مەترسییەکانی دابەزینی نرخی نەوت

ليست هناك تعليقات


 
سەرکۆ یونس

دوای سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا و ئەوروپا، بۆ سەرکەرتی بانکی ودارایی و بازرگانی ڕووسیا، مۆسکۆ لەبەرامبەردا بەبیانووی لێچوون و نۆژەنکردنەوە لەبۆری سەرەکی غازی نۆرد ستریم1، هەناردەکردنی غازی بۆ ئەڵمانیا و بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپای وەستاندووە، بەم هەنگاوە نرخی غاز بەڕێژەی 30% بەرزبووەتەوە.

گرانبوونی نرخی غاز، بۆ بەرهەمهێنان و بەکاربردنی ماڵان لەئەوروپا، گەورەترین مەترسی ئەم زستانەی وڵاتانی ئەوروپایە

ئەم بابەتە و هەندێ هۆکاری تریش، بەهای یۆرۆی ئەوروپایان بۆ ئاستێکی نزم دابەزاندووە، کەمەترسی ئەوەی هەیە زیاتر داببەزێت بەرامبەر دراوەجیهانییەکان و دۆلاری ئەمەریکی بەتایبەتی، لەئێستادا $1 = 0.99 یۆرۆ.

ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە ناو بازاڕی نەوتی جیهانیەوە، ئەوا بێ گومان نرخی نەوت، ڕاستەوخۆ دادەبەزێت.

ئێران، جگەلە گەمارۆی دەیان ساڵە، لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا، چەندین سزای نوێ ی بەسەردا سەپێنرا، بەتایبەت سزای قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نەوتەکەی، کەپێشتر زیاتر لەملیۆن بەرمیل/ڕۆژانەی هەناردە دەکرد ولەم ڕێگەیەوە دۆلاری دەستدەکەوت.

لەپێش سزاکانی واشنتۆن و ڕۆژئاوا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەئێران نزیکەی 3.8 ملیۆن بەرمیل/ڕۆژانە بوو.

لەئێستادا دانوستاندنەکانی رۆژئاوا و ئێران، بەمەبەستی گەڕانەوەی تاران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێکەوتن، کۆبونەوەکانیان چر کراوەتەوە.

لەڕاستیدا، ئێران چەند پێویستی بەڕێکەوتن و لابردنی سزاکانە و لەهەمانکاتدا ئەمەریکاو ئەوروپا، زیاتر پێویستیان بەڕێکەوتن هەیە، بەتایبەت بۆ نەوت وغازی سروشتی، ئەم هەوڵانەی ڕۆژئاوا، زیاتر خۆی لەئامانجەئابورییەکانەوە دەبینێتەوە. بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی سزائابوری و بازرگانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەرکەرتی نەوتی ڕووسیا درا، ڕۆژئاوا دەیەوێت، لەڕێگای ئێرانەوە قەرەبووی کەمبونەوەی قەبارەی نەوت بکاتەوە و نرخ داببەزێنێت، بەڵام تا ئێستا لەکۆبونەوەکان، شتێکی ئەوتۆ بەدەستنەهاتووە.

لەماوەی ڕابردودا، ئۆپێک و وڵاتانی کەنداو بەگشتی و سعودیە بەتایبەتی دژی زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بوون، تەنانەت شا سەلمانی جێنیشینی سعودیە، بەئاشکرا داواکارییەکەی جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکای لەم بوارەوە ڕەتکردەوە.

لەدواین کۆبونەوەی ئۆپیک پڵەسدا، بڕیار درا، بەکەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنان بەبڕی 100هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بەم هەنگاوە نرخی نەوت بەڕێژەی 3% زیادی کرد.

هەڵاوسانی بازاڕ، بۆ سەرجەم کاڵاوشمەکەکان، قەیرانێکی گەورەی جیهانییە، لەم لایەنەوە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، پێیان باشە ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەم شێوەیە یان کەمتر بێت، بۆ ئەوەی بەداهاتی بەدەستهاتووی نەوت کە تاڕادەیەکی باش گەنجینەکانییان پڕبووەتەوە، بتوانن پێداویستی وڵاتەکانیان دابین بکەن بەگشتی و خۆراک و خواردەمەنی بەتایبەتی.

هەربۆیە هەر دابەزینێک لەنرخی نەوت، ڕاستەوخۆ دەبێتەهۆی کەمبونەوەو دابەزینی داهاتی وڵاتانی هەناردەکار، لەم ناوەندەدا عێراق و هەرێم، دەکەونە ژێر مەترسی ئەم کارەساتەوە.چونکە لەعێراقدا زیاتر لەڕێژەی 90% داهاتەکان، پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت.

هەرێمی کوردستانیش، بەپێ ی داتاکانی حکومەتی هەرێم، ڕۆژانە 420 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات، مانگانە بەتێکڕا نزیکەی 550 ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوتەوە دابین دەکرێت بۆ مووچەو خەرجییەکان، بەداخەوە بەهۆی زۆری تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوە و بەبازاڕکردن، تەنها ڕێژەی 49% داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم!

لەئێستادا وڵاتانی ئۆپێک پڵەس، نایانەوێت ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت زیاد بکەن، بۆئەوەی نرخی نەوت بەبەرزی بمێنێتەوە.

ئامانجەکان جیاوازو جۆراوجۆرن، ئامانجی ڕووسیا، لێدانە لەئابوری وڵاتانی بەکارهێنەری نەوت، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا بەتایبەتی، بێگومان وەک کاردانەوەی سزاکان.

بەڵام ئامانجی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت(ئۆپێک) بەدەستهێنانی داهاتی زیاترە بۆ بودجەی وڵاتەکانیان، تابتوانن لەم هەڵاوسانە قورسەدا، پارەی پێویست بۆ خەرجیەکانیان دابین بکەن.

ئەوەی لەئێستادا مەترسییە لەسەر دابەزینی نرخی نەوت، ڕێکەوتنی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، بەگەڕانەوە بۆ دانوستان وڕێکەوتن ولابردن و سووککردنی سزاکانی سەر تاران، بەتایبەتی لەهەناردەکردنی نەوتدا، ڕاستەوخۆ قەبارەی نەوت زیاد دەکات، بەمەش نرخی نەوت دادەبەزێت، چونکە ئێران نەوتێکی عەمبارکراوی زۆری هەیە، کەبەنزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت.

هەروەها دەتوانێت، زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل/ڕۆژانە، نەوت هەناردە بکات، بەمەش قەبارەی نەوت لەبازاڕەکاندا زیاد دەبێت و خستنەڕوو بەرەو زیاد بوون دەبات و نرخی نەوت دادەبەزێت.

ئەوەمان لەبیر نەچێت بەشێکی زۆری وڵاتان، لەپاش گرانبوونی غاز لەئێستادا بۆ بەکارهێنانی پیشەسازی و بەکاربردنی ماڵان ڕوویان لەنەوت کردووە، هەر ئەمەش یەکێک بووە لەهۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت.

ڕێگاچارەکانی کۆرۆناڤایرۆس لەچین، کەلەدوای ئەمەریکا بەدووەم بەکارهێنەری نەوت دادەنرێت، خواستی نەوتی زیاتر کرد.

ئەوەی پەیوەستە بەهەرێمەوە، مەترسییەکە گەورەترە، چونکە هەرێم، بۆ دابینکردنی خەرجی مووچە و کاروباری حکومەت، بەڕێژەی 88% پشتی بەداهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت. ئەگەر خوانەخواستە نرخی نەوت داببەزێت، ڕاستەوخۆ هەرێمی کوردستان، تووشی قەیرانێکی گەورەی دارایی دەبێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا پەیوەندی هەولێرو بەغدا، بەدۆخێکی خراپدا گوزرەر دەکات، ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا، کێشەی تێدایە و ئەستەمە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم، ئەو گوژمەیە وەک جاران بنێردرێت.

ئەوەی زیاتر بارگرانییەکە لەسەر خێزان ودانیشتوانی هەرێم قورستر دەکات، نەبوونی نەوتی سپی یە بۆ بەکاربردنی ڕۆژانەی ماڵان، دەتوانین بڵێن بۆ ئەم زستانە 90% خێزانەکانی هەرێم، نەوتی سپی پێویستیان نی یە.

نرخی بەرمیلی نەوتی سپی بۆ ماڵان، لەسەروو 250 هەزار دینارەوەیە، کەنرخەکەی بەرزە و هەموو خێزانێک ناتوانێت بەم نرخە، نەوتی پێویست دابین بکات، ڕەوشی کارەبای نیشتیمانیش لەو ئاستەدا نی یە، کەپشتی پێ ببەسرێت.

هەربۆیە، پێویستە حکومەتی هەرێم، لەپێش هاتنی وەرزی زستان، بەلایەنی کەمەوە هەموو خێزانێک بەرمیلێک نەوتی کواڵیتی بەرزی بۆ دابین بکات، تا بارگرانییەکە سووکتر ببێت.

بەکورتی، هەر دابەزینێک لەنرخی نەوت، ڕاستەوخۆ بارودۆخی ئابوری ودارایی هەرێم، بەرەو دۆخێکی نالەباری گشتگیر دەبات، کەمووچەی مووچەخۆران، گرنگتریان دەبێت.

*ئابووریناس



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق