بەهۆی دزەکردنی گاز لە بۆریی نۆرد ستریم، نرخی گازی سرووشتی بەرزبووەتەوە

ليست هناك تعليقات



بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، دزەکردنی گاز لە بۆرییەکانی نۆرد ستریم بە رێکەوت نییە و زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رووداوەکە دەرئەنجامی کردەوەیەکی بە ئەنقەست بێت.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی چوارشەممە 28-09-2022 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەو رووداوانە "بە رێکەوت نین". دەشڵێت: "هەموو زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو دزەکردنانە دەرئەنجامی کردەوەیەکی بە ئەنقەستن."

بۆرێل هۆشداریش دەدات لەوەی: "هیچ پەکخستنێکی بەئەنقەستی ژێرخانی وزەی ئەوروپا بەهیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت و رووبەڕووی وەڵامێکی بەهێز و یەکگرتوو دەبێتەوە".

بەهۆی دزەکردنی گاز لە بۆرییەکانی نۆرد ستریم 1ەوە نرخی گازی سرووشتی بەرزبووەتەوە، ئەمەش قەیرانی وزەی لە ئەوروپا قووڵتر کردووەتەوە، چونکە وەرزی زستان نزیکە و گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکان زیاتر هەڵدەکشێن.

ئەو گازەی دزە دەکات، دەڕژێتە سەر رووی دەریای باڵتیک لە نزیک دانیمارک و سوێد و پێشبینی دەکرێت تاوەکو هەفتەیەک بەردەوام بێت، تاوەکو ئەوکاتەی گازی نێو بۆرییەکان بەتاڵدەکرێن.

ئەوروپا گومانی هەیە، کە دزەکردنی گازەکان بەهۆی کاری تێکدەرانەوە بێت و نەرویجیش لە کاردانەوەی رووداوەکەدا ئاسایشی دامەزراوەکانی تووندترکردووە.

گومانەکان لەسەر رووسیا چڕبوونەتەوە؛ کە لە تۆڵەی سزا تووندەکانی رۆژئاوا بەهۆی هێرشی سەر ئۆکراینا، هەناردەکردنی گازی بۆ ئەوروپا کەمکردووەتەوە.

بەڵام کرێملین لە وەڵامی تۆمەتەکاندا رایگەیاند، تۆمەتبارکردنی رووسیا بە هۆکاری دزەکردنی گاز "گەمژەیی و گاڵتەجاڕییە" و لەبری ئەوە داوای لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرد وەڵامی بداتەوە کە ئایا ئەمریکا لە پشت دزەکردنی گازەوەیە لە بۆریی نۆرد سترم یان نا.

هەروەها هەریەک لە ئۆرسولا ڤۆن دەرلاین، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەوروپا و چارڵز میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا هۆکاری دزەکردنی گاز لە بۆرییەکانی نۆرد ستریمیان بۆ کاری تێکدەرانە گەڕاندەوە.

میشێل لە تویتێکدا رایگەیاندووە، رووداوەکان "پێدەچێت هەوڵێک بن بۆ زیاتر ناسەقامگیرکردنی هەناردەی وزە بۆ یەکێتیی ئەوروپا". ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌وانه‌ی به‌رپرسن، لێپرسینه‌وه‌ی ته‌واویان لەگەڵ دەکرێت و ناچار دەکرێن باجەکەی بدەن.

ئێستا بەهۆی گشتپرسییەکانی رووسیا لە چوار ناوچەی ئۆکرایناوە، یەکێتیی ئەوروپا بیر لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیا دەکاتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif