لە بێ هیوایدا چرۆی کرد و بووە مامۆستای زانکۆ

ليست هناك تعليقات



ژنێک توانا و ئیرادەی بەکاردەهێنێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کۆمەڵگەیەکی دواکەتوو و پیاوسالار، لەپێناو گەیشتن بە بەدەستهێنانی بڕوانامەیەک، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بەربەست و هەورازی بەردەمی تێکدەشکێنێت، بە ڕووی خێزانەکەیدا دەوەستێتەوە و لە ئێستاشدا مامۆستای زانکۆیە

شنیار بایز

ئومێد و هیوا، سەرتاپای ژیانی خاوەن پێداویستییەکی تایبەتی تەنیوە، ئەویش هاجەر ئیسماعیلە، تەواوی ژیانی ئەم ژنە پڕە لە هەوڵدان و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی و گەیشتن بە خولیاکانی، بە جۆرێک ئەوەی تەماشای ژیان و هەوڵدانەکانی ئەو ژنە بە توانایە بکات ئومێدی بۆ ژیان دروستدەبێت، هێزی دەدرێتە بەر بۆ ئەوەی لە ژیاندا هەوڵبدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.

هاجەر لە ئێستادا مامۆستای زانکۆیە لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەشی پەروەردەی ئاین لە زانکۆی سلێمانی و ڕاهێنەرە لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی، باس لە تەواوی ژیانی خۆی و ئەو ماندوبونانەی لە ژیانیدا تێیپەڕاندووە بۆ ئاژانسی نوژنها دەکات:

"سەرەتایترین مافم ئەوەبوو وەک مرۆڤێک مامەڵەم لەگەڵ بکرێت"

یەکەم چاوهەڵهێنانی بە دنیا لە شاری کەرکوک بووە، هاجەر هەستی بە جیاوازی کردووە لە منداڵانی دەوروبەری لە ڕووی جەستەییەوە، ئەمەش وایکردووە مامەڵەی دەوروبەر هەمیشە جیاوازبێت لەگەڵیدا، هەبوونی ئەو جیاوازییانە بووەتە هۆی دروستکردنی ئیرادە لە ناخی هاجەردا، لە تەمەنێکی کەمدا چووتە بەر خوێندن، دەربارەی ژینگەی خوێندن و خێزانەکەی هاجەر وتی: هەمیشە ژیانم بە دۆخی سەختدا تێپەڕیوە، چونکە ئەو ژینگەیەی پێیدا تێپەڕدەبووم لەبار نەبوو، لە ڕووی شوێن و ژینگەوە هەروەها لە ڕووی مامەڵەی منداڵان لە خوێندنگە".

ژیانی هاجەر دوو جۆر مامەڵەی لەخۆگرتبوو، یەکەمیان بەزەییەکی زیاد لە ڕادەی خۆی و دووەمیش توندوتیژی بوو، هەرچەندە ئەم دوو مامەڵەیە دوو شتی دژ بەیەکن، بەڵام هەردووکی جێگای ئازار بووە بۆ هاجەر و دوور بووە لە مامەڵەی ئاسایی، بۆیە قورسترین قۆناغی ژیانی قۆناغی منداڵی بووە، ناچار بووە لەو تەمەنە کەمەدا ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان ببێتەوە.

"کۆمەڵگە و خێزانەکەم ڕێگەیان نەدا درێژە بە خوێندن بدەم"

لە باسی ژیانی خۆیدا هاجەر باسی لەوەکرد، ژیانکردن بە شێوازێک کە خاوەن پێداویستی تایبەت بیت پێویستی بە هێزێکی پۆڵاین دەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ناخۆشییەکان ببێتەوە، دواجار هەر ڕێگری و ناخۆشییەکانی ژیانیشی بووە هۆکارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتن بەسەر ناخۆشییەکاندا، بە جۆرێک چەند هەستی بە ئازار دەکرد، ئەوەندە بەردەوام دەبوو لە هەوڵدان.

بەمجۆرە بەردەوام بوو لە خوێندن تا گەیشتە پۆلی شەشی سەرەتایی، بەڵام ئەوکات بەهۆی نەریتی کۆمەڵگە و خێزان کە ڕێگری لە خوێدنی کچ دەکرد، ڕێگریان لێکردن و نەیانهێشت درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام خەونی خوێندن لە دڵیدا شوێنی خۆی گرتبوو، هەمیشە بە هیوابوو ڕۆژێک بێت و دەستبکاتەوە بە خوێندن، چونکە هەستی بەوەدەکرد هەموو ئەو ناڕەحەتیانەی بەسەریدادێت بەهۆی ناهۆشیاری دەوروبەر و خێزانەکەیەوە بووە، بۆیە پێویستیان بە کەسانی ڕۆشنبیر و خوێندەوار هەیە بۆ ئەوەی هۆشیاریان بکاتەوە.

"دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان دووبارە ڕێگر بوو لەبەردەم خوێندنی هاجەردا"

پاشان هاجەر هەوڵیداوە تاقیکردنەوەی دەرەکی قۆناغی سێی بنەڕەتی بکاتەوە، بەڵام دووبارە ژیان چانسی پێنەدا و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی هات بەسەردا بەهۆیەوە کۆچیان کرد بۆ سلێمانی، لە دوای ساڵانی نەوەدەکان دۆخی قەیران و نەبوونی لە سەرتاپای هەرێمی کوردستان دووبارە بووە ڕێگر لە بەردەم خوێندنی هاجەردا، بە جۆرێک ماوەی ١٤ ساڵ لە خوێندن دابڕا، بەڵام دووبارە دەستیکردەوە بە خوێندن.

لە ماوەی ئەم ١٤ ساڵەدا هاجەر هەمیشە بیری لەو کاتە دەکردەوە کە دووبارە بچێتەوە بەر خوێندن، لەم ماوە کاتییەدا بیری دەکردەوە نابێت وەک کەسێکی بێسود بژی، وەک ئەوەی کۆمەڵگە بیری لێدەکەنەوە، ئەمەو خراپی باری ئابوری خێزانەکەیان وایکرد هاجەر هەوڵبدات بۆ فێربوونی دروومان بۆ ئەوەی لە دواڕۆژیشدا بتوانێت خەرجی کاتی خوێندنی خۆی دابینبکات.

جگە لەوە وێنەی دەکێشا وەک هیوایەتێکی خۆی، هەروەها لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە دەستی بە کتێب خوێندنەوە کرد، لەوبارەیەوە دەڵێت: "پەرەدان بە خولیاکانم بە پاڵپشتی برایەکم بوو، کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، زیاترین ئەو کتێبانەی دەمخوێندەوە کۆمەڵایەتی بوو، جگە لەوانەش ڕۆژنامە و گۆڤارم دەخوێندەوە بەو ئامانجەی ئاگاداری هەواڵەکانی جیهان و ناوخۆی کوردستان بم، چونکە کتێبم کردبوو بە هاوڕێی خۆم توانیم لەو ماوەیەی لە خوێندن دابڕام باشترین وانە لە ڕێگای خوێندنەوە فێرببم"، هەروەها پەیوەندی بە ڕێکخراوی ڕۆژ کرد کە ڕێکخراوێکی تایبەتە بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ بەرەوپێشچوونیان بۆ ئەوەی دووبارە کۆمەڵێک چالاکی لە ڕێگای ئەو ڕێکخراوەوە ئەنجام بدات.

"خەڵکی بەهۆی ناهۆشیارییانەوە چەندین توانجی جیاوازیان لێداوم"

وەک هاجەر دەڵێت: "خێزانەکەم ڕێگریان لێدەکردم بە تەنها ڕێبکەم هەمیشە لەگەڵ کەسێکدا بووم بەڵام، براکەم یەکەم کەس بوو لە تەمەنی ١٨ ساڵیمدا منی بردە بازاڕی شاری سلێمانی، وایلێکردم بە تەنیا ڕێبکەم"، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی بەهۆی ناهۆشیارییەوە چەندین توانجیان لێداوە، بەڵام هاجەر لەوکاتەی کە ڕووبەڕووی ئەو توانجانە بووەتەوە و گەیشتووەتە جێگای خۆی بۆی دەرکەوتووە دەتوانێت بەهەموو ئامانجەکانی بگات.

خێزانەکەی هەمیشە ترسیان هەبووە لەوەی بکەوێت، بەڵام هاجەر پێی وتوون "دڵنیابن لەوەی هەرکات بکەوم هەڵدەستمەوە، چونکە گرنگ کەوتن نییە بەڵکو هەستانەوەی دوای کەوتنەکەیە کە واتلێدەکات بە هێزێکی زیاتر هەڵبسیتەوە، بەهۆی ئەوەی ئاسانکارییەکان لە کۆمەڵگەی ئێمە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت کەمە یاخود نییە، زۆرینەی خەڵکی پێیان دەوتن بەم حاڵەوە مەیە دەرەوە".

"هەموو ڕۆژێک ١٠١ پلیکانەم دەبڕی بۆ گەیشتن بە هۆڵی خوێندن"

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، باسی لە سەردەمی خوێندن و دەستکردن بە خوێندنی زانکۆی کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە پاش ١٤ ساڵ لە دابڕان لە خوێندن دوای هەوڵدانێکی زۆر بۆ ڕازیکردنی باوکی دووبارە دەستی کردووەتەوە بە خوێندن و توانیویەتی تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئەنجامبدات، توانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی بەدەستبهێنێت.

ئێستا ئەو مامۆستای زانکۆیە، لەبەردەم ئەو کۆلێژەی کە چەندین ساڵ هەوڵی بۆدا تا پێی بگات، هاجەر وتی: "یەکەم ڕۆژ تەماشای کۆلێژەکەم کرد بینیم ئەو قۆناغەی من لێی وەرگیرام لە نهۆمی شەشی باڵەخانەکە بوو، ڕۆژانە سەرکەوتن بەسەر ١٠١ پلیکانە کارێکی ئاسان نەبوو، هەرچەندە سەیری توانای قاچە بێهێزەکانم و توانا و هێزی ناخمم دەکرد، دوو دڵ بووم لە بڕیاردان لەوەی بخوێنم یاخود پاشگەز ببمەوە، بەڵام دوای گفتوگۆ لەگەڵ خۆم بڕیارمدا بەردەوامبم لە گەیشتن بە ئامانجەکەم و دەستمکرد بە خوێندن".

"سووربوون لەسەر ئامانجەکەم گەیاندمی بە بڕوانامەی ماستەر"

ئەو مامۆستایە ئەوەی ڕوونکردەوە کە خوێندکاران و مامۆستایان سەرەتا بە شێوازێکی بەزەیی مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، بەڵام دواتر بە پێی کات تێگەیشتوون لەوەی ئەوەندە توانای هەیە وەک کەسێکی ئاسایی پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەڵێت "زۆرکات هاوڕێکانم شانازیان پێوەدەکردم، هاوکارم بوون لە کاتی هاتووچۆکردن و چەندین شتی دیکە بە جۆرێک ڕۆژانە خواردنیان بۆدەهێنام بۆ ئەوەی من بە پلیکانەکان نەچمە خوارەوە"، خوێندنەکەی بەم شێوەیە بەردەوام بوو، هەموو ساڵێک یەکەم یاخود دووەمی کۆلێژەکەی دەبوو، ئەمەش وایکردبوو لە دوای تەواوبوونی زانکۆ ببێتە یاریدەدەری مامۆستای زانکۆ و دواتر بڕانامەی ماستەری بە پلەی باڵا لە وڵاتی میسڕەوە بەدەستهێنا، هەرچەندە خێزانەکەی زۆر ڕێگریان لێدەکرد بۆ چوونە دەرەوەی وڵات، بەڵام بە پێی کات کە دەیانبینی هاجەر چەند بە توانایە، بڕوایان گۆڕا و پاڵپشتی بوون.

"پێویستە ژن خۆی نەگۆڕێت لەگەڵ کۆمەڵگە بەڵکو هەوڵی گۆڕانی دەوروبەری بدات"

مامۆستا هاجەر لە باسی دۆخی ژندا ئاماژەی بەوەدا، ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە پلە دوو هەژمار کراوە، لە ئێستاشدا سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕانکارییەی ڕوویداوە نەتوانراوە بگات بە پێگەی خۆی، نەتوانراوە بە پێی پێویست مافەکانی بۆ دەستەبەر بکرێت و وەک ڕەگەزی بەرامبەر سەیر بکرێت، هەرچەندە یاسا و دەقی ئاینی هەن کە پاڵپشتی لە ژنان دەکەن، بەڵام تێڕوانینی هەڵە و تێگەیشتنی هەڵە لە دەق و یاسکان وایکردووە زۆرکات ژن مافی بفەوتێت.

دەشڵێت: گرنگە بەرلەوەی کۆمەڵگە و ئاین و یاسا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی ژن بدات، پێویستە خودی ژن خۆی هەوڵبدات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی، ئەمەش لە ڕێگای هۆشیارکردنەوەی خۆیان و ئاگاداربوون لە مافەکانیان، پێویستە ژنان خودی خۆیان بناسن و بزانن کە کێن، ئامانجیان چییە و دەیانەوێت بگەن بە چی، لە هەمان کاتدا هەوڵ نەدەن خۆیان بگۆڕن بۆ کۆمەڵگە، بەڵکو کۆمەڵگە بە پێی ویستی خۆیان بگۆڕن".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق