لەبارەی نیازەکانی تارانەوە سەبارەت بە کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە دروستکردووە.
 
ئەمەش وایکرد ئێران دەستبەجێ وەڵام بداتەوە و هەر رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەڕێگەی گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاند، ئەو راگەیێندراوەی هەرسێ وڵاتە ئەوروپییەکە "بونیاتنەرانە نییە و مایەی پەشیمانییە"، بەتایبەتییش وەکو خۆی دەڵێت، لە کاتێکدا کە دانوستاندنەکان و گۆڕینەوەی بیروڕاکان بەردەوامن "بۆئەوەی کۆتایی بە دانوستاندنەکان بهێندرێت."
 
ئێران داواشی لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، رۆڵێکی چالاکانەتر بگێڕن بۆئەوەی "چارەسەر بۆ ژمارەیەکی کەمی ناکۆکییەکان بدۆزنەوە لەبری ئەوەی رێگەچارەی دیپلۆماسی لەنێوببەن." هۆشداریشی دا لەوەی، ئەگەر وڵاتەکان بەو شێوەیە بەردەوام بن، دەبێت خۆیان بەرپرسیارێتیی ئەنجامەکەی لە ئەستۆ بگرن.
 
لە سەروو هەموویەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە کە "سزاکان نابنە هۆی دەستبەرداربوونمان لە بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییەکانمان."
 
لە دوایین کاردانەوەشدا، یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی هەڵوێستی هەرسێ وڵاتە ئەوروپییەکەی کرد. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل دژی کاراکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە.
 
ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن چی روودەدات؟
 
لە سەرەتای ساڵی 2021دا ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە. بەگوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی تاوەکو رێژەی 3.67% هەیە، بەڵام لەدوای ساڵی 2021 رێژەکەی گەیاندە 20% و دوای ئەوەش ئەو رێژەیە بۆ 60% بەرزکرایەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بۆ دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆمی، ئێران پێویستی بەوەیە کە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرز بکاتەوە.
 
رۆژی 2ی ئابی 2022 رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دا لەوەی ئێران بە شێوەیەکی "زۆر زۆر خێرا" لە پرسی ئەتۆمدا بەرەوپێشەوە دەڕوات و "لە بڕ و خواستدا" گەشە دەکات. ئەوەش وڵاتە زلهێزەکانی نیگەران کردووە.
 
هەرچی ئێرانە، رەتیدەکاتەوە خواستی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی هەبێت؛ بەڵام لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیادا، نیگەرانیی پێوە دیارە و باس لەوە دەکرێت کە "بەداخەوە ئێران بڕیاریداوە دەرفەتی دیپلۆماسی نەقۆزێتەوە و لەبری ئەوە بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی کە لە چوارچێوەی ئەتۆمیی سڤیلەوە چووەتە دەرەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی تاران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif