داعش لە سنووری نێوان عێراق و سووریا شەش بۆ 10 هەزار چەکداری هەیە

ليست هناك تعليقات



رۆژی سێشەممە 9-8-2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی جموجووڵەکانی داعش کۆبووەوە و تێیدا راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی رێکخراوە پەڕگیرەکە خوێندرایەوە کە ئاماژەی بە چەندین خاڵ کردبوو. 

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە مەترسیی داعش بۆ سەر ئاسایشی جیهان زیادیکردووە، بە جۆرێک ماوەی دوو ساڵە مەترسییەکان بەمشێوەیەی ئێستا بەرز نەبوون. یەکێک لە هۆکارەکان کە رێگەی بۆ گرووپە چەکدارییەکە کردووەتەوە جموجووڵەکانی زیاد بکات، بریتییە لە ناسەقامگیریی ئابووریی جیهان کە وایکردووە حکومەتی زۆربەی وڵاتەکان سەرنجی زیاتر بخەنە سەر لایەنی ئابووری. 

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، داعش لەو ناوچانەدا کە پێکدادانیان تێدایە و سەقامگیریی تەواویان تێدا نییە، هێشتا ماوە و پێگەی جێگیرە؛ هاوکات هەوڵدەدات دەستی بەو ناوچانەش بگات کە سەقامگیرن. گرووپەکە دەیەوێت جموجووڵەکانی زیادبکات و هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی.

باری دارایی داعش

بە گوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا داعش لە تەواوی جیهاندا خاوەنی 25 بۆ 50 ملیۆن دۆلارە کە زۆربەی داهاتەکەی لە عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت. داعش زۆربەی پارەکەی بۆ چەکدارانی گرووپەکە و خانەوادەکانیان خەرج دەکات کە ئێستا زۆربەیان لە نێو کامپەکاندا دەژین.

سەرچاوەی داهاتی داعش لە سەرانە وەرگرتن، رفاندن و داواکردنی پارە لە بەرامبەر ئازادکردنی رفێندراوان، زەکات، وەرگرتنی کۆمەک و بازرگانیکردن لەگەڵ هەندێک لایەنی دیاریکراو بەدەستدەهێنێت. ئەو سەرچاوە ئابوورییانەش وایکردووە گرووپەکە بتوانێت بەردەوامیی بە جمووجووڵەکانی بدات. 

بەگوێرەی راپۆرتەکە، داعش مانگانە تەنیا 50 دۆلار دەداتە خانەوادەی هەریەک لە چەکدارەکان، ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسانی "رێکخراوە پەڕگیرەکە" خۆیان دەنگۆی لەو جۆرە بڵاودەکەنەوە کە هەرکەس ببێتە چەکدار لە رێکخراوەکەدا، مانگانە 1000 دۆلار وەکو مووچە وەردەگرێت.

مەترسیی زۆربوونی تووندوتیژی و بەرهەمهێنانی چەکداری نوێی داعش

دۆخی چەکدارانی داعش و خانەوادەکانیان کە دەستبەسەرن یان لە نێو کامپەکاندان مانگ دوای مانگ خراپتر دەبێت. لەو کەمپانەدا هەزاران منداڵ و ژنی چەکدارانی پێشووی داعش دەستبەسەرن. بە گوێرەی یەک لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەندێک لەو ژنانە لە کامپی هۆڵ دەستبەسەرن، ئەندامی تەواو مەترسیداری رێکخراوی داعشن؛ هەربۆیە کوشتن و تووندوتیژییەکی زۆر لە نێو کەمپەکاندا دەبیندرێت. 

لە لایەکی دیکەوە ژمارەی هەڵاتن لەو کەمپانەدا رووی لە زیادبوون کردووە؛ هەروەها ئاڵوگۆڕێکی زۆری پارە بۆ ناوەوە و دەرەوەی کامپەکان دروستبووە، ئەوەش لەڕێگەی حەواڵەوە. یەکێکی دیکە لە کێشەی نێو کەمپەکان زۆربوونی جموجووڵی کەسانی نێویانە، بە تایبەت دوای هەوڵی راکردنی چەکدارانی داعش لە زیندانی حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵدا. 

یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش باس لەوە دەکات، لە نێو خێزانی چەکدارانی پێشووی داعش کە لە 11 کامپی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستبەسەرن، هەروەها لە نێو ئەو چەکدارانەی داعش کە لە 20 بەندینخانەدا دەستبەسەرن، 30 هەزار منداڵی خوار 12 ساڵ لە ژێر مەترسیی مێشکشۆردنەوە و بە داعشکردندان. هەروەها یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، داعش دەیەوێت نەوەیەکی نوێ لە چەکداری پەڕگیر دروستبکات. هەروەها 10 هەزار چەکداری دیکەی داعش ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا دەستبەسەرن.

جموجووڵەکانی داعش لە عێراق و سووریا

هەرچەندە هەوڵێکی فراوان بۆ گوشارخستنە سەر داعش و بەرتەسککردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەدرێت، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش باس لەوە دەکەن، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لەو ناوچانەدا کە زۆنی گەرمی جمووجووڵی داعشن نابیندرێت. بە پێچەوانەوە، داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و دەتوانێت هێرشی مەترسیدار ئەنجامبدات.

سنووری نێوان عێراق و سووریا بە ناوچەی گەرمی جموجووڵی داعش دادەنرێت. بە گوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی چەکدارانی داعش لەو ناوچانەدا لە نێوان 6000 بۆ 10,000 چەکدارە و لە ناوچە گوندنشینەکان دەمێننەوە. هاوکات باس لەوە دەکات، تەواوی ئەو چەکدارانە هاووڵاتیی سووری و عێراقین.

لە 20ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، داعش هێرشی کردە سەر بەندینخانەی پیشەسازی لە پارێزگای حەسەکە کە 5000 چەکداری داعشی تێدا دەستبەسەرن. بە گوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی ئاسایش، 100 بۆ 300 چەکداری داعش لەو هەوڵەدا هەڵاتن و روویان لە بیابانەکانی بادیە کرد یان پەڕینەوە نێو عێراق. هاوکات ئەنجوومەنی ئاسایش هۆشداری لەبارەی دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوەی شکاندنی زیندانەکە دەدات.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دەزگای دژەتیرۆری عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش و سەقامگیرکردنی ئاسایش لە ژمارەیەک ناوچەدا، بەڵام هێشتا هەندێک شانەی داعش هەن کە جموجووڵیان زۆرە. هەروەها لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەک هێرشیان کردووەتە سەر پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین و کەرکووک.

لە 21ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، داعش هێرشی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی لە دیالە و لە ئەنجامدا 11 سەرباز کوژران، هەروەها لە 23ی هەمان مانگدا، داعش لە دوو هێرشی جیاوازدا بۆ سەر دیالە و کەرکوک 12 هاووڵاتی سڤیلی کوشت.

دۆخی بەندکراو و دەستبەسەرکراوانی داعش

لە راپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لەوە کراوە کە دۆخی دەستبەسەرکراوانی نێو زیندان و کەمپەکانی سووریا تاوەکو دێت خراپتر دەبێت. ئەو ئەندامانەی داعش کە هاووڵاتی بیانین لە نێو کەمپەکاندا رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە؛ هەروەها دوای هەوڵی هەڵاتنەکەی زیندانی پیشەسازیی حەسەکە، تووندوتیژییەکان زیاتر بوون لە نێو کامپەکاندا.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، حکومەتی عێراق سەرکەوتووانە توانیویەتی زیاتر لە 2500 هاووڵاتی عێراقی لە هەردوو کامپی هۆڵ و رۆژ بگەڕێنێتەوە عێراق، بەڵام ئێستاش نزیکەی 28,000 هاووڵاتیی عێراقی لە نێو کامپی هۆڵ ماونەتەوە. تاوەکو 31ی ئاداری 2022، هەزار و 301 منداڵ و مێرمنداڵ لە عێراق بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەی تیرۆر و تووندوتیژی دەستبەسەرکراون و هەریەکیان سزای زیاتر لە 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و زۆربەشیان تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی یان ئەندامبوونیان لە رێکخراوی داعش لەسەرە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif