828 ملیۆن کەس هەموو شەوێک بە برسێتی دەخەون

ليست هناك تعليقات


73یەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو، دانیشتەکە لە ژێر ناونیشانی "کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە کاربکەین: هەماهەنگی لە داڕشتنی سیاسەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانی" بەڕێوەچوو. بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی برسێتی لە جیهاندا، وڵاتانی ئەندام زەنگی مەترسی لێدەدەن.

ژانگ جون، نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت: "ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەپەلە لەڕێگەی هەماهەنگی و هاوبەشیی نێوان وڵاتان پشتگیری لەو وڵاتانە بکات کە بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە زیانیان بەرکەوتووە. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هۆشداری دەربارەی بەرهەمهێنانی خۆراک، هەڵگرتنی خۆراک، گواستنەوەی خۆراک، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک بدەن بەو وڵاتانەی کە دووچاری کێشەی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە. هەروەها، جەخت لە زیادکردنی وەبەرهێنانی گشتی و تایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ و باشترکردنی خۆراک بکاتەوە."

بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری داوە لەوەی کە جەنگی ئۆکراینا ئەمساڵ 95 ملیۆن کەس دەخاتەژێر هەژارییەوە و 50 ملیۆن کەسیش تووشی برسێتییەکی تووند دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئەگەر بەهەماهەنگی رووبەڕووی برسێتی نەبینەوە، دۆخەکە لە گرێژنە دەردەچێت."

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز ، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد: "جیهان بە کۆمەڵێک بەربەستدا تێدەپەڕێت، وەکو گۆڕانی کەشوهەوا، ڤایرۆسی کۆرۆنا، ململانێکان، بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان. لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا نرخەکانی خۆراک و وزە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و بەبۆنەی جەنگی ئۆکرایناوە خراپتر بووە. ئەمە دەروازەیەکە بۆ گێژاوی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاستێکی پێوانەیی برسێتی. راپۆرتی ئاسایشی خۆراک ئاشکرای دەکات کە لە دوو ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئاسایشی خۆراک کەوتووەتە مەترسییەوە، دووهێندە زیادی کردووە. ئەمساڵ رووبەڕووی مەترسیی برسێتیی زۆر لەوە زیاتر دەبینەوە." 

پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی رایگەیاند، 828 ملیۆن کەس هەموو شەوێک بە برسێتی دەخەون، ژمارەی ئەوانەی دووچاری نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە لە ساڵی 2019ـەوە لە 135 ملیۆنەوە بۆ 345 ملیۆن کەس زیادی کردووە.

پرۆگرامەکە دەڵێت، پێویستیان بە 22.2 ملیار دۆلارە بۆ ئەوەی ئەمساڵ خۆراک بگەیێننە 152 ملیۆن کەس.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif