قازانجەکەی بۆ 16 ملیار دۆلار دابەزی

ليست هناك تعليقات


قازانجی کۆمپانیای ئەلفابێت، گەورە کۆمپانیای تەکنۆلۆجیای ئەمریکی و کۆمپانیای دایکی گووگڵ لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بۆ 16 ملیار دۆلار دابەزی. لەلایەکی دیکەوە مایکرۆسۆفت قازانجێکی باشی کردووە و بەهای پشکەکانیشی بەرزبوونەوە.

بۆ دوو چارەکی یەک لە دوای یەکە کە قازانجی کۆمپانیای ئەلفابێت دادەبەزێت. لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کۆمپانیای ئەلفابێت 18 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قازانجی کردبوو.

دابەزینی قازانجی کۆمپانیای گووگڵ لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵی رابردوو لە کاتێکدایە کۆمپانیاکە لە راستیدا داهاتی زیاتری لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا هەبووە، بەڵام بەرزبوونەوەی تێچووەکانی کۆمپانیا بەهۆی بەرزیی رێژەی هەڵاوسان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی قازانجی کۆمپانیاکە کەمببێتەوە.

کۆمپانیای ئالفابێت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا 69 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە. نزیکەی 40 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لە داهاتی کۆمپانیای ئالفابێت بەهۆی گەڕانی ئینتەرنێتییەوەیە و نزیکەی شەش ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریش بەهۆی داهاتی کلاودی کۆمپانیاکە بووە.

هاوکات داهاتی یوتیوبیش نزیکەی 7 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە.

داهاتی مایکرۆسۆفت بە رێژەی 12٪ بەرزبووەوە

گەورە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا 51 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە کە بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی 12% بەرزبووەتەوە.

مایکرۆسۆفت هەروەها رایگەیاند، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بە بڕی 16 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە کە بە رێژەی 2% زیاترە لە قازانجی چارەکی دووەمی ساڵی رابردوو. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە بەرزیی بەهای دۆلار بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە، هەربۆیە کۆمپانیاکە کەمتر لەو ئاستەی کە چاوەڕوان دەکرا قازانج و داهاتی هەبووە.

دوای راگەیاندنی راپۆرتی دارایی کۆمپانیاکە، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بە رێژەی 5٪ بەرزبووەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif