زنجیرەیەک لەبارەی گرووپی بی تی ئێس بڵاودەکرێتەوە

ليست هناك تعليقات




کۆمپانیای واڵت دیزنی، زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی لەبارەی گرووپی بی تی ئێس بەرهەمدێنیت و لە پێگەی دیزنی پڵەس بڵاوی دەکاتەوە.

بڕیارە ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە لە 2023 بڵاوبکرێتەوە و چەندین ڤیدیۆی گرووپەکە لەخۆدەگرێت کە ئەندامانی لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا پێکەوە کاریان کردووە.

ئەم بەرهەمە زنجیرەییە، ژیانی رۆژانەی ئەندامانی گرووپەکە و تیڕوانین و پلانەکانیان دەخاتەڕوو کە حوزەیرانی رابردوو، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کاتیی گرووپەکەیان دا.

کۆمپانیای دیزنی لەگەڵ کۆمپانیای هایب سەرپەرشتیاری گرووپی بی تی ئێس رێککەوتووە، کۆنسێرتی ئەو گرووپە لە یەکێک لە یاریگەکانی لۆس ئەنجلس لە تشرینی دووەمی 2021 بڵاوبکاتەوە.

سازکردنی کۆنسێرتەکە لە دوای دابڕانی گرووپەکە بوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا.

ئەندامانی گرووپی بی تی ئێس، لە کاتێکدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کاتیی گرووپەکەیان داوە، بەڵام ئەندامانی خەریکی پڕۆژە و کاری هونەری تایبەتن.

جەی-هۆپ، ئەندامی گرووپەکە، وێنەی نوێترین بەرهەمی بەناوی 'Arosn' بڵاوکردەوە و ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەم بەرهەمە یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومە نوێیەکەی ئەو گۆرانیبێژە دەبێت کە بڕیارە لە 15-7-2022 بەناوی 'Jack In The Box' بڵاوی بکاتەوە.

جەی-هۆپ، پۆستێکی لە هەژماری تایبەتیی لە ئینستگرام کردووە و نووسیویەتی "هەموو شتێکم سووتاند".

لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە جەی-هۆپ، لە فیستیڤاڵی میوزیکی لالاپۆلیزا بەشدار بێت کە بڕیارە لە 28-31 ئەم مانگە، لە شیکاگۆ لە ئەمریکا بەڕێوبچێت، ئەمەش بۆ یەکەمجارە، گۆرانیبێژێکی کۆریای باشوورە بەشداری لە نمایشی سەرەکی فیستیڤاڵێکی گەورەی میوزیکی ئەمریکی دەکات.

بەم دواییە ئەو گۆرانیبێژە لە پەخشێکی راستەوخۆدا دەرکەوت و وەڵامی هۆگرانیی لەبارەی بەشداریکردنی لەو فیستیڤاڵە دایەوە و راهێنانی زۆری بۆ ئەم مەبەستە کردووە.

ئەندامانی گرووپی بی تی ئێسی کۆریای باشوور کە ناوبانگییەکی جیهانیی هەیە، لە نێوەڕاستی حوزەیرانی رابردوو، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کاتیی گرووپەکەیاندا، بۆ ئەوەی هەریەک لە ئەندامانی بڕیار لەبارەی ئایندەیان بدەن.

بەو بڕیارە ئەو گرووپە، چالاکییان وەک گرووپ نابێت، ئەمەش هەوادارانی تووشی شۆککرد، چونکە بەشێک لە گرووپە جیهانییەکانی دیکە، لە بڕیاری هاوشێوە ئەو بڕیارە، بەیەکجاری هەڵوەشاوەتەوە، لەوانە گرووپی بەریتانی – ئێرلەندی One Direction.

ئەو گرووپە کەی پۆپە، داهاتی لە 2021ـدا لە سەرووی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە، لە ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا ئەو بڕیارەیانداوە، هەروەها هۆکار بووە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی چەندین ملیار دۆلار بەهۆیەوە بەدەستبێنێت.

لە 10-6-2022 گرووپی بی تی ئێس نوێترین ئەلبوومی بەناوی'Proof' بڵاوکردەوە کە لە 48 تراکی گۆرانی پێکدێت، یەکێک لە تراکەکانی بەناوی 'Yet To Come' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکرایەوە، لە ماوەی یەک رۆژدا زیاتر لە 51 ملیۆن بینەری هەبوو.

بی تی ئێس کە لە حەوت ئەندام پێکهاتبوو، یەکەم گرووپی میوزیکی ئاسیا بوو ساڵی رابردوو خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکا بەدەستهێنا.

ئەندامانی گرووپەکە، لە 31-5-2022 دیداریان لە کۆشکی سپی، لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەبوو و جلوبەرگی رەشیان پۆشیبوو و بۆ دەربڕینی خۆشەویستی، لەگەڵ بایدن دوو پەنجەی دەستیان لەیەکدی داوە و هاوشێوەی دڵ دەردەکەوێت.

لە دیدارەکەدا، گرووپی بی تی ئێس گفتوگۆیان لەبارەی تاوانەکانی رق و کینە لە دژی خەڵکی ئاسیا و ئاوێتەبوونی خەڵکی ئاسیا کرد و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، بەهۆی شێوەیان پێشتر گاڵتەیان پێکراوە.

بی تی ئێس 'BTS' گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتبوو و لە 2010 لە سیئۆلی کۆریای باشوور دامەزرا، ئەندامانی بریتین لە جین، سوگا، جەی-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک.

یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی '2Cool 4 Skool' بڵاوکراوەیەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings' لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگی جیهانیان بەدەستهێنا.

بی تی ئێس، یەکەم گرووپی میوزیکی کۆریا بوو، یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت و یەکەم گرووپی کۆریا بوو لە 2020 لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' بەربەژێری خەڵاتی گرامی بێت.

ئەو گرووپە براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکییە، لەوانە شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif