نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی 7 مانگدا دادەبەزێت

ليست هناك تعليقات


رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست دابەزی لەو کاتەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستیپێکردووە، هۆکارەکەشی ترسە لە دابەزینی خواست لەسەر نەوت و دابەزینی ئامارەکانی بازرگانیی چین.

رۆژی چوارشەممە 07-09-2022 نرخی نەوتی برێنت 4 دۆلار و 32 سەنت و بە رێژەی 4.66٪ دابەزی، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 88 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش نزمترین ئاستە لە دوای رۆژی 3ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ کاتێک نرخەکەی بۆ خوار 90 دۆلار دابەزی. نرخی نەوتی سووکی تێکساسیش 4 دۆلار و 25 سەنت و بە رێژەی 4.90٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 82 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش نزمترین ئاستی خۆیەتی لە رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە.

بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی نەوت زیاتر لە 7٪ـی بەهاکەی لەدەستداوە.

ستێفن برێنۆک، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای PVM دەڵێت: "ئاسۆی دابەزینی خواست بەهۆی سستیی ئابوورییەوە لە جیهانی رۆژئاوا نزیکبووەتەوە لەوەی ببێتە راستی، چونکە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و زیادکردنی نرخی سوودی بانکی کاریگەریی لەسەر ئاستی بەکاربردنی نەوت داناوە".

رۆژی سێشەممە 06-09-2022 کۆمپانیای فێچ، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە بازاڕە داراییەکان رایگەیاند، وەستاندنی هەناردەی گازی سرووشتی لەڕێگەی بۆریی نۆرد ستریم 1ـەوە ئەگەری سستیی ئابووری لە ناوچەی یۆرۆ زیادکردووە.

رۆژی پێنجشەممە بانکی ناوەندیی یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت بۆ دووەمجار لەمساڵدا نرخی سوودی بانکی زیاد بکات. هاوکات پێشبینی دەکرێت بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکاش لە کۆبوونەوەی رۆژی 21ـی ئەم مانگەدا هەمان هەنگاو بنێت.

هاوکات دابەزینی ئامارە ئابوورییەکانی چینیش بەهۆی رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا و سەپاندنی قەدەخەی نوێی هاتووچۆ هۆکارێکی دیکەی دابەزینە بەرچاوەکەی نرخی نەوت بوون. بەپێی ئاماری رۆژی چوارشەممەی گومرگەکانی چین، لە مانگی ئابدا هاوردەی نەوتی چین بە رێژەی 9.4٪ دابەزیوە بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی 2021.

لە مانگی ئابدا، هەناردەی چین بە رێژەی 7.1٪ زیادیکردووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2021 و لەو مانگەدا بە بەهای 314 ملیار و 92 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرا رێژەکە 12.8٪ زیاد بکات.

هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە ئینستیتیوتی نەوتی ئەمریکا ئاماری هەفتانەی نەوتی کۆگەکانی ئەمریکا بڵاودەکاتەوە؛ پێشبینی دەکرێت ئاستی کۆگەکانی نەوت لە ئەمریکا 733 هەزار بەرمیل کەمببێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق