دەچیت بۆ وێژەیی یان زانستی؟

ليست هناك تعليقات



سالار مەحمود
-
بەهۆی ئەوەی لەسەر بنەمایەکی دروست و بە هۆشیاریییەوە بەشەکەیان هەڵنەبژاردووە، ساڵانە سەدان قوتابی دەرچووی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی، لانیکەم ساڵێکیان دەبێتە قوربانی.

لەپاش دەرچوون لە پۆلی نۆیەم، قۆناغێکی جیاوازی خوێندن دێتە بەردەم خوێندکاران و لە پۆلی دەیەمی ئامادەییەوە، تا ئاستێکی زۆر دەچنە سەر ڕێگەی وەرگرتنی تایبەتمەندی و ئەو بەشەی کە زۆرتر مەیلیان لێیەو وانەکانی لەگەڵ توانای هزری ئەواندا دێتەوە.

زۆرێک لە دەرچوانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی هەر لە پۆلی حەوتەم و ڕەنگە پێشتریش ئەوەیان لا بەرجەستە بووبێت کە ئەوان ئەهلی بەشی زانستی، یان وێژەیین، بۆیە لەگەڵ گەشتنیان بە قۆناغی ئامادەیی بێدودڵی بەشی دڵخوازی خۆیان هەڵدەبژێرن.

بەڵام زۆریشن ئەوانەی کە تا ئەو ڕۆژەی دەچنە ئامادەیی هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوەو بە ڕاڕایی و دوو دڵی و لەسەر کۆمەڵێک بنەمای لاوەکی و نازانستی یەکێک لەبەشەکان هەڵدەبژێرن و زۆیشن ئەوانەی کە تا هەفتەیەک زیاتریش هێشتا لە ڕاڕاییدا دەژین و لە نێوان وێژەیی و زانستیدا ئەمبەرو ئەوبەر دەکەن.

هاوکات دەیان خوێندکاریش بەهۆی ئەوەی کە بەشەکەی بە هەڵە هەڵبژاردووە، پاش ساڵێک کەوتن لە بەشێکدا، ساڵی داهاتووتر بەشەکەی دەگۆڕێت و دەچێتە بەشێکیتر، بەتایبەت ئەمە زۆرتر لەو خوێندکارانەدا ڕوو دەدات کە هۆکارێکی لاوەکی وایلێکردوون بچنە بەشی زانستی.

زۆرێک لە خوێندکاران بەهۆی ئەوەی هاوڕێیەک یان هاوڕێکانیان چوونەتە بەشی زانستی، بەبێئەوەی توانای ئەو بەشەیان هەبێت و دڵنیابن تیایدا سەرکەوتوو دەبن، ئەمانیش ڕوو دەکەنە بەشی زانستی، زۆرێکیش وا تێگەیەنراوە کە دەرچووی بەشی زانستی لەپاش پۆلی دوازدە، دەیان شوێن و کۆلێژو پەیمانگای گرنگ و باش وەریدەگرێت، بەڵام دەرچووی بەشی وێژەیی چەند شوێنێکی کەم و نا گرنگ وەریدەگرێت، ئەو دوو هۆکارە وایکردووە کە ساڵانە سەدان قوتابی ئەو ڕێگە ڕاست و دروستەیان لێتێکبچێت کە هاوشانی توانای هزی ئەوانە.

دیسان بەشێک لە خوێندکارانیش، بە هەڵە وێنای بەشی وێژەییان بۆ دەکرێت و وا تێدەگەیەنرێن کە زۆر لە بەشی زانستی ئاسانترەو پێوویستی بە کۆشش و ماندووبوونی ئەوتۆ نییە بۆ دەرچوون.

هەڵبژاردنی بەشی زانستی، یان وێژەیی لەپاش دەرچوون لە پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی، هەر تەنها پەیوەست نییە بەوەی کە قوتابییەک ساڵێک یان دوان لە خوێندن دوا دەکەوێت، یان بە ناڕەحەت دەتوانێت تیایدا سەرکەوتووبێت و دەربچێت، بەڵکو هەڵبژاردنی ئەوبەشە پەیوەندی بە چارەنووس و داهاتووی قوتابییەکەوە هەیە بۆ خوێندنی ماستەرو دکتۆراو وەرگرتنی پسپۆڕی لە بوارەکەیدا.

بەخاتری ئەوەی قوتابیان لەپاش پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بە ڕێگە دروستەکەدا بڕۆن و ئەو بەشە هەڵبژێرن کە لەگەڵ تواناو هزریاندا دێتەوە، پێوویستە لە پۆلی نۆیەمی بنەڕەتیدا هاوکاری بکرێن و خاسیەت و تایبەتمەندی هەردوو بەشەکەیان بۆ ڕوون بکرێتەوەو لەم پێناوەشدا دەبێت خێزان و دایک و باوک ڕۆڵ بگێڕن و سەرباری ئەمەش لەگەڵ پەیوەندی کردنیان بە خوێندنگە ئامادەییەکەوە پێوویستە لەوێ زانیاری تەواویان پێبدرێت و هانبدرێن بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ڕاست و درووست، نەک هۆکاری لاوەکی بەشی زانستی یان وێژەیی هەڵبژێرن.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif