یانزەی سێبتەمبەر، لە زەرقاویەوە بۆ زەواهیریی!

ليست هناك تعليقات



ئاسۆ عەبدوللەتیف
-
چالاكی و كردەی تیرۆریستی یانزەی سێبتەمبەری 2001 دژ بە ئەمریكاو سیمبولە ئابوریی و سیاسییەكەی بەدەستی رێكخراوی ئەلقاعیدە، راستە جیهانی توشی سەرسامی گەورە كردو پێگەی هەواڵگریی و ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەمریكای بەجارێك خستە بەردەم گومان و لاوازی و خوێندنەوەی جۆراوجۆرو لێپرسینەوەی جددیی، بەڵام ئەمریكای ناچاركرد بە شێوازێكی نوێ و سیستماتیك دژی رێكخراوی قاعیدە بوەستێتەوەو وەبەرهێنان بەو كارەسات و كۆمەڵكوژییەوە بكات، هەروەك توانی بكەرو روخسارە مەترسیدارەكانی ڤەندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی توندئاژۆ لە خۆی دووربخاتەوەو لەبن دەریان بهێنێت. بەجۆرێك ئەوەشی دەستەبەركرد، كە رەوایەتی و چوونە ژوورەوە وەربگرێت بە بێ پرس بۆ سەدان وڵات و زنجیركردن و یەخسیركردنی نەیارەكانی و بە ئامانجگرتن و كوشتنیان.

• ئەمریكا لە ساڵی 2006 لە پاڵ كیوماڵكردن و لەناوبردنی دەیان گروپی تیرۆریستی و لێدان لە سەركردەو موجاهیدو ئەمیرو رەمزە ناوەنجیەكانی قاعیدەو ئەنسارولئیسلام و ئەنساری سوننە، گەورەترین سەركردەی تەوحیدو جیهادی ئیسلامی لە عێراق و سوریا كوشت و كردە ئامانج، كە ئەبو مەسعەب زەرقاویی بوو لە بیابانەكانی عێراق، بەو جۆرە ئەمریكا بناغەو قۆناغبەندیەكی دەستپێكرد بۆ پەڕوباڵكردنی ئەلقاعیدەو ئەمیرەكانیان.

• ئەمریكا لە 2/5/2011 لە ئابود ئابادی باكوری رۆژهەڵاتی پاكستان، لە پرۆسەیەكی وردی هەواڵگریی شاراوەدا كە چل خولەكی خایەند، ئوسامە بن لادن و چەند سەركردەیەكی جیهادیی كردە ئامانج و ئەمەش گەورەترین سەركەوتن بوو بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاو تۆڵەی یانزەی سێبتەمبەرو قوفڵدان لە چالاكیەكانی قاعیدە بۆ ماوەیەكی درێژ تا كاتی هاتنەوەی بزەتنەوەی تاڵیبان لە 15 ی ئابی 2021 لە ئەفغانستان، ئەگەرچی دوای ئەم مێژووە چەندین رێكخراوەی تری توندرەوی وەك بەرەی نوسرەو داعش دروست بوون و چەندین تاوانكاری و زەبروزەنگ و تەقینەوەی گەورەیان ئەنجامدا لە چەندین وڵاتی جیاجیای جیهانیی..

• كۆماندۆكانی ئەمریكا لە ساڵی 2016 ئەمیرێكی داعشی خۆراسانی پاكستانیی دەكەنە ئامانج و دەیكوژن بەناوی حافز سەعید خان و دوابەدوای ئەوەی دەیان سەركردەی تریان دەكوژێت و كۆنترۆڵیان دەكات وەك زۆرێك لەو بزوتنەوەو گروپە جیهادیانەی دنیای رۆژهەڵات و دواتر رێگەی كاركردنیان پێ ئەدات كە بچنە پەرلەمان و وەك خوێندكاری ژیر باسی جیهادو قیتال و ئاشووب نەكەنەوە.
• ئەمریكا لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ و لە 26/10/2019 ئەبوبەكر بەغدادیی ئەمیری داعش كە ناوە راستەقینەكەی، إبراهیم عواد السامرائی بوو، لە باكوری رۆژئاوای سوریاو ئەدلیب ئەكاتە ئامانج و كۆتایی پێ دەهێنێت و ئەوەش ئەبێتە دوا پەردەی شانۆگەریەكانی داعش بۆ قۆناغی یەكەم، كە لە 2014 ەوە لە شام و موسڵەوە هاتن تا ساڵی 2017 و گەورەترین هێزی تاریكی ناوچەكە بوون لەو ساڵانەدا.

• هەر ئەو ئەمریكایە لە رۆژی 3/1/ 2020 گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا لە فرۆكەخانەی بەغداد بۆ كوشتنی ئاغای قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس كە بە رەمزی شۆڕش و فیداكاریی توندی وەلائییە شیعەكانی عێراق و دامەزرێنەرانی حەشدی شەعبی هەژمار ئەكران، بەمەش ئیرادەی حەشدی شەعبی بۆ چەندین ساڵ توشی شكست و لاوازی كردو وای لێكردن لە هەڵبژاردنەكانی 10/10/2021 شكستی گەورە بخۆن. هەروەك چەندین جار بە فرۆكە ناوەندە گرنگە سەربازی و هەواڵگرییەكانی شیعەو سوپای پاسداران و بەدرو لیواكانی حەشدو حیزبوڵاو رەبعوڵای لە ناوەراست و باشوورو بیابانەكانی نێوان ئوردن و سوریان عێراق كردۆتە ئامانج هەموو ئەوانە رەوایەتی و گەرمایی یانزەی سێبتەمبەر بوو كە ئەمریكا بە كاوەخۆ دەیویست ریشەكێشی بكات.

• دیسان هێزەكانی ئەمریكا بە فەرمانی جۆبایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لە بەرواری 3/2/2022، لە باكوری رۆژئاوای سوریاو ئەدلیب و شارەدێی ئەتمە كە هاوسنورە لەگەڵ توركیا، لە خانوویەكی سێ نهۆمیدا لە ئۆپەراسیۆنێكی وردو هەواڵگریی بێوێنەدا، بە دابەزینی هێلیكۆپتەر، توانیان ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕشی، كەسی یەكەمی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و جێگرەوەی ئەبوبەكر بەغدادی بكەنە ئامانج و بیكوژن. كە بە بكەری سەرەكی كۆمەڵكوژیی ئێزیدیەكان و كوردانی رۆژئاواو خەلیفەی داعش هەژمار دەكرا.

• دواتر لەسەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن ئەیمەن زەواهیری 71 ساڵ دەكەنە ئامانج، دووەم فەرماندەی قاعیدەو جێگرەوەی ئوسامە بن لادن لەدوای رووداوی 11 ی سێبتەمبەری 2001 ، لە بەرەبەیانی 30 تەمموزی 2022، سەعات 6 ی بەیانی لە ئەفغانستان، بە دوو موشەكی هێڵ فایەری زیرەك، ئار ناین ئێكس، كە درا لە بالكۆنی خانوەكەی كە لە شاری كابول بوو كوژرا بەبێ ئەوەی زیان بە هاوسەرو كچەكەی بكەوێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق