ئێران رەتیدەکاتەوە پلانی کوشتنی جۆن بۆڵتنی داڕشتبێت

ليست هناك تعليقات


 
ئێران رەتیدەکاتەوە لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا پلانی کوشتنی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکای داڕشتبێت و تۆمەتەکانی ئەمریکا بە "چیرۆکهەڵبەستن" ناودەبات. 

تۆمەتەکەی ئەمریکا دژی ئێران لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان گەیشتوونەتە قۆناخەکانی کۆتایی. 

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "وەزارەتی دادی ئەمریکا بێ هیچ بەڵگەیەک ئەو تۆمەتانەی هەڵبەستووە و چیرۆکێکی نوێی دروستکردووە."

کەنعانی دەڵێت: "ئەمجارە پلانێکیان سەبارەت بە کەسانی وەکو بۆڵتن هەڵبەستووە لەکاتێکدا کە پێگە سیاسییەکەی کۆتایی هاتووە. کۆماری ئیسلامی هۆشداری دەدات دژی هەر هەنگاوێک کە بە پەنابردنە بەر تۆمەتی گاڵتەجاڕانە، هاووڵاتییانی ئێرانی بکاتە ئامانج."

وەزارەتی دادی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێرانی تۆمەتبارکردووە بەوەی پێشنیازی کردووە 300 هەزار دۆلار بە دانیشتووێکی ئەمریکا بدات بۆ ئەوەی بۆڵتن بکوژێت. 

ئەمریکا دەڵێت، پلانەکە بۆ تۆڵەسەندنەوە بووە لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە لە 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە هێرشیکی درۆنی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، کوژرا. 

شەهرام پوورسەفی، ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵیداوە کەسێکی دیکەش بەکوشتنبدات لە بەرامبەر یەک ملیۆن دۆلار. 
بەڵگەنامەکانی دادگە ئاشکرای نەکردووە کە ئامانجی دووەم کێ بووە، بەڵام میدیای ئەمریکی رایگەیاندووە، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوە و بەڕێوبەری پێشووتری سی ئای ئەی بووە. 

"لێکەوتەی تووند"

ئەو کەسەی کە پوورسەفی هەوڵیدابوو رازیبکات تاوەکو بۆڵتن بکوژێت، یەکێک بووە لەوانەی کە زانیاریی بۆ ئێف بی ئای کۆکردووەتەوە. 

پوورسەفی تۆمەتبار کراوە بە بەکرێگرتنی بکوژ، کە سزاکەی دەگاتە 10 ساڵ زیندانیکردن، هەروەها تۆمەتبار کراوە بە پێشكێشکردنی یارمەتیی دارایی بۆ پلانێکی کوشتنی نێودەوڵەتی کە سزاکەی 15 ساڵە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت پوورسەفی رایکردووە و بڕوا دەکرێت ئێستا لە ئێران بێت.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئێستای ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، "ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر هەر یەکێک لە هاووڵاتییانمان، لەنێویاندا ئەو کەسانەی کە بەردەوامن لە خزمەتکردنی ئەمریکا یان ئەوانەی پێشتر خزمەتیان کردووە، ئێران رووبەڕووی لێکەوتەی تووند دەبێتەوە."

لە دوای کوژرانی سولەیمانییەوە، تاران چەندین جار بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی داوە، واشنتنیش پاسەوانیی بەرپرسەکانی بەهێزکردووە، لەنێویاندا مایک پۆمپەیۆ کە لە کاتی کوژرانی سولەیمانیدا وەزیری دەرەوە بوو، هەروەها پێش ئەوە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی CIA بوو.

هاوشێوەی پۆمپەیۆ، بۆڵتن، یەکێک بوو لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی ئێران و لە نیسانی 2018 تاوەکو ئەیلوولی 2019 راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی کۆشکی سپی بوو لە ماوەی ئیدارەی ترەمپ.

بۆڵتن بە تووندی دژی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بوو، بڕوای بەوە نەبوو بتوانرێت لەو رێگەیەوە سنوورێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دابنرێت. هەروەها لە مانگی ئایاری 2018دا پشتگیریی لە کشانەوەی تاکلایەنەی ئیدارەی ترەمپ کرد لە پەیماننامەکە.

بۆڵتن لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی ئێرانی بە "درۆزن و تیرۆریست و دوژمنی ئەمریکا" ناوبرد و داوای لە جۆ بایدن کرد کە رێککەوتنی ئەتۆمی چالاک نەکاتەوە.

کەنعانی گوتی، "تۆمەتە بێبنەماکان"ی وەزارەتی دادی ئەمریکا هەڵخەڵەتاندنێکی میدیایین بۆ "خۆدزینەوە لە هەژمارکردنی ئەو تاوانە زۆرانەی کە حکومەتی ئەمریکا راستەوخۆ تێیانوەگلاوە، وەکو کوشتنی ترسنۆکانەی قاسم سولەیمانی".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif