بۆچی دەبێت جیهان لە قەیرانی خانووبەرەی چین نیگەران بێت؟

ليست هناك تعليقات



کەرتی خانووبەرەی چین ئەم مانگە گورزێکی دیکەی بەرکەوت، دوای ئەوەی کڕیارە نێوخۆییەکانی وڵاتەکە پارەی پێشوەختەی پڕۆژە تەواونەکراوەکانیان بە خاوەن پڕۆژەکان نەدا.

ئەم بایکۆتە کاتێک هاتە ئاراوە کە ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەران شکستیان لە دانەوەی قەرزەکانیان هێنا و مەترسی ئەوە هەیە قەیرانەکە بەنێو تەواوی ئابووریی چین و جیهانیشدا بڵاوبێتەوە. 

قەبارەی کەرتی خانووبەرەی چین چەندە؟

وا مەزەندە دەکرێت کەرتی خانووبەرە و پیشەسازیی پەیوەست بەو کەرتەوە یەک لەسەر چواری کۆی داهاتی نێوخۆی چین پێکبێنێت. 

کەرتی خانووبەرەی چین لە دوای چاکسازییەکانی ساڵی 1998ـی حکومەتی ئەو وڵاتە دامەزرا، لەو کاتەدا شۆڕشێکی بونیادنان و دروستکردنی باڵەخانە و خانوو لەسەر داواکاریی زۆری چینی مامناوەند هاتە کایەوە و کەرتی خانووبەرە وەکو یەدەگی سەرەکیی خێزان و سیمبولی شووناس دەبیندرا. 

"بۆنانزا" وشەیەکی ئیسپانییە، مێژووەکەی بۆ سەتەی 19ـەم دەگەڕێتەوە؛ بەو بارودۆخە دەگوترێت کە تێیدا سەرکەوتنێکی کتوپڕ لە سەروەت و سامان و قازانج روو لە کەسێک یان شارێک دەکات. لە ساڵی 1998دا کارئاسانی بۆ چینی مامناوەند کرا بۆ ئەوەی بتوانن قەرز وەربگرن و بانکەکانیش خوازیاربوون قەرز بە وەبەرهێنەران و کڕیارانی ئاسایی بدەن بۆ ئەوەی قازانجێک بکەن. بۆیە ئەمە بۆ کەرتی خانووبەرەی چین "بۆنانزا" بوو. 

بە گوێرەی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رێکخراوی ANZ، کرێی خانووبەرە و بارمتەی خانووبەرە 20٪ـی کۆی قەرزەکانی سیستمی بانکیی چین پێکدێنن.

ژمارەیەکی زۆریش لە وەبەرهێنەران پشت بە سیستمی پارە وەرگرتنی پێشوەختە دەبەستن، بە جۆرێک، بەو پارەیەی کە لە کڕیارانی خانووبەرە وەریدەگرن، پڕۆژەکانیان پێ تەواو دەکەن.

بە گوێرەی ماڵپەڕی بلوومبێرگ، ئەو خانووانەی لە چین بە نیوەچڵی جێماون و تەواونەکراون 225 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیان لە رووبەری وڵاتەکە داگیرکردووە. 

بۆچی چین لەنێو قەیرانەکەدا "خنکاوە"؟

کاتێک ژمارەی وەبەرهێنەران و پڕۆژەکانیان رووی لە زیادبوون کرد، کرێی خانووبەرەش لەگەڵیدا بەرزبووەوە. 
ئەوەش حکومەتی نیگەران کرد، لە کاتێکدا خۆی بەهۆی ئەو مەترسییەی قەرزی وەبەرهێنەران خستبوویە سەر وڵات، نیگەران بوو. 

لە ماوەی ساڵی رابردوودا، چین کەمپینێکی تووندی دەستپێکرد، لە رێگەی ئەوەی بانکی ناوەندیی رێژەی پێدانی قەرزی سنووردار کرد بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر سیستمی بانکیی لابدات. 

ئەمە بووە هۆی قەتیسکرنی سەرچاوەی دارایی وەبەرهێنەران و نەیانتوانی بە ئاسانی قەرزەکانیان بدەنەوە. 
ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی سکاڵا تۆمارکردن لەلایەن گەورە وەبەرهێنەرانی چین. لەنێویدا کۆمپانیای ئێڤەرگراندێ کە دووەم گەورەترین کۆمپانیای وەبەرهێنانە و لە کۆی 500 گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان رێزبەندیی 122ـیەمی گرتووە. بڕی ئەو قەرزانەی لە سەری کەوتوون گەیشتووەتە 300 ملیار دۆلار. 

لەنێو ئەو تەنگەژەیەدا، کۆمپانیاکانی خانووبەرەی چین بەر کاریگەریی کۆرۆناش کەوتن، ناسەقامگیری ئابووری وایکرد ژمارەیەکی بەرچاوی کڕیارانی خانوو دوودڵ بن و زیاتر لە جارێک بیربکەنەوە پێش ئەوەی بڕیاری کڕین بدەن.

کڕیارانی خانوو کاردانەوەیان چۆن بووە تاوەکو ئێستا؟

مایەپووچبوونی کۆمپانیای ئێڤەرگراند ناڕەزایی لای کڕیاران و ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵی هەبوو دروستکرد و لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لەبەردەم بنکەی کۆمپانیاکە لە شاری شێنژێنی باشووری چین خۆپیشاندانیان کرد. 

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، شێوەیەکی نوێی ناڕەزایی سەریهەڵدا؛ ئەویش بایکۆتکردنی دانەوەی قەرز، یان بارمتەی خانووبەرە بوو. ئەو خەڵکەی یەکەی نیشتەجێبوونیان لە پڕۆژە تەواونەکراوەکاندا کڕیبوو، رایانگەیاند، تاوەکو کارکردن لەسەر یەکەکانیان دەستپێنەکاتەوە، هیچ پارەیەکی پێشوەختە بە خاوەن پڕۆژەکان نادەن. لە ماوەی مانگێکدا، بایکۆتەکەی کڕیاران بەنێو زیاتر لە 300 پڕۆژە لە 50 شاری سەرتاسەری چین تەشەنەیسەند.

ژمارەیەکی بەرچاوی پڕۆژە تەواونەکراوەکان لە پارێزگای هێنان-ی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بوون کە تێیدا خۆپێشاندانی بەرفراوان لە دژی "ساختەچییەتی" بانکی شارەکە بەڕێوەچوو، بەڵام هەرزوو خۆپێشاندانەکە سەرکوتکرا و کۆتایی پێهێندرا.

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، قەرزپێدەرەکانی چین رایانگەیاند، ئەو بارمتەیەی کەوتوونەتە بەر کاریگەریی خۆپێشاندانەکان، تەنیا 0.01 ـی کۆی قەرزەکانی یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێنن. بەڵام شارەزایان دەڵێن، ترسەکە بە گوێرەی بایکۆتەکە زیاتر لەنێو خەڵکیدا بڵاودەبێتەوە.

بۆچی نیگەرانیی جیهانیی لێکەوتووەتەوە؟

چین خاوەن دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە و پەیوەندی قووڵی بازرگانیی نێودەوڵەتی و دارایی هەیە. 
ئەگەر قەیرانی خانووبەرە لە سەرانسەری سیستمی ئابووری چین بڵاوبێتەوە، شۆکەکە لە دەرەوەی سنوورەکانیشی هەستی پێدەکرێت، ئەوەش بە گوتەی شارەزایانی ئابووری.

رۆژی دووشەممە، 18ـی تەممووزی 2022 کۆمپانیای فیچ رەیتینگ Fitch Rating کە تایبەتە بە بیمە و کاروباری دارایی؛ رایگەیاند "ئەگەر رێژەکانی ئێستا هەڵبکشێن، دەکرێت کاریگەریی فراوان و رژدی ئابووری و کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە." ئەمە بووە هۆی دەرکردنی هۆشدارییەک لەلایەن یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە کە لە مانگی ئایاردا گوتبووی: "لە کاتێکدا چین توانیویەتی شکستەکە بەڕێوەببات، قەیرانێکی خراپی خانووبەرە دەکرێت کاریگەری بخاتە سەر سیستمی دارایی وڵاتەکە." 

یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لە راپۆرتەکەیدا بە ناوی "راپۆرتی ئایاری 2022 دەربارەی سەقامگیریی دارایی" رایگەیاند مەترسی ئەوە هەیە قەیرانەکە بڵاوبێتەوە و گاریگەری لەسەر بازرگانیی جیهانی بکات و ترس بڵاوبکاتەوە.

چین دەتوانێت چی بکات بۆ ئەوەی خۆی لەم قەیرانە دەربازبکات؟

وەکو شارەزایانی ئابووری ئاماژەی پێدەکەن، پێدانی پاڵپشتیی دارایی بە کۆمپانیاکان بۆ خۆدەربازکردن لە قەیرانەکە لەلایەن حکومەتەوە چارەسەری گونجاو نییە. بە تایبەتیش کاتێک بایکۆتی دانانی بارمتە لە ئارادایە. ئەوەش وەکو شارەزایان دەڵێن، لەبەر ئەوەیە ئەگەر حکومەت کارێکی وا بکات، واتای ئەوە دەگەیێنێت کە حکومەت دان دەنێت بە قەبارەی زەبەلاحی قەیرانەکە. بڕێکی زۆری کەفالەتیش دەکرێت ببێتە هۆی هاندانی وەبەرهێنەران و کڕیاران بۆ ئەوەی بە بڕیاری پڕ لە مەترسییەوە بەردەوام بن لە کاتێکدا دەبینن کە بانکەکان و حکومەت بەرپرسیارییەتی مامەڵەکانیان دەگرێتە ئەستۆ. بەڵام گوشاری خەڵک وایکردووە بانکە چینییەکان دۆخەکە ئارام بکەنەوە. بەڕێوبەرایەتی بانکە چینییەکان رۆژی پێنجشەممە، 21ـی تەممووز رایگەیاند کە یارمەتی پڕۆسەکە دەدات بۆ ئەوەی دڵنیایی بە خەڵک و کۆمپانیاکان بدات کە پڕۆژەکان تەواو دەکرێن و دەدرێنە دەستی خاوەنەکانیان. 

چەند رێگرییەک لەسەر ئاستی نێوخۆیی لە پارێزگای هێنان دروستبوون کە لەوێ پارەی بارمتە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنەری پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە مامەڵەی پێوەدەکرا بۆ ئەوەی یارمەتیی پڕۆژە پەککەوتووەکان بدات. 
چێن شوژین، لە کۆمپانیای جێفریس هۆنگکۆنگ دەڵێت، حکومەتە خۆجێیەکان، کۆمپانیای پەرەپێدان و خاوەن خانووەکان دەتوانن تاوتوێی رێژەی سوود و راگرتنی پێدانی بارمتە بۆ ماوەیەکی کاتیی رابگرن.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif