مێسی دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟

ليست هناك تعليقات



چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا داواکارییەکی چاوەڕواننەکراو لە سەرۆکی بارسێلۆنا دەکات و دەیەوێت لیۆنێل مێسی بگەڕێتەوە یانەکە.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " چاڤی هێرناندێز داوای لە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا کردووە، لە دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستی مێسی لە هاوینی 2023 هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانەکە بدات و ئەو وای دەبینێت یاریزانەکە دەتوانێت پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری تیپەکە."

رۆژنامەکە دەڵێت " بارسێلۆنا بەکردەیی بیر لە جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە دەکاتەوە."

جێرارد رۆمێرۆ، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێت " نازانم ئەمە تا چەند راستە، بەڵام ئەوە دەزانم بەدرێژایی وەرزی رابردوو چاڤی و مێسی پەیوەندییان هەبووە، بابزانین دوای قسەکانی لاپۆرتا چی روودەدات."

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا لە دوایین لێدوانیدا گوتی" خۆم بە قەرزاری مێسی دەزانم، هیوادارم چیرۆکی ئەو لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتایی نەهاتبێت."

فیرۆنیکا برۆناتی، رۆژنامەڤانێکی نزیک لە بارسێلۆنایە و نووسیوویەتی " مێسی و باوکی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بارسێلۆنا، بەڵام بەر لەوە دەبێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لاپۆرتا ئاسایی بکەنەوە، کە دوای رۆیشتنی لیۆ ناکۆکییەکی زۆر کەوتە نێوانیان."

رۆژنامەی ئۆلێی ئەرجەنتینی لەو بارەیەوە دەڵێت " چاڤی لەو بڕوایەدایە، مێسی بەگەڕانەوەی بۆ یانەکە دەتوانێت بەشدارییەکی کارای هەبێت لە سەرخستنی پڕۆژەی تیپەکە لە رووی ئابووری و وەرزشییە و کاریگەریی دەبێت لە راگرتنی ئەو جیاوازیانەی کە لە دوای رۆیشتنی ئەو لە تیپەکەدا سەریان هەڵداوە."

رۆژنامەی سپۆرت دەڵێت " ئێستا بارسێلۆنا هۆکاری هەیە بۆ ئەوەی مێسی بگەڕێتەوە، لەوانەش تیپێکی رکابەر بۆ یارییکردن لە چامپیۆنزلیگ، بارودۆخی ئابووری یانەکە بەرەو باشی دەڕوات، پەیوەندی بەهێزی هاندەران و بارسێلۆنا لەگەڵ مێسی."

پێشتر میدیای فەرەنسا هەواڵێکی بڵاوکربووە و رایگەیاندبوو، پاریس سانجێرمان داوای لە مێسی کردووە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام یاریزانەکە بە یانەکەی گوتووە دوای مۆندیالی 2022 وەڵامتان دەدەمەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif