ئەوروپا ناتوانێت زستانی ئەمساڵ بەبێ گازی رووسیا بەڕێبکات

ليست هناك تعليقات

 


ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداریی دەدات کە ئەوروپا ناتوانێت زستانی ئەمساڵ بەبێ گازی رووسیا بەڕێبکات. فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە لە بابەتێکدا دەڵێت، رووسیا تەنانەت پێش دەستپێکی شەڕی ئۆکراینا بە ئەنقەست هەناردەی گازی بۆ ئەوروپا کەمکردووەتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کاتی گەشتێک بۆ جەزائیر، گەورەترین هەناردەکاری گازی ئەفریقا، گرێبەستێکی چوار ملیار دۆلاری لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆکرد بۆ ئەوەی گازی زیاتر هەناردەی ئیتاڵیا بکات.

ماریۆ دراگی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گوتی: "دەمێکە جەزائیر سەرچاوەی دابینکردنی وزەی ئێمەیە. رێککەوتنمان لە بواری وزە دەیسەلمێنێت چەندە سوورین لەسەر پێشخستنی ئەم بوارە."

نزیکەی 45٪ـی پێداویستیی گازی ئیتاڵیا لەڕێگەی رووسیاوە دابین دەکرێت. پچڕانی گازی رووسیا قەیرانێکی گەورەی ئابووری لەو وڵاتە دروستدەکات. جەزائیر رایگەیاندووە کە هەناردەی گازی بۆ ئیتاڵیا لەمساڵدا بەرزدەکاتەوە بۆ 20 ملیار مەتر سێجا، لە دوو ساڵی داهاتووشدا ساڵانە نۆ ملیار مەتر سێجا گاز دەداتە ئەو وڵاتە.

ئەڵمانیا یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی کە بە رێژەی 35٪ پشت بە گازی رووسیا دەبەستێت، هانای بۆ وڵاتی میسر بردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی گازی رووسیا.

ئۆلاف شوڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوە کرد: "سەبارەت بە گواستنەوەی گازی سرووشتی و هەروەها گازی هایدرۆجین، ئەم کارە دەکرێت لەڕێگەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی کە ئەڵمانیا و میسر لە بواری پیشەسازیدا لەگەڵ یەکدی هەیانە. توانای پیشەسازیی ئەڵمانیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دامەزراندنی ژێرخانی گواستنەوەی گاز."

ئەڵمانیا گرێدراوەی خۆی بە گازی رووسیا لە 55٪ـەوە کەمکردووەتەوە بۆ 35٪، بەڵام بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، هیچ سەرچاوەیەکی دیکە ناتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا قەرەبووی نەمانی گازی رووسیا بۆ ئەوروپا بکاتەوە. رووسیا ئێستا 40٪ـی پێداویستیی ئەوروپا بە گازی سرووشتی دابین دەکات.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif