ئەوروپا: سزاکانمان 7 ملیار دۆلار زیان بە رووسیا دەگەیێنێت

ليست هناك تعليقات


 

یەکێتیی ئەوروپا ژمارەیەک سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند، کە راگرتنی هاوردە و دیاریکردنی نرخێک بۆ نەوتی رووسیا دەگرێتەوە. هاوکات بڕیارە ژمارەی ئەوانەی لە لیستی رەشی یەکێتیی ئەوروپا دانراون زیادبکرێت کە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.

رۆژی چوارشەممە 28-2-2022، ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: "هەفتەی رابردوو، رووسیا داگیرکارییەکەی بردووەتە قۆناخێکی نوێوە. ئێمە رژدین لەسەر ئەوەی کرێملین دەبێت باجی ئەو فراوانکردنە بدات". ڤۆندەرلاین لە پەیامەکەیدا باسی لە گشتپرسیی رووسیا لە ئۆکراینا، زیادکردنی ژمارەی سەربازانی رووسیا و هەڕەشەی پووتین بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کرد.

ئەو سزا نوێیانەی بڕیارە بەسەر رووسیادا بسەپێنرێت پێویستە لەلایەن هەر 27 ئەندامی یەکێتییەکە واژۆبکرێت و رێکارە یاساییەکانی تەواو بکرێت، پاشان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سزاکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ گرووپی حەوت بەسەر رووسیادا دەسەپێنرێن. بەگوێرەی یەکێتیی ئەوروپا راگرتنی هاوردەی شتوومەک لە رووسیاوە و هەناردەی پێداویستییەکان لە ئەوروپاوە بۆ ئەو وڵاتە، بەشێکی سەرەکیی سزاکانە و 7 ملیار دۆلار زیان بە رووسیا دەگەیێنێت.

هاوکات بڕیارە نرخێک بۆ نەوتی رووسیا دیاری بکرێت تاوەکو لەو نرخە زیاتر نەتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت.

ئۆرسولا ڤۆندەرلاین دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە سوپای رووسیا لە تەکنەلۆژیا داببڕن، هەر بۆیە هەناردەی بابەتی تەکنەلۆژیا بۆ رووسیا رادەگرن، لەوانە ئامێری فڕۆکەوانی، پارچەی ئەلیکترۆنی و ماددەی کیمیایی.

جۆسێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، پێویستە تەواوی ئەو کەسانە سزابدرێن کە هاوکاریی رووسیا دەکەن بۆ دەربازبوون لە سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا. 

لە 24ی شووباتی ئەمساڵەوە، یەکێتیی ئەوروپا حەوت جار سزای ئابووری و دیپلۆماسیی بەسەر رووسیادا سەپاندووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif