پارتی لەمەدا هەڵەبوو

ليست هناك تعليقات

 


عوسمان گوڵپی
-
هەموو ململانێیەکی سیاسی دواجار دەگاتە خاڵێك کە یەکلا ببێتەوە، زۆر کەم ڕێکدەکەوێت کە ئەو ململانێیانە هاوسەنگ کۆتاییان بێت، هەمیشە لایەك لە ململانێکەدا شکست دەخوات یان پاشەکشێ دەکات، هەندێك چارەسەر و ڕێککەوتنیش لە ئەنجامی لێوەدیار بوونی شکستەوە ئەنجام دەدرێن کە ئەوەش هەر بە شکست هەژمار دەکرێن ئەگەرچی ململانێکەش تاخاڵی کۆتایی نە ڕۆشتبێ.

هەرێمی کوردستان لە پرسی ناکۆکیەکانی عێراقدا نەیزانی وەك پێویست مامەڵە بکات، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان دەیتوانی بەبێ ئەوەی هیچ شتێك لەدەست بدات زۆر شت بەدەست بهێنێت، چونکە وێرای ژمارەی کورسیەکانی حیزبەکە ژمارەیەکیتر هۆکار هەن کە پێگەی پارتیان بەهێز کردوە لە ناوچەکە، کە دیارترینیان سەرچاوەی بڕیارە، کە ڕوونە لە نێوپارتیدا و کەس ناتوانێ لە هێڵەکەی لا بدات کە ئەویش بارزانیە.

پارتی دەیتوانی هەمان ئەم ململانێیەی ئیستا بکات، بەبێ ئەوەی سەرۆکەکەی بچێتە نێو ململانێکە، نەچونە نێو ململانێکان لە لایەن بارزانیەوە باشترین بڕیارێك بوو کە پارتی بیدات، لانیکەم دەبوو ئاستی باڵای پارتی بە کاک مەسعودیان بوتایە لێگەڕێ بۆ ئێمە بچینە نێو ئەم گەمە سیاسیەوە گەر شکست بوو ئەوا با بۆ ئێمە بێت و گەر سەرکەوتنیش بوو ئەوا تۆ لە پشت هەموو سەرکەتنەکانمانی، دەبوو بیانوتایە ژمارەیەک هۆکار هەن وا دەکەن کە تۆ لەدەرەوەی ململانێکان بیت بۆ ئەوەی دەرگای لێدراوی چارەسەر بیت نەک تەرەفی ململانێکان،

  کاتێك مرۆڤ نابێتە تەرەفی ململانێ ئەو کات شکستی ئاراستەی ململانێکان ڕاستەو خۆ بۆ ی ناگەڕێنەوە،

وەك چۆن سیستانی ئەگەرچی شیعەیە و بەرژەوەندی شیعەکانی عێراق ناکاتە قوربانی بۆ هیچ تەرەفێکیتر بەڵام توانیویەتی لە دووری ناکۆکیەکانەوە بوەستێک، ئەم دوور وەستانەش وایکردوە کە نە شکستی سەدری بۆ بگەڕێتەوە و نە شکستی لایەنە شیعیەکانیتر ئەگەرچی هەموویان هەر شیعەن، ئەو هەمیشە یەکێکە لەو دەرگایانەش کە چاوی لێدەکرێت لە کاتی ئاڵۆزیەکاندا، پاراستنی پێگە واتە خۆ نەکردنە تەرەف و نەچونە ریزی ئەوانیترەوە، بارزانیش دەیتوانی نەبێتە تەرەف و لە دەرەوەی ململانێکانەوە بێت، لا نیکەم بۆ ئەوەی لە ئەگەری توند بونەوەی ناکۆیەکان لەگەڵ پارتیدا چ لایەنە عێراقیەکان و چ میراتگرانی تاڵەبانی و چ کەسایەتیە سیاسیەکانیتر لە دەرگای بارزانیان وەك چارەسەر بدایە و داوای نێوان گیریان لێ بکردایە، نەک وەک خودی تەرەفی ململانێکان

بارزانی پێویستی بەم دەستشکانەوەیە نەبوو، لە کاتێکدا ئەو پەنجا ساڵ زیاترە لە مەیدانەکەدایە

پارتی لەوەدا نەیپێکا کە بە چەندین ڕێگای سیاسی و میدیایی وایانکرد کە ئێستا وا دەخوێنرێتەوە دەست شکانەوەکە لە نێوان بارزانی و لایەنەکانیتردا بێت، تەنانەت وایانکردوە ئێستا لە سەرکەوتن و شکستەکەدا پارتی لە پەراوێزی پرسەکەدایە، چونکە خودی سەرۆکی پارتیان وەک یاریزانی سەرەکی ململانێکە ناساندوە کە بەرای من ئەمە هەڵەیەکی جدی بوو پارتی کردی، ئاخر بۆچی ئەبێت هێزێک ئەو هەموو دەستەی تری هەبێت و ناچاربێت دەستی سەرۆکەکەی بباتە سەر مێزی دەستشکانەوە، لە کاتێکدا ئەو دەستە پەنجا ساڵ زیاترە لەو مەیدانەدایە و هیچ پێویستی بەو گەمەیە نەبوو لەم کاتەدا، بۆ ئەوەی کۆتایی ململانێکە شکانەوەکە بۆ دەستەکانیتری حیزبەکە بێت نەک دەستی ئەو.

ئا لێرەوە ڕۆڵی دەوروربەر و ڕاوێژکارەکان دەستپێدەکات، کە دەبوو تەواوی ئاراستەی ڕاوێژ و گفتووگۆکانیان بە ئاراستەی پاراستنی بارزانی بوایە لە بوونە تەرەفی ململانێکە و خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ بکردایە، تا بارزانی لە لێکەوتەی ململانێکان بپارێزن و حیزبەکە و بەرپرسەکانیتر ڕووبەڕووی ئەو مەیدانە بکەنەوە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق