نونێز: لافاو دەهات و هەموو شتێکی لەگەڵ خۆیدا رادەماڵی

ليست هناك تعليقات


 باپیرانی ئەو لە ئیسپانیاوە روویانکردە ئۆرۆگوای لەپێناو ژیانێکی باشتردا، بەڵام لەدوای خۆیان منداڵ و نەوەکانیان لە برسێتییەکی تاقەتپڕوکێندا بەجێهێشت. 

داروین نونێز، کە لە کوخەکانی ئارتیخاسدا گەورەبووە، وەک زۆر ئەستێرە و یاریزانی گەورەی دیکەی دونیا، لە نێو برسێتی و قاتوقڕییەکی گەورەدا چاوی کردووەتەوە، ئەو خۆی گوتوویەتی سەدان شەو بە برسێتی دەچوومە نێو جێگاوە بۆ خەوتن، گەدەم ئازاری دەدام، بەڵام دەمزانی کەسێک هەیە لە ماڵەکەدا لە من برسیترە، ئەو کەسە دایکم بوو کە تۆزە خواردنەکەی ماڵەکەی دەدایە من و جۆنیۆری برام.
 
ماڵباتەکە لە باکووری ئۆرگوای دەژیان، سێلڤیا ریبیرۆی دایک، کڕیار و فرۆشیاری شووشەبەکارهاتووەکانی شیر و بیرە بوو، باوکی کرێکاری بیناسازی. بەڵام کرێکارییەکەی باوک، هەمیشە پارەی نەدەهێنایە ماڵەوە، چونکە کارێک بوو هەرگیز هەفتەیەک بەسەریەکەوە بەردەوام نەدەبوو، بۆیە ئەوەی دەبوو سەرچاوەی داهات بدۆزێتەوە بۆ ماڵەکە، دایک بوو، ئەو روویدەکردە ناوچە جیاوازەکانی ئارتیگاس و شووشەبەکارهاتووەکانی کۆدەکردەوە و دەیفرۆشتنەوە.
 
برسیەتی تاکە کێشەی خێزانەکەی نونێز نەبوو، ئەوان لە هەژارترین گەڕەکەکانی ئارتیگاس نیشتەجێبوون، ماڵەکەیان لەسەر کەندێک بوو کە لە پاش بارانی زۆر، دەبووە ئاوەڕۆی رووباری کواریم و ئیدی لەوێوە کارەساتنی لافاو هەموو رەنجی بەبەداچووی ماڵباتەکەی هێندەی دیکە بەبادا دەبرد.
 
نونێز دەڵێ، لافاو دەهات و هەموو شتێکی لەگەڵ خۆیدا رادەماڵی، تەنانەت بەبەرچاوی خۆمانەوە چەندین کەس دەبوونە قوربانیی لافاوەکان، ئەوکات ئیدی ژیان هیچ سۆزێکی بۆمان نەبوو، بە برسیەتی دەچوومە قوتابخانە و بۆ تێرکردنی گەدەم دەبوو خواردن لە هاوپۆلەکانم بسەنم. ئەو هەموو نەهامەتییانە رێگرنەبوون لەوەی ئەو دوای تۆپ بکەوێت و بەهۆیەوە ئەو ژیانە تاڵە لەبیربکات کە باڵی بەسەر ماڵ و خێزان و ناوچەکەیدا کێشابوو.
 
پیاوێکی ناوچەکە کە هەموو رۆژ تەماشای یاریکردنی منداڵانەی ناوچەکەی دەکرد، بووە فریادڕەس و دەستگیرۆکەری نونێز، ئەو بەردەوام هاوکاریی خێزانەکەی دەکرد و بووە ئەو راهێنەرەی کە ئامۆژگارییە سەرەتاییەکانی دونیای تۆپی پێی بەو دەدا. ئەو پیاوە لە ئەکادیمیای لالۆز کاریدەکرد و دەستگیرۆیی نونێزی کرد بۆ پەیوەندیکردن بە ئەکادیمیاکەوە کە لەوێ هەموو ژیانی ئەو بەتەواوی گۆڕا و بووە گەنجێکی دیکە، کاریگەر وگۆڵکەر.
 
ساڵی 2013 لە کاتێکدا نونێز لە ئەکادیمیای لالۆز سەرقاڵی یاریکردن بوو، خۆسێ پێرمۆدۆی ئەفسانە و بەهرەدۆزەرەوە چووە یاریگەوە و پاش بینینی تواناکانی نونێز، دەستبەجێ چووە لای دایک و باوکی و پێیگوتن کە دەیەوێ کوڕەکەیان بباتە مۆنتیڤیدۆی پایتەخت و ئەوکات نونێز تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بوو.
 
گۆڕانکارییەکە وەک سەراوژێربوونی تەواوی ژیان وابوو، ئەو خۆی گووتویەتی یەکەمجاربوو ژیان لە شارێکی وا گەورەدا ببینم. هەر ئەوەش وایکرد ئەو لە پایتەختی ئۆرگوای هەست بە تەنیاییەکی قووڵ بکات، هەر بۆیە زۆری پێنەچوو گەڕایەوە بۆ ناوچەکەی خۆی و پاش ساڵێک، جارێکی دیکە پەیوەندیکردەوە بە ئەکادیمیای یانەی پینارۆل، بەڵام ئەمجارەیان وەک گەنجێکی کامڵ و زیاتر پێگەیشتوو کە ئامادەبوو بەرگەی تەنیایی و ژیانێکی نوێ بگرێت و بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێت.
 
رۆژەکانی پینارۆل بۆ نونێز هەموویان ئەرخەوانی و بێ کێشە نەبوون، لە کاتێکدا ئەو دەگەیشتە لووتکەی یاریکردن و گۆڵ تۆمارکردن، پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بەرۆکیان گرت و ئەوەی لە تەمەنێکی زۆر درەنگتردا هەڕەشەیان لەسەر ژیانی رۆناڵدۆی دیاردە و رۆبێرتۆ باجیۆ کرد، ئەم لە تەمەنی 16 ساڵیدا تووشی بوو، هەر بۆیە ماوەی ساڵێک و نیو لە یاریکردن دوورکەوتەوە و نزیکبوو لەوەی بەیەکجاری ماڵئاوایی لە تۆپی پێ بکات. چونکە دەبوو کەسێک باوک و دایکە بەتەمەندا چووەکەی ئاگالێبێت و خۆراکی رۆژانەیان بۆ پەیدا بکات.
 
ئەوەی رێگریی لە وازهێنانی یەکجاریی داروین کرد، جۆنیۆری برای بوو کە ئەوکات هاوژیندار و منداڵێکیشی هەبوو. ئەو رۆژێک پەیوەندی بە داروینەوە کرد و پێیگوت تۆ نابێ واز لە یاری بهێنی، من کاردەکەم و ژیانی ماڵباتەکە لەسەر من، تۆ سەرقاڵی تۆپی پێیەکەی خۆت بە.
 
ئەو گەڕایەوە بۆ یاریکردن، هەرزوو نوشستیکی دیکە بەرۆکی گرت و پێکانێکی نوێ جارێکی دیکە دووریخستەوە، بەڵام بەسەر هەموو تەنگژەکاندا زاڵبوو، درەوشایەوە و وەک گەنجێکی برسی بۆ گۆڵکردن دەرکەوت، بەهرەدۆزەرەوەکانی یانەی ئالمێریا هەرزوو هەستیان پێکرد و گرێبەستێکیان بۆ ماوەی 5 ساڵ لەگەڵدا کرد، ئەو لە پارەی گرێبەستەکەی یەکەم کار کە کردی، کڕینی خانوویەکی باش و گەورەی ناوچەی ئارتێخاس بوو بۆ دایک و باوکی.. ئیدی لەوێوە گەشتی یانە ئیسپانییەکە، پاشان بێنفیکا و ئەمڕۆش لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەستیان پێکرد.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif