شێوازی بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق هۆکاری کەمئاویە

ليست هناك تعليقات

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی پاراستنی دیجلە رایدەگەیێنێت، لە عێراقدا کێشەی پاراستنی ئاو هەیە و دروستکردنی بەنداوی گەورە چارەسەری کێشەی ئاو ناکات. هەروەها بە پێویستی دەزانێت کە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەبارەی سەرچاوە ئاوییەکانەوە پشتیوانیی شاندنی دانوستاندن لەگەڵ ئێران و تورکیا بن.

سەلمان خەیروڵڵا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی پاراستنی دیجلە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دیارترین هەڕەشە لەسەر دیجلە گۆڕانی کەشوهەوایە و بەڕێوەبردنی دیجلە زۆر سەختە، چونکە 80٪ی سەرچاوەکەی لە دەرەوەیە لە تورکیا و ئێران. ئەمەیش پێویستی بە دانوستاندنی نێودەوڵەتی هەیە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا و دەبێت هەرسێ سەرۆکایەتییەکە پشتیوانیی شاندی دانوستاندنکار بن بۆ ئەوەی بەهێز بن."

بە گوتەی سەلمان خەیروڵڵا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەرپرسی یەکەمە بۆ دانوستاندن لەگەڵ تورکیا و ئێران لەبارەی پرسی ئاوەوە. 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی پاراستنی دیجلە ئاماژەی بەوە دا، کێشەیەکی دیکەی گەورە لەسەر ئاستی ناوخۆدا بریتییە لە قەیرانی بەڕێوەبردنی ئاو. ئەو بەڕێوەبردنە زۆر سەرەتاییە و چەندین پێشێلکاری لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فورات هەن کە هەموویان لە بواری کشتوکاڵیدان و پێویستیان بە کاری جیددی هەیە بۆ لابردنیان.

بە گوتەی سەلمان خەیروڵڵا، لە ساڵی 2018دا زیاتر لە دوو هەزار سەرپێچی لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فورات تۆمار کراوە. هاووڵاتییانیش پێویستیان بە هۆشیاریی تەواو هەیە بۆ ئەوەی بزانن چۆن ئاو بەکاردەهێنن و گرنگییەکەی بزانن.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی پاراستنی دیجلە جەختی لەوە کردەوە، کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئێران و تورکیا ئاو دەگرنەوە، بەڵکو بەفیڕۆدانی ناوخۆیی و بەڕێوەبردنی بە شێوەیەکی خراپیش لایەکی دیکەی کێشەکەن. 

سەلمان خەیروڵڵا گوتی: "کێشەکە ئەوەیە تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراقی رێگەی کۆن بۆ بەڕێوەبردنی ئاو بەکاردەهێنێت کە ئەویش بریتییە لە دروستکردنی بەنداوی گەورە. تەنیا بەنداوی گەورە هۆکاری پاراستنی ئاو نییە."

سەلمان خەیروڵڵا باسی لەوە کرد، ئەوانەی لەسەر رووباری دیجلە و فورات کشتوکاڵ دەکەن رێگەی زۆر کۆنی 4000 ساڵ پێش ئێستای سەردەمی سۆمەرییەکان بەکاردەهێنن. کەناڵ و ترومپا بۆ ئاودانی کشتوکاڵ بەکاردەهێنن کە کێشەی زۆر گەورە دروست دەکەن. دروستکردنی بەنداوی بچووک یەکێکە لە هۆکارەکانی پاراستنی ئاو، بە تایبەتی بۆ بواری کشتوکاڵ. 

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و بەبیابانبوونەوە رێژەی خۆڵبارین بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بووە. سەلمان خەیروڵڵا دەڵێت: "خۆڵبارین تەنیا کێشەیەکی عێراقی نییە، بەڵکو کێشەیەکی ناوچەییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە زۆربەی خۆڵبارینەکان لە باکووری ئەفریقاوە هەڵدەکەن. حکومەتی عێراق هەنگاوەکانی جیددی نین."

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی پاراستنی دیجلە باسی لەوە کرد، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەبارەی کەمبوونەوەی ئاوەوە هیچ زانیارییەک نادات. بەهۆی دەستوەردانی مرۆییەوە وشکبوونەوەی زەوی زۆر زیاد بووە. بۆ نموونە هەڵکەندنی بیر و دانانی کارگەی خوێ لەسەر دەریاچەی ساوە هۆکارێکن بۆ وشکبوونی ئەو دەریاچەیە. 

سەلمان خەیروڵڵا گوتی: "حکومەت لەو بارەیەوە دەستەوەستانە، چونکە کەسانێکی بەرپرس لەو ناوچەیە دەستیان دەڕوات."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif