زیلینسکی سوپاسی بۆریس جۆنسن دەکات

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەکات لە بەرامبەر ئەو پاڵپشتیەی کە دژی رووسیا، پێشکێشی کیێڤی کردووە. ئەوەش دوای ئەوەی کە جۆنسن دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرکردایەتیکردنی پارتی پارێزگاران راگەیاند، بۆ ئەوەی لە سێ مانگی دیکەدا، سەرۆکوەزیرانێکی نوێ شوێنی بگرێتەوە. 

ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کردووە و سوپاسی کردووە لە بەرامبەر "ئەو پاڵپشتییەی کە لە یەکەم رۆژی تیرۆری رووسیادا" وەکو خۆی ناوی دەبات، بەریتانیا بۆ ئۆکراینای ناردووە. 

زیلینسکی جەختی لەوە کردەوە کە گرنگ نییە چی لەندەن روودەدات، "پێویستە پشتیوانیی بەریتانیا بۆ ئۆکراینا نەگۆڕێت." 

جۆنسن دوای ئەوە دەستی لەکارکێشایەوە کە زیاتر لە 50 وەزیر و کاربەدەستی کابینەکەی لەسەر ژمارەیەک ئابڕووچوون، وازیان لە پۆستەکانیان هێنا، ئەوەش کۆتایی بە سێ ساڵی پڕ لە مشتومڕی سەرکردایەتیی بۆریس جۆنسن هێنا. 

لە دوای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە 24ـی شوباتی ئەمساڵەوە، بۆریس جۆنسن دوو جار سەردانی کیێڤی کردووە. 

تاوەکو ئێستا حکومەتەکەی جۆنسن بەبڕی 2.3 ملیار پاوەند یارمەتیی سەربازیی بۆ ئۆکراینا ناردووە، ئەوە جگە لە 1.5 ملیار پاوەندی دیکە وەکو یارمەتیی مرۆیی. 

دەقی گوتەکانی ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا: 

ئەمڕۆ، بابەتی بەریتانیا بووەتە بابەتی سەرەکی لە وڵاتەکەماندا کە ئەویش بڕیاری بۆریس جۆنسنە بۆ وازهێنان لە سەرکردایەتیی پارت و پۆستی سەرۆکوەزیران. من قسەم لەگەڵیدا کرد و سوپاسم کرد بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە لە یەکەم رۆژی تیرۆری رووسیاوە وەرمانگرتووە.. رۆڵی بەریتانیا لە پاراستنی ئازادییەکان، رۆڵێکی تەواو جیهانییە. هەرچەندە ئەوە رەنگدانەوەی هەڵوێستی کۆمەڵگەی بەریتانییە، سەرکردایەتی و کاریزمای سەرکردەی هەر وڵاتێک هەمیشە گرنگیێکی جیای هەیە.. هەرچی لە ژوورەکانی دەسەڵاتی لەندەندا رووبدات، پێویستە پاڵپشتیی بەریتانیای مەزن بۆ ئۆکراینا نەگۆڕێت، بۆریس و هەموو هاوڕێکانی دیکەمان لە بەریتانیا، دڵنیایی ئەوەیان پێداوم.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif