لە باوەشی مافیاکانەوە بۆ ئامێزی گەورەترین یانەکانی جیهان

ليست هناك تعليقات


 
پێیاندەگووت ئاپاچی.. وەک مووشەک دەردەکەوت.. رووخساری پڕی لەکە و جێبرین بوو.. پێیاندەگووت بیشارەوە، نەشتەرگەرییەکی جوانکارییە و هەموو شت ون دەبێت، ئەو دەیگوت یان دونیا وەک خۆم قبووڵمدەکات، یان رەتمدەکاتەوە و تەواو.

کارلۆس تێڤێز، منداڵێکی گەورەبووی نێو یەکێک لە بەدناوترین گەڕەکەکانی ئەرجەنتین بوو. سەردەمانێک وەک خۆی گوتوویەتی دەبوو بڕیاربدات هۆشبەر یان تۆپبەر بێت، ئەو دووەمیانی هەڵبژارد و مێژوویەکی گەورەی نووسییەوە.

شوباتی 1984 لە ناوچەی سویدادی بۆینس ئایرسی ئەرجەنتین لەدایکبوو، پاش 38 ساڵ لەو رۆژە، دەیان یادەوەری جیاواز و سەدان گۆڵ و حەماسەتی سەرکەوتن، بەرەبەیانێکی هاوینی ئەمساڵ لە خەو رابوو و بە هاوژینەکەی گوت، ئیدی من نامەوێ یاری بکەم، باوکم مرد، پاڵنەر و هاندەر و پشتوپەنام بۆ یاریکردن مرد.

ژیان و چیرۆکی تێڤێز، ژیانی راکردن و هەڵهاتنبوو لە نێو گەڕەکەکانی تاوان و کۆڵانەکانی بێئومێدی و ئەو ناوچانەوە کە تۆمەتبار و مافیاکان کۆنترۆڵیانکردبوو، ئەو لەوێ هەڵهات و لە تۆپی پێدا، چارەنووسێکی دیکەی بۆخۆی دۆزییەوە، چارەنووسێک کە پڕیبوو لە گۆڕینی نائومێدی بۆ ئومێد و لە بەدبەختی بۆ بەختەوەری.

ژیانی تێڤێز بەنەهامەتیی گەورەوە دەستیپێکرد، هێشتا تەمەنی تەنیا 10 مانگ بوو کاتێک ئاوی کوڵاو بەجەستەیدا رژا و لە رووخسارییەوە تا سەر سنگی داپڵۆخاند. منداڵە بچووکەکە کە ناوی کارلۆس بوو، پێویستی بە دوو مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە و چاودێری پزیشکەکان هەبوو، تا لەو سووتانە چاکببێتەوە کە پلە سێ بوو و زۆری نەمابوو ژیانی لێبسەنێتەوە. ئەو سوتانە و ئەو برینانە دواتر بوونە ئەو پەڵە و لەکانەی تێڤێز رۆژێک لە رۆژان ئامادەنەبوو دەستکارییان بکات، هەمیشە دەیگوت با بمێننەوە تا هەمیشە لەبیرم بێت، من لەکوێوە هاتووم.

تەمەنی بووە 5 ساڵان و پەردەیەکی دیکەی نەهامەتی بەڕووی ژیانیدا هەڵدرایەوە، ئەوکات لە شەڕەتەقەیەکی پیاوانی هۆشبەر و تاوانی ناوچەی فوێرتی ئاپاچی بۆینس ئایرسدا باوکی کوژرا، باوکیشی و دایکیشی کاریان بۆ مافیاکانی بازرگانیی هۆشبەر دەکرد و بەدوای یەکدا بوونە قوربانیی ئەو کارە پڕ لە قیزەونییە، ئەو هەتیوو کەوت، بەڵام سیگۆندۆ رامینۆدۆ تێڤێز، ئەوی هەڵگرتەوە و بەخێویکرد و گەورەی کرد، هەر ئەویش هەموو رۆژێک دەیبردە یاریگە و رۆژ لە دوای رۆژ تۆوی زیاتری خۆشەویستی تۆپی پێی لە ناخ و دەروونیدا دەچاند.

خۆشەویستی تۆپ لە ناخیدا چەکەرەیکرد و تادەهات گەورە و گەورەتر دەبوو، ئەو باوکەی ئەوی لێنەبوو و بەخێوی دەکرد، هەموو رۆژێک چیرۆکەکانی سەرکەوتنی بۆ دەگیڕایەوە و هانیدەدا، لەگەڵ خۆیدا دەیبردە یاریگە و پێیدەگووت ئەو درێس شین و زەردانە گەورەترین خۆشەویستن، ئەوانە بۆکاجۆنیۆرزن.

سیگمۆندۆ بۆ تێڤێز تەنیا باوکێک نەبوو، بەڵکو رزگارکەر و چارەنووسداڕێژەریش بوو، تێڤێز خۆی دەڵێ، لە ناوچەکەیدا گەورەبووم لەگەڵ تاریکبوونی دونیادا ئیدی هەموو شت دەکەوتە دەست کۆمەڵێك پیاوی مەدهۆشی چەکبەدەست کە ئەوان بڕیاریاندەدا کێ دەتوانێ بژی و کێ دەبێ بمرێت.. لە نێو ئەو ناوچە مەترسیدارەدا من منداڵییەکی ئارامم لە ماڵێکی بێدەنگدا بەهۆی سیگمۆندۆوە بەسەر دەبرد. لەوێ فێری رێز و خاکەڕایی و قوربانیدان بووم.

فوێرتی ئاپاچی، تەنیا ناوچەیەکی لێوانلێو لە تاوان و باڵادەستیی مافیاکان نەبوو، لەوێ تێڤێز نازناوی ئاپاچیشی لەگەڵ خۆیدا هێنایە دەرەوە، لە بۆکاجۆنیۆرز دەستی بەیاریکرد و ئەو هەموو دۆخە نەشیاوە ئەویان فێرکرد تووندتر و پتەوتربێت، هاندەرانی یانەکە ناویاننا یاریزانی گەل، ناوبانگی بەشێوەیەکی لێهات دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا پێیگوت، تۆ پەیامبەری سەدەی بیستی ئەرجەنتینی.

لە نێوان دووژمنەکانی نێو ناوچەی فوێرتی ئاپاچییەوە، ئەو درێسی دوو دوژمنی تۆپی پێی پۆشی، بۆکاجۆنیۆرز و نیوزئۆڵدبۆیز، بەڵام لەلای ئەوانەوە بۆ دونیای دەرەوە چوو. لە کاتێکدا تاوانبارەکانی گەڕەکەکەی منداڵیی، جاریکی دیکە هاتنەوە رێگەی و ئەوکاتەی گەیشتبووە یاریکردن بۆ یانەی مانچیستەر سیتی ئینگلیزی، ناچاربوو بڕی 40 هەزار یۆرۆ بەو رفێنەرانە بدات کە بابا سیگۆندۆیان رفاندبوو.

تێڤێز هەمیشە بەحەز و خۆشەویستی و ویستی سەرکەوتنەوە یاریکرد، بەڵام هەمیشەش تارماییەکانی منداڵییەکی ترسناک و یادەوەرییەکانی کوشتن لە خەیاڵیدا مانەوە، بەڵام خەیاڵەکان نەیانتوانی رێ لەسەرکەوتن بگرن، ئەو خۆی دەڵێ دەستمکرد بەیاری لەبەر هیچ نا، تەنیا لەبەرئەوەی لە ژاوەژاو و تۆقینی ئەو گەڕەکە دووربکەومەوە کە بەئاسانی هەموو کەسی تێدا دەکوژرا، دواتر بۆم دەرکەوت، دەتوانم نەک چواردەورەکەی خۆم، بەڵکو بەهۆی تۆپی پێوە، وڵاتەکەم و هەموو جیهانیش بگۆڕم. کارلیتۆ لە جیهاندا زۆری گۆڕی، لە چەندین یانەی جیاواز درەوشایەوە و دەیان نازناوی بەهۆی سەدان گۆڵی خۆیەوە بەدەستهێنا، لەبەردەمی ملیۆنان هاندەریشدا هاتە دەرێ و گوتی.. ئیدی تەواو.. پاڵنەر نەما..



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif