ئەمەریکاو هەرێمی کوردستان بەیەکەوە باشترن

ليست هناك تعليقات


ڕۆبێرت پاڵەدینۆ
 -
هەر لەگەڵ گەیشتنم بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق ساڵێک لەمەوبەر بۆ ئەوەی وەک کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لێرە خزمەت بکەم، دیدگایەکی ڕوون کە هەم بوو بریتی بوو لە فراوانکردنی تێکەڵکێشی و پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستاندا، لە زاخۆوە بۆ هەڵەبجە، لەبەرئەوەی بەیەکەوە باشترین.

بەداخەوە، لە مانگی تەمموزی ڕابردوو ٪٧٥ ی کارمەندانی لۆکاڵی کونسوڵخانە لە ماڵەوە کاریان دەکرد، دانی پیادەنێم ئەوە ئەوشتە بوو کە زۆر نیگەرانی دەکردم لەبەرئەوەی ئەمەریکا ناتوانێت بەبێ کارمەندە لۆکاڵیە بێوێنەکان سەرکەوتوبێت. ڕووم کردە کوردە نیشتمانپەروەرەکان و گوتم ئێمە یەک مێژووی هاوبەش لە قوربانیدانمان هەیە و پێویست دەکات بەیەکەوە بین بۆهەماهەنگیکردن و بنیاتنانی پەیوەندی بەهێزتر لە نێوان حکومەت و هاوڵاتیانمان. زۆر هەستم بە سەربەرزیکرد کاتێک بینیم ٪١٠٠ کارمەندانی لۆکاڵی گەرانەوە سەرکار تاکۆتایی مانگی ئاب.

چەند شتێکی گەورەمان بەیەکەوە بەدەستهێنا. ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا پێی وایە کە کەرتی تایبەت بزوێنەری گەشەکردنە، بۆیە داکۆکیمان لە چاکسازی بازرگانی کرد کە ئەمەش ڕێگەی بەو بازرگانی و کۆمپانیایانەی ئەمەریکا دا کە لێرە کاردەکەن فراوان بن و دەرفەتی کاری باش بڕەخسێنن کە یارمەتی ئابوری هەرێمی کوردستان دەدات. باشترین بەشی دیبلۆماسی بازرگانیمان بریتی بوو لە بینینی پێشەنگکارانی گەنج لەسەرانسەری هەرێمی کوردستاندا و خەونی گەورەیان بۆ گەشەکردن سەرنجی ڕاکێشام. قەرزمان دا بە پێشانگکاران و یارمەتی پڕۆژەی بچوکماندا و خۆشحاڵ بووین بە بینینی دروستکردنی هەلی کاری تازە. قەرزی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکا بۆ فراوانکردنی کۆرمۆر مانای زۆر لەخۆ دەگرێت و کارەبای خاوێنتر بۆ هەموو عێراقیەکان دابین دەکات.

دیبلۆماسی ئەوەمان لێدەخوازێت کە پەرە بە پەیوەندی بەهێزی نیوان حکومەتەکان بدەین، سەربەرزم بە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی چاکسازیدا، نەهێشتنی کارمەندی بندیوار کە ئەرک بوون بەسەر سامانی گشتیەوەو هەروەها کارکردن لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ گلدانەوەی ئاوو نەهێشتنی زیادەڕۆیی بۆسەر ئاو، کە بووە هۆی پاشەکەوتکردنی زیاتر لە یەک ملیار لیتر ئاو ساڵانە.

ئەوەی گرنگە کونسوڵخانە زۆر زیاتری کردووە وەک تەنها کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و پارتە سیاسیەکان، هەوڵی زۆرمان خستوەتەگەڕ بۆ بینینی هاوڵاتی ئاساییش. یارمەتی پەرواێزخراوەکانمان داوەو زۆرجاریش هەوڵمانداوە ببینە دەنگی بێدەنگەکان. گەورەترین بەخشەری کۆمەکی مرۆیین بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکاندا دەژین، کۆمەکی شێلتەرەکانمان کردووە بۆ پاراستنی ژنانی دەرباز بووی توندوتیژی خێزانی، ناو بەناو لەگەڵ کچان و کوڕانی ئێزدیدا کۆبووینەتەوە، داکۆکیمان لە هەموو پێکهاتە ئایینیەکان کردووە و چالاکانە پشتیوانی ئەو ڕۆژنامەنوسانەمان کردووە کە ڕوبەڕوی پێشێلکاری ئازادی ڕاگەیاندن بوونەتەوە. کۆمەکی زانکۆکانمان کردووە و زۆرجار قسەمان لەگەڵ خوێندکارنی زانکۆدا کردووە بۆ بیستنی پەیامەکانیان وچەندان زەمالەی خوێندنمان بەخشیوە، لەوانەش خوێندکاری یەکەم لە زانکۆی ئەمەریكی لە عێراق-سلێمانی.

دروستترین سەلمێنەری هاوڕێیەتیەکەمان بریتیە لە پەیوەندی نێوان هاوڵاتیانمان. دوای وەستانێکی زۆر کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا دەستی بە خزمەتگوزاری پێدانی ڤیزە کردەوە، چونکە دەمانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان ببینین کە دەخوێنن و گەشت دەکەن و بازرگانی دەکەن لە ئەمەریکا. لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕی کەلتوریدا زیاتر لە ١٠٠ گەنجمان ناردووە بۆ ئەمەریکا بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی ژیانیان فراوان بکەن، هەروەها زیاتر لە ٢٠ ئەفسەری پێشمەرگەمان بۆ ڕاهێنانی سەربازی پێشکەوتوو ناردووە. سەربەرزین بە پشتیوانیکردنی پەیوەندی دەستەخوشکی نێوان دهۆک و گەینسڤیڵ-فلۆریدا و هەولێروناشفیڵ-تێنسی، چونکە پێمان وایە ئالوگۆڕی زیاتری بازرگانی و کشتوکاڵ و ئاڵوگۆڕی خوێندن ڕۆحی بەها هاوبەشەکانمانن. کۆمەکی داراییمان بۆ پرۆژەی گەورەی پاراستنی کەلتوری تەرخان کردوە، هەر لە حەمامی قەڵای هەولێرەوە بۆ پەرستگای ئیزدیەکان لە لالش و دەرگای بادینان لە ئامێدی وپەرستگای ئیزیکیەل لە شوش، چونکە پێمان وایە کەلتوری هەرێمی کوردستان گەنجینەیە بۆ هەموو جیهان.

بێگومان هیچ شتێک مەحاڵ نیە بەبێ هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر و ئارام. ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە کاری گرنگی پێشکەشکردنی ڕاهێنان و ڕاوێژ لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بەڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ تێکشکاندنی داعش، هەزاران پێشمەرگەی ئازای لەژێر کۆنترۆڵی پارتە سیاسیەکانەوە گواستەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هەروەها زیاتر لە شەش هەزار پارچە کەلوپەلی ڕادەستی پێشمەرگە کرد. لە پێناو سەلامەتی هەرێمی کوردستان، هەڵساین بە بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنیەکان و هێزەکانی جێبەجێکردنی یاساو کۆمەکی دژەتیرۆرمان دەست پێکردەوەو بڕێکی بەرچاو کەلوپەلی دژەتیرۆرمان پێشکەش کرد.

ئێستا هەستێکی پڕ لە ڕێزو پێزانینم بۆ خەڵکی ئەم هەرێمە جوان و قەشەنگە هەیە، خانەخوێیی و باوەش کراوەییتان بۆمن و هاوڕێ ئەمەریکیەکانم لە بیر ناکرێت. هەرێمی کوردستان ڕێگایەکی دووروودرێژی بڕیوە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا و زۆر شت هەن تا فەخریان پێوە بکرێت. پرۆسەی دیموکراسی درێژ و زەحمەتە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شان بە شانتان دەوەستێت. پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بەهێزە، بەڵام بۆئەوەی ئەم پەیوەندیە بەهێزتر بکەین، پێویست دەکات بەیەکەوە کاربکەین بۆ بەرەوپێشبردنی بەها هاوبەشەکانی وەک ئازادی ڕادەربڕین، چاکسازی ئابوری و یەکگرتوویی کورد. داکۆکیکارتان دەبم لە واشینتۆن و هەرکاتێک داوام لێبکرێت ئامادەم بۆ بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی پەیوەندیە تایبەتەکەمان. هاوڕێیەکی درێژمەوداتان دەبم، لەبەرئەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاو هەرێمی کوردستانی عێراق بەیەکەوە باشترن لە ئێستاو داهاتوشدا



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif