فارس نەوڕۆڵی
-
نەتەوەی داگیرکراو بە بچوکترین جوڵەی داگیرکەرەکەی دەلەرزێ و هەمیشە لەبارە بۆ ترازان و ئاشوبی ناوخۆ، ئەوکاتەی ئینگلیزەکان هیندستانیان داگیر کردبوو هەرکات بیان ویستایە هیندیەکان بە کێشەی ناوخۆ سەرقاڵکەن، لەڕێی جیاوازییە ئاینیەکانەوە بەیەکیدا دەدان. بۆ نمونە گایەکیان دەکوشت و بە گاپەرستەکانیان دەوت: ئەوە کەسەکانی فڵان ئاین کوشتویەتی ئیتر ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی چەند ساڵێک توشی گرفتاری ناوخۆیان بکات.
چەند ڕۆژێکە لە ڕێگای میدیاکانەوە کۆمەڵگایان سەرقاڵ کردووە بە کێشەی (ژووری نوستن و سەرپۆشی ئافرەتان)! سەبارەت بە لەچککردن یا نەکردن، ئەوە پەیوەستە بە ئازادی هەر ئافرەتێکەوە هەرچۆن ئەوەی سەرپۆش یان لەچک دەپۆشێ ئازاد نیە لەوەی سوکایەتی بە کەسێک بکات، کە لەچک ناکات. لە هەمانکاتدا کەسێک لەچک ناکات بۆی نیە سوکایەتی بە لەچک بکات. چونکە هەر یەکێکیان هەتا ئەو جێگایە ئازادە، کە ئازادی ئەوی دیکە پێشێل نەکات هەتا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ژووری نوستنەکانەوە هەیە.
من ئەو یاسایەم نەخوێندۆتەوە بۆیە قسەم لەسەری نیە، بەڵام بە تێگەیشتنی من لە کۆمەڵگای کوردستان سایکۆلۆجیای تاکەکان، هەریەک لەژن و پیاو ئەگەر کێشەی ژووری نوستنیان بردە دەرەوە و خەڵکی دیکە پێی زانین، ئەوە لە هەڵوەشانەوە نزیک دەبنەوە. ئەوەی پێویستە بوترێ ئەوەیە ئێمە بە دەم دەیان دەردەوە گیرۆدە بوین، کەچی ڕامان دەکێشن بۆ کێشەیەک بۆ ئەوەی لە کێشە گەورەکان دورمانخەنەوە و بیرنەکەینەوە بۆ چارەسەری.
لە کاتێکدا ئێمە فەرهەنگمان پەروەردەمان، زمانمان و ئابوریمان لەژێر هەڕەشەدایە و نادادی گشتی خواردوینی، لە کاتێکدا لەسەرو بەندی ساڵیادی ڕیفراندۆم داین ڕامان دەکێشن بۆ ژووری نوستن و ختوکەدانی جیاوازی ئاینی بۆ ئەوەی هەتا بێ دنیای ئێمە لە یەکتر دووردەکەوێتە.
من لەتەک ئازادی مرۆڤەکاندام بێ جیاوازی ڕەگەز و ئاین، بەڵام هێنانی هەندێ چەمک لە کۆمەڵگایەکی دیکەوە بۆ کۆمەڵگای ئێمە، هیچ ڕۆشنایی ناخاتە سەر تاریکییەکان، بەڵکو لەبری ئارامی کۆمەڵایەتی، ئاشوبی حەشامات دروست دەکات. چونکە هەندێ کۆدی کۆمەڵایەتی هەیە بە هەراو هۆسە ناکرێتەوە بەڵکو پێویستی بە کات و بە هۆشیارییە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق