ئۆرلیێن خەونەکەی باوکی بەدیهێنا

ليست هناك تعليقات



ئەگەر زۆر بەکورتی باسی بکەین و هەوڵبدەین بیناسێنین، دەبێ بڵێین ئەو چەنەبازەی خەونەکەی باوکی بەدیهێنا و قسەی یاریزانە گەورەکان دەنووسێتەوە بۆ ئەوەی ئیلهامیان لێوەربگرێت و کوڕی ئەو دەرمانسازەیە حەزیدەکرد رۆژێک لە رۆژان لە دوای تۆمارکردنی گۆڵ، بەیاریگەدا رابکات و هەزاران هاندەر چەپڵەی بۆ لێبدەن.

ئەمە پووختترین پێناسەیە بۆ ئۆرلیێن چوامینی، یاریزانە نوێیەکەی ریال مەدرید، ئەو یاریزانەی لای مەدریدیستا، بەشێک لە ئازاری نەهاتنی کیلیان ئێمباپێی بۆ یانەکە سڕییەوە.

ئۆرلیێن چوامینی، لە دایک و باوکێکی کامیرۆنی لەدایکبووە، کوڕی کۆچبەرێکی کامیرۆنییە، بەڵام ساڵانێکی یەکجار زۆرە نیشتەجێی فەرەنسایە و لە چەندین شاری جیاوازی ئەو وڵاتەدا ژیانی کردووە، کاتێک دەڵێین ئەو لە خەونەکەی باوکیدا دەژی و بۆی بەدیدەهێنێت، ئەوە پەیوەندی بەو راستییەوە هەیە کە فێرناند چوامینی باوک، عاشق و شەیدای تۆپی پێبوو، لە گەنجیدا هەوڵی زۆری دەدا ببێتە یاریزانی پیشەگەر، بەڵام هەموو جار بەدڵشکاوییەوە دەگەڕایەوە و وەک خۆی گووتوویەتی، یەکەم هاندەری بۆ بەردەوامبوون و خۆشەویستی تۆپی پێ، چوامینی کوڕی بووە.

ئۆرلیین ساڵی 2000 لەدایکبووە باوکی دەرمانسازێک بووە و بەڕێوەبەر بووە لە کۆمپانیایەکی گەورەی بەرهەمهێنانی پێکوتەی درمەکان، دایکیشی راوێژکاری پەروەردەیی بووە لە شاری رووان لە باکووری فەرەنسا، ئەو شارەی تەنیا 130 کیلۆمەتر لە پاریسی پایتەختەوە دوورە.

ویستی باوک بۆ تۆپی پێ، هەرزوو چوامینی کوڕیشی کردە عاشقێکی ئەو یارییە، ئەوان پێکەوە بەجۆشوخرۆشەوە تەماشای یارییان دەکرد. چوامینی وەک منداڵانی دیکە بەچوونە قوتابخانە و خوێندن بێزارنەبوو، بەڵکو قوتابییەکی پابەند و بەردەوامبوو لە خوێندن، بەڵام ئەو کێشەیەکی دیکەی هەبوو، کێشەی زۆر قسەکردن و چەنەبازی، ئەو خۆی دەڵێ، زۆرم حەز لە قسەکردن بوو لەگەڵ هاوڕێکانم، نازانم باسی چیماندەکرد، بەڵام لە پۆلدا بەردەوام خەریکە چپەچپ و قسەکردن بووم لەگەڵیاندا، رۆژ نەبوو من لە هەر وانەیەکدا و چەندینجار مامۆستا پێم نەڵێت، چوامینی، بەسە چەنەبازی و قسەکردن، بێدەنگبە.

چوامینی کە گەورەتربوو کێشەی چەنەبازییەکەی چارەسەرکرد، بەڵام هەر بە نزیک لە هاوڕێکانی مایەوە و کەسێکە ئینگلیز پێیدەڵێن فرێندلی، واتە زوو دەبێتە هاوڕێی هەمووان، ئەو لە ئەکادیمیای نزیک ماڵەکەیەوە دەستیپێکرد، سەرەتا هێرشبەربوو، بەڵام راهێنەرەکانی سەرنجیاندا ئەو زۆر زوو تۆپ دەبڕێت و لە یاریزانانی تیپی بەرامبەری وەردەگرێتەوە، بۆیە بڕیاریاندا بیخەنە ناوەڕاستی تیپەوە.

بەهرەدۆزەرەوەکانی بۆرۆدی فەرەنسی هەر زوو هەستیان پێکرد و بردیانە لای خۆیان، لە تەمەنی 11 ساڵیدا بووە یاریزانی ئەکادیمیای ئەو یانەیە، بەڵام پێش تەمەنی 14ساڵی دووچاری دوو پێکانی قورس بوو و نزیکبوو لەوەی وازبهێنێت، بەشێکی کێشەکانی چوامینی پەیوەندی بەتەنیاییەوە هەبوو، چونکە ئەوکات لە رووان بەتەنیا مابووەوە پاشئەوەی بەهۆی کارەوە دایک و باوکی ناچاربوون لە شاری لیۆن نیشتەجێ ببن.

ئۆرلیێن لەگەڵ یانەی بۆردۆدا دەستپێکرد، زۆری پێنەچوو مۆناکۆ بەرلە دوو ساڵ بە نزیکەی 18 ملیۆن یۆرۆ ئەویان کڕییەوە و دواتریش لە مانگی نۆی ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمجار بەدرێسی هەڵبژاردەی فەرەنساوە دەرکەوت کاتێک هەڵبژاردەکەی رووبەڕووی بۆسنیا بووەوە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی قەتەردا.

باوکی ئۆرلیێن، رۆڵی گەورەی هەبووە لە هاوکاریکردن و دەستگیرۆیی کوڕەکەیان، باوکی بە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی راگەیاندووە، ماوەیەک هەستمکرد ئاستی دابەزیووە و هیچ بایەخی پێنادات، رازییە بەوەی هەیەتی، بانگم کرد و ماوەی دوو کاژێر قسەم لەگەڵدا کرد، دوای ئەوە بینیم زۆر گۆڕا. بەپێچەوانەی باوکییەوە، دایکی دەڵێ ئاست و دەرکەوتنی گرنگ نییە، ئەوەی بۆ من جێگەی بایەخە ئەوەیە ئەو سەلامەت و تەندروست بێت.

چوامینی خۆی گوتوویەتی، دوای یارییەکان کە قسە لەگەڵ باوکم دەکەم قسە لەسەر ئاست و هەڵەکان و باشییەکانم دەکەم، بەڵام دایکم تەنیا پێمدەڵێ تۆ باشیت، تووشی پێکان نەبوویت؟

ئەو دایک و باوکە رێگەی سەرکەوتنی کوڕەکەیان داڕشتووە، ئۆرلیێن دەڵێ، کاتێک بچووک بووم، دایبابم گوتیان هەرچیم دەوێ دەتوانی بیکەی، بەڵام دەبێ لەو بوارەدا کە هەڵیدەبژێری باشترین بیت، ئەگەر لە کۆمپانیایەک کارتکرد، دەبێ ببیتە بەڕێوەبەرەکەی، ئەگەر بوویتە شێف دەبێ باشترینی شارەکەت بیت، ئەو جۆرە ویستە هاوکاریی زۆریکرد، بۆ بوون بە ئەستێرە.

چوامینی تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ کچێکدا نەبینراوە، ئەو گەنجێکی پابەند و نزیک لە دایک و باوک و خوشک و براکەیەتی. خووی سەرەکی ئەو، کە لەوانەیە لەنێو یاریزانانی تۆپی پێدا یەکجار دەگمەن بێت، ئەوەیە کە هەمیشە دەفتەرێکی بچووکی پێیە و تێبینی تێدا دەنووسێتەوە.

لە هەڤپەیڤێنێکی ماڵپەری فەرمی یانە مۆناکۆدا، کاتێک پرسیاری لەبارەی ئەو دەفتەری تێبینییانەوە لێکرا گوتی، لەو دەفتەرەدا هەندێک شتی گرنگ دەنووسمەوە، وەک قسەی یاریزان و کەسایەتییە گەورەکانی جیهان، دواتر تەماشایان دەکەمەوە و ئەو قسانە دەبنە هاندەر و پاڵنەری گەورە بۆم، هانم دەدەن و جۆشوخرۆشم پێدەدەن بۆ ئەوەی باشتر بم، هەروەها ژمارە و کاتی تۆمارکردنی هەموو گۆڵەکان لەگەڵ هەڵبژاردە و یانەکەمدا دەنووسمەوە، بێگومان هەندێک شتی دیکەش.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif