ناتۆ پڕۆسەی بەئەندامبوونی سوێد و فینلاندی دەستپێکرد

ليست هناك تعليقات




رۆژی سێشەممە 5-7-2022، هاوپەیمانیی ناتۆ بە فەرمی دەستی بە پڕۆسەی بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند کرد بۆ ئەوەی لە کاردانەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، هاوپەیمانییە بەرگرییەکە فراوان بکرێت و ژمارەی ئەندامانی ببێتە 32 وڵات. 

دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆڵی پڕۆسەی بەئەندامبوون، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی، "ئەمە رۆژێکی مێژووییە بۆ فینلاند، سوێد، ناتۆ و ئاساییشی ئەوروپا و ئەمبەر و ئەوبەری زەریای ئەتڵەسی." هەروەها وەزیرانی دەرەوەی سوێد و فینلاندیش رۆژەکەیان بە "مێژوویی" ناوبرد. 

پێکا هاڤیستۆ، وەزیری دەرەوەی فینلاند گوتی، "بەئەندامبوونی فینلاند و سوێد نەک تەنیا ئاساییشی خۆمان، بەڵکو ئاساییشی تەواوی هاوپەیمانییەکە بەهێزدەکات." 

ئەو دوو وڵاتەی باکووری ئەوروپا ماوەی چەندین دەیە بوو بێلایەن بوون و ئەندامی هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازیی و بەرگری نەبوون، ئەگەرچی لەگەڵ ناتۆ مانۆڕی سەربازییان ئەنجامدەدا. 

مانگی ئایار نیازی خۆیان بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ دەربڕی، بەڵام داواکارییەکەیان سەرەتا رووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەکانی تورکیا بووەوە، کاتێک ئەو ئەندامەی ناتۆ هەڕەشەی رێگرتن لە بە ئەندامبوونیانی کرد. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سوێد و فینلاندی بە داڵدەدانی ئەندامانی پەکەکە و پشتیوانیکردن لە "تیرۆر" تۆمەتبارکرد. ئەردۆغان داوای دەکرد ئەو دوو وڵاتە گەمارۆی چەک لەسەر تورکیا لاببەن کە لە ساڵی 2019 دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەسەریدا سەپاندبوویان. 

لە بەرامبەردا هەفتەی رابردوو لە لووتکەی ناتۆ لە شاری مەدریدی ئیسپانیا، ئەردۆغان دەستبەرداری ڤیتۆکەی بوو، ئەوەش دوای ئەوەی کە دوای چەند کۆبوونەوە و دانوستاندنێک، سوێد و فینلاند رازیبوون مەرجەکانی ئەردۆغان جێبەجێبکەن و ئەمریکاش بەڵێنی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی نوێی بە تورکیادا لەکاتێکدا کە پێشتر لێی قەدەخە کردبوو. 

لووتکەکە بە بانگهێشتکردنی فەرمیی سوێد و فینلاند بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ کۆتاییهات، دوای ئەوەش بە خێرایی لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە دەست بە دانوستاندن کرا و رۆژی سێشەممە واژۆ لەسەر پڕۆتۆکۆڵی دەستپێکردنی پڕۆسەی بەئەندامبوونیان کرا. 

هۆشدارییەکانی ئەردۆغان

ئەردۆغان دەڵێت، هێشتا دەتوانێت دەرگەی بە ئەندامبوون بە رووی سوێد و فینلانددا دابخات، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بەڵێنەکانیان نەبەنە سەر کە یەکێکیان رادەستکردنی ئەو کەسانەیە ئەنقەرە بە "تیرۆریست" دایاندەنێت. 


ماگدالینا ئەندرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد بە رۆژنامەڤانانی گوت، ستۆکهۆڵم لەوە تێدەگات کە بەدەستهێنانی رەزامەندیی پەرلەمانانی وڵاتانی ناتۆ "دەکرێت ساڵێک بخایەنێت." ستۆڵنتبێرگیش لە برۆکسل گوتی، "من پشت بە هاوپەیمانان دەبەستم بۆ ئەوەی پڕۆسەی بڕیاردان خێرا و ئاسان بکەن" و هەروەها گوتی کە "ژمارەیەک وڵات هەر لە ئێستاوە پابەندبوونی خۆیان بە ئاساییشی فینلاند و سوێد روونکردووەتەوە" و ئاماژەی بەوەش کرد کە ناتۆ ژمارە و ئاستی ئامادەباشیی هێزەکانی زیادکردووە.

ژمارەیەک وڵاتی ئەندامیی ناتۆ ئاماژەیان بەوە کردووە کە خێرا واژۆ لەسەر بڕیاری کۆتایی بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند دەکەن. 

کاجا کالاس، سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا لە تویتێکدا دەڵێت، "چەند ساتێک دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونی فینلاند و سوێد لە برۆکسل، حکومەتەکەم بانگهێشتکرد و پێشنیازم کرد کە پەرلەمان سبەی کۆبێتەوە بۆ ئەوەی بڕیاردانەکە خێراتر بکرێت."

بڕیارە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیاش لەم چەند رۆژەدا کۆبێتەوە بۆ ئەوەی بڕیار لە سەر بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە بدات؛ چاوەڕێدەکرێت رۆژی چوارشەممە یەکەمین دانیشتنی خۆی لەو بارەیەوە ئەنجامبدات و رۆژی هەینیش بە دوو دانیشتن بڕیاری خۆی بدات. 

ستۆڵتنبێرگ گوتی، "ئەوە دەبێتە خێراترین پڕۆسەی بەئەندامبوون لە مێژووی ناتۆدا." 

دەقی قسەکانی یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ: 

ستاییشی هەموو هاوپەیمانان دەکەم لە بەرامبەر هەنگاوە خێراکانیان بۆ پەسندکردنی داواکارییەکانی فینلاند و سوێد بۆ بەئەندامبوون. هەروەها دەمەوێت سوپاسی تورکیا، فینلاند و سوێد بکەم بۆ هەڵوێستە ئەرێنییەکەیان. ئەو رێککەوتنە سێقۆڵییەی کە لە لووتکەی مەدریددا واژۆیان کرد، رێگەی بۆ گەیشتن بە ئەمڕۆ خۆشکرد. دەزانم کە هەر سێ لایەنەکە بە چڕی کار لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکەن، بە تایبەتیش لە شەڕی دژی تیرۆر. ئێستاش پشت بە هاوپەیمانان دەبەستم بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لە پڕۆسەیەکی خێرای بڕیاردان بەگوێرەی رێکارە نیشتمانییەکانیان. 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif