پەرلەمانتارێکی ئۆکراینا: بەبێ چەکی مۆدێرن ناتوانین شەڕ بکەین

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی ئۆکراینا باسی لەو زیانانە کرد کە بەهۆی شەڕی وڵاتەکەی و رووسیاوە بەر ئۆکراینا کەوتووە و پێیوایە، "سەختە ئێستا زیانەکان هەژماربکرێن چونکە هێشتا شەڕ تەواو نەبووە و رۆژانە ئۆکراینا وێرانتر دەکرێت." لەبارەی خەمڵاندنی زیانەکان دەڵێت، "رێژەکە لەنێوان 600 بۆ 700 ملیار دۆلار بێت."

دوندا ئۆلێگ، پەرلەمانتاری ئۆکراینا و سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە دڵنیا رەحمان ئەنجامیدا باسی لە ئەو زیانانەی بەر ژێرخانی ئۆکراینا کەوتوون، تاوەکو چ رێژەیەک ئۆکراینا زیانی بەرکەوتووە و چەندیان پێویستە بۆ بونیاتنانەوەی، لەبارەی درێژبوونەوەی شەڕەکە بۆ ماوەیەکی درێژ و پێشبینی خۆی بۆ دۆخی ئۆکراینا قسەی کرد.

لەبارەی پێشبینی خۆی بۆ شەڕەکە، پەرلەمانتارەکەی ئۆکراینا دەڵێت، "پێشبینی شتێکە پشت بە بۆچوونی من نابەستێ بەڵکو پشت بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەبەستێ کە چۆن چەک بۆ ئۆکراینا دەنێرن. ئەگەر ئەو رێژە چەکەی ئێمە داوای دەکەین بۆمان بنێرن، ئەوکاتە ئومێدم لەگەڵ پێشبینیم یەکدەگرنەوە. چونکە ئێمە بۆ چەک و تەقەمەنی بەتەواوی پشت بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەبەستین."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێمە ئامادەین شەڕ بکەین.. ئێمە گەلێکین کە بە گڕوتینین بۆ شەڕ، بەڵام بەبێ چەکی مۆدێرن ناتوانین شەڕ بکەین."

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دوندا ئۆلێگ، پەرلەمانتاری ئۆکراینا و سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە:

رووداو: گفتوگۆیەکی تایبەت دەکەم لەگەڵ بەڕێز دوندا ئۆلێگ، پەرلەمانتاری ئۆکراینا و سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە، بێگومان تاوەکو ئێستا هێرشەکانی رووسیا بۆسەر خاکی ئۆکراینا بەردەوامە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵات، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیێنێت کە رۆژ بە رۆژ زیانێکی گەورە بە ژێرخانی ئابووری ئۆکراینا دەگات. دەمەوێت بزانم بەدواداچوونتان کردووە بەهۆی ئەم شەڕەوە لە سەتا چەندی وڵات وێران بووە؟

دوندا ئۆلێگ: سڵاو دڵنیا، ئەمە پرسیارێکی قورسە چونکە سەختە بە رێژەی سەتی زیانەکان بخەمڵێندرێن. وێرانکاریییەکان لە هەموو ناوچەکانی ئۆکراینا وەکو یەک نین. بۆ نموونە، 80%ـی ماریپۆل وێرانکراوە، زۆرینەی بەشەکانی خارکیڤ و میکۆلایڤیش وێرانکراون. هەروەها هەندێ شاریش لە هەرێمی کیێڤ وێرانکراون. بەڵام، بۆ نموونە ناوچەی ڤینیتسیا دەتوانین بڵێین هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە. سەختیشە ئێستا زیانەکان هەژماربکرێن چونکە هێشتا شەڕ تەواو نەبووە و رۆژانە ئۆکراینا وێرانتر دەکرێت. ئەگەر بە پارە زیانەکان هەژمار بکەین وای دەخەمڵێنین رێژەکە لەنێوان 600 بۆ 700 ملیار دۆلار بێت.

رووداو: بەڕێز زیلینسکی گوتی، "ئێمە پێویستمان بە 750 ملیار دۆلارە بۆ بونیاتنانەوەی ئۆکراینا" چۆن دەتوانن ئەو بڕە پارەیە بەدەستبێنن، لەکاتێکدا ئێوە ماریۆپۆل و دۆنێتسکتان لەدەستداوە و پێدەچێت دۆنباسیش لەدەستبدەن؟

دوندا ئۆلێگ: لەبارەی لەدەستدانی خاک، ئێمە بە شتێکی کاتی دەزانین. متمانەی تەواومان هەیە کە ئەو خاکە رزگاردەکەین. بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە کاتەوە هەیە. دوای ئازادکردنەوە سێڤەرۆدۆنێتسک و ماریپۆل دەبێ ئاوەدانیان بکەینەوە. لەبارەی پەیداکردنی پارەکەش، ئێستا ئۆکراینا شەڕی سەربەخۆیی دەکات، بۆیە هەموو داهات و سەرچاوەکانمان لە بەرگریدا بەکاردەهێنین، هەروەها بۆ بواری کۆمەڵایەتیش بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکە مەدەنییەی کە ناتوانن شەڕ بکەن. بۆیە کە باسی بوژاندنەوەی ئابووریمان دەکەین مەبەستمان ئەوەیە دەبێ یارمەتی نێودەوڵەتیمان پێبگات لەلایەن هاوبەشەکانمانەوە.

هەروەها ئێستا لە هەموو جیهاندا دەست بەسەر کەلوپەل و سامانی رووسیادا دەگیرێت ئێستا بیر لەوە دەکرێتەوە میکانیزمێک دابنرێت بفرۆشرێن و پارەکە رەوانەی ئۆکراینا بکرێت بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی. ئەمە شتێکی نوێ نییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، تەنیا جۆرێکە لە قەرەبووکردنەوە. کاتێک وڵاتێکی داگیرکار خەرجی ئەو وێرانکارییە دەدات کە لە کاتی شەڕدا دەیکات. بەداخەوە ئەو قەرەبووە نابێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە.

رووداو: هەست بە نۆژەنکردنەوەی شارەکان دەکرێت، بۆ نموونە لە بووچا و ئێرپین چەندی پێویستە بۆ ئەوەی هەمووی نۆژەن بکرێنەوە؟

دوندا ئۆلێگ: بارودۆخی هەر شارێک جیاواز و تایبەتە. بۆ نموونە، کاتێک باسی شاری بووچا دەکەین لەوە تێدەگەین کە شارێکە تێیدا چەندین کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامدران، بەڵام شارەکە وا بە خراپی وێراننەکراوە، تەنانەت دەتوانین هەر ئەمساڵ نۆژەنی بکەینەوە بەڵام کە باسی بۆرۆدیانکا دەکەین، تێدەگەین کە لە راستیدا تەواوی ناوەڕاستی شار بە تەواوی وێرانبووە و بۆ بونیادنانەوەی بۆرۆدۆیانکا پێویستە شارێکی نوێ دروستبکەین، چەند ساڵێکیشی پێدەچێت. شارەکانی دیکەش بە هەمان شێوە بارودۆخیان جیاوازە.

رووداو: کام وڵات زۆرترین هاوکاریی هەبووە بۆ نۆژەنکردنەوە، چەند پارەتان وەرگرتووە و بە قەرز یان وەک یارمەتی وەرتانگرتووە؟

دوندا ئۆلێگ: پێویستە تێبگەین کە جۆری جیاوازی یارمەتی هەن، یارمەتی سەربازی و یارمەتی بۆ بونیادنانەوە. لەبارەی یارمەتی سەربازی، بە زۆری ئەمریکا و بەریتانیا یارمەتیمان دەدەن، ئەوان زۆر یارمەتیمان دەدەن، هەندێ وڵاتی دیکەش بە هەمان شێوە. یارمەتی مرۆییش هەیە، یارمەتی مرۆییمان لە چەندین وڵاتەوە پێدەگات وەکو ئازەربایجان، تورکیا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەبارەی یارمەتی بۆ بونیادنانەوە، سەرەتا پێویستە میکانیزمێک دروستبکەین بۆ شێوازی ناردنی یارمەتییەکە بۆمان. چونکە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان پارەیان لەبەردەستە کە دەتوانرێ رەوانەی ئۆکراینا بکرێ. بۆیە بەمدواییانە لە لوگانۆ کۆنفڕانسێک رێکخرا. بەڵام دەزانم کە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان پارەیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بینێرن بۆ ئۆکراینا هەر کە میکانیزمێکی یاسایی دانرا بۆ ئەو کارە. میکانیزمەکە چاودێریکردنی چۆنیێتی خەرجکردنی پارەکەش لەخۆدەگرێت.

رووداو: بڕی پاڵپشتی خێزانەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان چەندە؟

دوندا ئۆلێگ: تاوەکو ئێستا حکومەتی ئۆکراینا 70 ملیۆن یۆرۆی دابینکردووە بۆ ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان لەدەستداوە. بەڵام ئەمە تەنیا بۆ هەندێ قەرەبووی کەم و زیانی بچووکە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووانە نییە کە بەتەواوی رووخاون. هەروەها ئێستا ئێمە کار کاردەکەین بۆ دروستکردنی میکانیزمێکی یاسایی بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بۆمان دەنێرین بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنرێ. بەڵام ئەم قەرەبووەی ئێستا هەیە بچووکە چونکە ئێمە باسی کیێڤ و چێرنینهیڤ دەکەین، بەڵام دوای ئەوەی لوهانسک، دۆنێتسک. هێرسۆن و زاپۆریژیا ئازاد دەکەین تێدەگەین کە پێویستمان بە پارەیەکی زۆر لەوە زیاتر دەبێت بۆ بونیادنانەوەی ئەو ناوچانە. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا شەڕەکە تەواو نەبووە رۆژانە زیانی دیکەمان بەردەکەوێت. وەک چۆن ئێستا رۆژانە خارکیڤ و میکۆلایڤ لە ژێر بۆردوومانی چڕدان، ناشتوانین ئەمڕۆ وێرانکارییەکان چاک بکەینەوە چونکە رەنگە سبەی دیسان وێرانبکرێتەوە.

رووداو: پێشبینیتان چییە بۆ دۆخی وڵات تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ؟

دوندا ئۆلێگ: پێویستە ئومێد و پێشبینی لێک جیابکەینەوە. بۆیە، ئومێدی من ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئۆکراینا بەتەواوی ئازاد بکەین و تەواوی خاکەکەمان بەدەست بهێنینەوە، بەڵام پێشبینی شتێکە پشت بە بۆچوونی من نابەستێ بەڵکو پشت بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەبەستێ. کە چۆن چەک بۆ ئۆکراینا دەنێرن. ئەگەر ئەو رێژە چەکەی ئێمە داوای دەکەین بۆمان بنێرن، ئەوکاتە ئومێدم لەگەڵ پێشبینیم یەکدەگرنەوە. چونکە ئێمە بۆ چەک و تەقەمەنی بەتەواوی پشت بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەبەستین. ئێمە ئامادەین شەڕ بکەین، مانگی شوبات و ئادار و نیسان ئەوەمان سەلماند کە شارەکانی کیێڤ، چێرنیهیڤ و چەند ناوچەیەکی دیکەمان ئازادکردن. ئێمە گەلێکین کە بە گڕوتینین بۆ شەڕ، بەڵام بەبێ چەکی مۆدێرن ناتوانین شەڕ بکەین.

رووداو: چیدەڵێن لەسەر ئەوەی کە دەگوترێت ئەم شەڕە چەند ساڵێک دەخایەنێت، ئەگەر شەڕەکە چەند ساڵێک بخایێنێت ئێوە دەتوانن دەست بە نۆژەنکردنەوەکە بکەن؟ من لە خارکیف بینیم چەندین خانوو خاپوورکرابوون و دەست بەنۆژەنکردنەوەیان نەکراوە، خەڵکی شارەکە دەیانگوت حکومەت بە ئێمەی گوتووە، بووەستن تاوەکو شەڕ تەواو دەبێت، کەواتە ئەگەر شەڕ زۆر بخایێنێت ناتوانن دەست بە نۆژەنکردنەوە بکەن؟

دوندا ئۆلێگ: ئێستا لە هەموو ناوچەکانی ئۆکراینا شەڕ روونادات. بۆ نموونە باسی خارکیڤت کرد، بەڵێ لەوێ رۆژانە وێرانکاری روودەدات هیچ مانای نییە شتێک بونیادبنێینەوە کە دەکرێ وێرانبکرێتەوە. بەڵام کە باسی ئەو ناوچانە دەکەین کە ئازادمان کردوون یان ئازادیان دەکەین و ئەگەری روودانەوەی وێرانکاری تێیاندا کەمە، ئەوە بونیادیان دەنێینەوە وەک چۆن ئێستا لە کیێڤ و چێرنیهیڤ ئەوکارە دەکەین. ئێستاش لە میکۆلاڤیا دەستپێدەکەین. لەوێ کە دوژمنمان بەرەو باشوور کشاندووەتەوە. بەڵام لەبارەی ئەو ناوچانەی لە هێڵی شەڕەوە نزیکن، زەحمەتە بیر لە دەستکردن بە بونیادناننەوە بکەینەوە. ئایا چەند ساڵێک دەخایێنێت یان نا، ئێمە پێمانخۆشە تەنانەت سبەی هەموو خاکمان ئازاد بکەین. بەڵام ئەوە تەنیا پشت بە ئارەزووی ئێمە نابەستێت، بەڵکو پشت بە هاتنی چەک دەبەستێت. ئەگەر چەکمان بۆ بێت دەتوانین خێراتر ئۆکراینا ئازاد بکەین، ئەگەر بەدەستیشمان نەگات، شەڕەکە درێژتر دەبێتەوە.

رووداو: پێشبینیتان چییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 2023 و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ساڵی 2024؟

دوندا ئۆلێگ: مەبەستت پێشبینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانە یان بۆچوونی منت دەوێ لەسەر ئەوەی ئەو هەڵبژاردنانە دەکرێن یان نا؟

رووداو: بەڵی ئایا ئەمە روودەدات، یان ناتوانن پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەببەن؟

دوندا ئۆلێگ: لە رووی یاساییەوە ناتوانین هیچ هەڵبژاردنێک بکەین تاوەکو ئەوکاتەی یاسای سەربازی چالاک بێت. بۆیە پشت بەوە دەبەستێت کە کەی شەڕەکە تەواو دەبێت. تەنیا دوای ئەوە دەتوانین هەڵبژاردن ئەنجامبدەین. لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە ئەوە خەڵکی ئۆکراینان کە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بەوانە دەدەن کە لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا رۆڵیان هەبووە. دوێنێ قسەم لەگەڵ رۆژنامەڤانە فەڕەنسییەکان کرد وای تێگەیشتم ئەگەر ئەوان مافی دەنگدانیان هەبووایە لە ئۆکراینا، دەنگیان بە زێلێنسکی دەدا نەک ئیمانوێل ماکرۆن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif