ساڵی داهاتوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر تەواو دەبێت

ليست هناك تعليقات



لە هەرێمی کوردستان کێشەی کەمیی کارەبای نیشتمانی هەیە و کاتەکانی نەبوونی کارەبا بە کارەبای موەلیدە پڕ دەکرێتەوە. وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە هەوڵی زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبادایە و گوتەبێژەکەیان رایدەگەیێنێت، بڕیارە ساڵی داهاتوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر تەواو ببێت.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: "کارمان لەسەر وزەی خۆر کردووە و لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە بڕی 75 مێگاوات بەرهەم دەدات. بڕیارە ساڵی داهاتوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە تەواو ببێت. ئەو کاتە ژێرخانی کارەبا دەبێتە سەرچاوەیەکی هەمەچەشن."

لە هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی کارەبا 3500 مێگاواتە بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی کارەبا ئێستا بەهۆی گەرماوە خواست لەسەر ئەو بەرهەمە 5000 مێگاواتی تێپەڕاندووە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی، "سەرەتای مانگی ئاب نزیکەی 15-16 کاژێر کارەبامان داوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی شەپۆلی گەرمای ئەم هەفتەیەدا بۆ 12-13 کاژێر کەمی کرد."

ئومێد ئەحمەد بە پێویستی دەزانێت بۆ گەرمکردنەوە شوێنگرەوەی کارەبا بدۆزرێتەوە، چونکە گەرمکردن کارەبایەکی زۆری دەوێت. هەروەها بۆ فێنککردنەوەیش وەزارەتی بازرگانی رێگە بە هێنانی ئەو ئامێرانە بدات کە کارەبای کەمتر رادەکێشن. لە دروستکردنی خانوویشدا خشتی سوور و سیستەمی دژەگەرمی و دژەسەرما بەکاربهێنرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئێستا زیاتر لە 6800 مێگاوات ژێرخانی کارەبا هەیە. پێویستە سووتەمەنی بۆ ئەو وێستگانە دابین بکرێت کە تەواو بوون بۆ ئەوەی بکەونەگەڕ.

وەزارەتی کارەبا لە پلانیدایە چەند وێستگەیەکی دیکە دروست بکات و کاریش دەکات تۆڕەکان بەهێزتر بکات. هەروەها لە رێگەی پڕۆژەی پێوەری زیرەکەوە کە لە قۆناخی کۆتاییدایە کاریان لەسەر کۆنترۆڵکردنی خواستیش کردووە.

ئومێد ئەحمەد گوتی: "لە هەرێمی کوردستان 14 وێستگەمان هەن کە وێستگەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، خورمەڵە و بازیان غازین و وێستگەی نەوتی رەشیشمان هەیە کە وێستگەی خەبات و باعەدرێن، جگە لەوەیش وێستگەیەکانی دووکان و دەربەندیخان کارۆئاوین. چەند وێستگەیەکیشمان هەن لە هەرسێ پارێزگاکە کە بە گازوایل کاردەکەن و 29 مێگاوات دەدەن."

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا روونی کردەوە کە وێستگەی بازیان فراوان کراوە و لە قۆناخی یەکەمدا 500 مێگاوات و دوو یەکەیە کە لە رێگەی وێستگە هەڵمییەکەیەوە کار دەکات و هیچ سووتەمەنییەکی ناوێت. وێستگەی کارۆئاویی دێرەلووکیش لە قۆناخی کۆتاییدایە بە توانای 37 مێگاوات. کاریش دەکەین تۆڕی گواستنەوە و دابەشکردن فراوان بکەین.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتیشی: "وێستگەی غازیی دهۆک لەبەر ئەوەی گازی پێ نەگەیشتووە تەنیا یەکەیەکی لە کاردایە کە بە گازوایل کار دەکات و لەسەر حکومەت بارگرانییە، چونکە تێچووەکەی زۆرە. لە سلێمانی و هەولێریش لەبەر نەبوونی گاز یەکی یەکەیەک راوەستاون."

بەپێی ئاماری وەزارەتی کارەبا، ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزارە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک بەستراون.

ئومێد ئەحمەد گوتی: "کاتێک ئێمە دەستمان بە پڕۆژەی پێوەری زیرەک کرد ملیۆنێک و 450 هەزار هاوبەش گرێبەستیان بۆ کرابوو و ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار هاوبەش پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە. کە ئەوە تەواو بوو دەست دەکەین بە تەواوکردنی ئەوانەی کە زیاد بوون."

بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، پێش پێوەری زیرەک رێژەی ونبوونی کارەبا نزیکەی 44٪ بووە، بەڵام ئێستا توانیویانە 10٪ی ئەو ونبوونە بگەڕێننەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif