عارف قوربانی
-
له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌به‌رئه‌وه‌ی عێراق دژ به ئێران له شه‌ڕدا بوو، فراوانی به‌ره‌كانی جه‌نگ وایكردبوو عێراق ناچاربێت به‌شی هه‌ره زۆری سوپاكه‌ی له‌و ناوچانه جێگیربكات كه مه‌یدانی جه‌نگ بوون. ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی بۆ هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان خۆشكردبوو كه هه‌ندێك ناوچه كه سوپای تێدا نه‌مابوو وه‌ك ناوچه‌ی ئازادكرا‌و بۆ خۆیان دروست بكه‌ن، كه دواتر بووه شوێنی په‌نادان و چالاكیی سیاسی بۆ حیزب و هێزه سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان.
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) وه‌ك هێزێكی چه‌كداری تازه دامه‌زراو یه‌كێك بوو له‌و هێزه سیاسییانه‌ی كه‌ڵكی له‌و بۆشاییه‌ی ناوچه سنوورییه‌كان وه‌رگرت و چه‌ندین بنكه‌ی تێدا دامه‌زراند، كاتێك ده‌ستپێكردنی خه‌باتی چه‌كداری دژ به ده‌وڵه‌تی توركیا راگه‌یاند، له‌و ناوچه سنوورییانه‌وه مه‌فره‌زه‌ی پارتیزانی ده‌نارده نێو باكووری كوردستان و چالاكییان ئه‌نجام ده‌داو ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ بنكه‌كانی خۆیان. ئه‌مه توركیای بۆ ئه‌وه پاڵنا له‌گه‌ڵ عێراق رێككه‌وتنێكی ئه‌منیی ببه‌ستێت كه رێگە به توركیا بدات بێته نێو قوڵایی خاكی عێراقه‌وه.
له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا كه عێراق گیرۆده‌ی شه‌ڕێكی سه‌خت له‌گه‌ڵ ئێران ببوو، له‌ناوخۆیشدا هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه كوردییه‌كان و چالاكیی پێشمه‌رگانه په‌ره‌ی سه‌ندبوو، ئێرانیش ده‌ستی گه‌یشتبووه ناو هێزه نه‌یاره‌كانی عێراق. بۆیه له كاتێكی وادا سه‌دام ئه‌مه‌ی پێخۆش بوو توركیا بێنێته ناو هاوكێشه‌كه‌وه، لانیكه‌م بۆ پاراستنی ناوچه سنوورییه‌كانی عێراق و توركیا كه‌ڵك له سوپای توركیا وه‌ربگرێت بۆ لێدان له هێزه كوردییه‌كان، بۆیه به ئاسانی داواكه‌ی توركیای په‌سه‌ندكرد و رێككه‌وتنێكی ئه‌منی له‌نێوان هه‌ردوولا هاته‌ئاراوه كه رێگه به سوپای توركیا ده‌دات سنووری نێوده‌وڵه‌تیی عێراق ببه‌زێنێت.
له‌وكاته‌وه هه‌ركات توركیا به پێویستی زانیبێت ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی ئه‌نجام داوه. به‌دیاریكراوی له ساڵی 1991به‌دواوه كه حكومه‌تی عێراق له‌و ناوچانه ده‌ركراو كه‌وتنه ده‌ستی به‌ره‌ی كوردستانی، له دوای دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دروستبوونی كێشه له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و په‌كه‌كه، توركیا زیاتر ئه‌و بۆشاییه‌ی قۆسته‌وه و قورسایی سه‌ربازی زیاتر كرد. له ساڵانی دواتریشدا نه‌ك هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی، به‌ڵكو بنكه و باره‌گای سه‌ربازی له‌ناو باشووری كوردستان دامه‌زراندووه.
دوای رووخانی سه‌دام و هاتنه سه‌ر حوكمی شیعه له عێراق، له‌كاتێكدا عێراق هیچ پێویستییه‌كی به‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا نه‌مابوو، هەروەها پاساوێكی لۆژیكی نه‌مابوو بۆ مانه‌وه و درێژه‌پێدانی ئه‌و رێككه‌وتنه، بەڵام له ساڵی 2007 سه‌رله‌نوێ رێككه‌وتنێكی دیكه له‌نێوان عێراق و توركیا مۆركرا كه به‌شیر ئاتهڵڵای، وه‌زیری ناوخۆی توركیا و جه‌واد بوڵانی، وه‌زیری ناوخۆی عێراق واژۆیان له‌سه‌ر كردووه، جارێكی دیكه رێگه به توركیا ده‌دات سنووری عێراق ببه‌زێنێت و ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی لەنێو خاكی عێراق ئه‌نجام بدات.
به‌درێژای ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ی دوای ئه‌م رێككه‌وتنانه توركیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی به‌رده‌وام بووه، به هه‌زاران هێكتار زه‌وی كراوه‌ته ناوچه‌ی قه‌ده‌خه‌كراو، ره‌ز و باخ سووتێندراون، ده‌یان گوند چۆڵكراوه. ته‌نانه‌ت به فڕۆكه له ئاسمانه‌وه، به تۆپی دوورهاوێژ و بۆردوومانكردن، هه‌روه‌ها له ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیش، ده‌یانجار هاووڵاتی كورد بوونه‌ته قوربانی. ده‌یان ژن و مناڵ له گونده‌كان شه‌هیدكراون. له‌ناو ره‌ز و باخ و له رێگه‌ی چوون بۆ كرێكاری چه‌ندینجار جووتیار و كرێكاری كورد كه‌وتوونه‌ته به‌ر تۆپ و بۆردوومانی فڕۆكه‌ی توركیا. ئه‌م عێراقه هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی نه‌كردووه له ئاستی ئه‌و رێككه‌وتنه ناپێویسته‌ی و خۆی نه‌خستووەته به‌رده‌م به‌رپرسیاریێتی ئه‌وه‌ی به‌هۆی رێگه‌پێدانی به‌غداوه‌یه كه هه‌موو جیهان چاو له تاوانه‌كانی توركیا ده‌پۆشن.
به‌ڵام ئه‌م بۆردوومانه‌ی سهیرانگەیهكی پەرەخ لە نزیك زاخۆ له رۆژی 20ی ته‌ممووز، كه 9 هاووڵاتیی عه‌ره‌ب تێیدا بوونه قوربانی، كاردانه‌وه ناوخۆیی و عێراقی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به جۆرێكه، بیر و سه‌رنجی مرۆڤ بۆ ئه‌وه راده‌كێشن كه ده‌شێ پلانێكی شاراوه له پشتی ئه‌م رووداوه‌وه هه‌بێت. چونكه ناكرێت خوێنی ژن و مناڵی كورد هێنده بێ به‌ها بێت كه‌س له‌سه‌ری به‌ده‌نگ نه‌یات، ته‌نانه‌ت له رووداوی كۆمه‌ڵكوژی رۆبۆسكیدا له چركه‌ساتێكدا توركیا 34 هاووڵاتی كوردی شه‌هید كرد كه به‌شی زۆریان خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵ بوون. جیهان چاو و گوێی خۆی داخست له ئاستیاندا. یاخود كه به تۆپ و ته‌یاره‌ی توركیا ژن و منداڵی گوندنشینی كورد ده‌بنه قوربانی، به‌غدا ئاماده نییه ته‌نها به به‌یاننامه‌یه‌كیش ئیدانه‌ی بكات، به‌ڵام بۆ ئه‌م 9 هاووڵاتییه عه‌ره‌به، نه‌ك هه‌ر ناوه‌نده فەرمی و ده‌وڵه‌تییه‌كانی عێراق، نه‌ك هه‌ر كاره‌كته‌ره سیاسی و حیزبه‌كانیان، ته‌نانه‌ت له ئاستی شه‌قامیشدا زۆرترین كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق چه‌ندین رێكاری دیكه دژ به توركیا بگرنه‌به‌ر.
هه‌ڵوێستی كاره‌كته‌ره سیاسی و ناوه‌نده‌كانی حوكمڕانی عێراق ئه‌گه‌ر به‌شێك نه‌بێت له پیلانێك و ئامانجه‌كه زیاتر بۆ گۆشه‌گیركردنی هه‌رێمی كوردستان و زاڵكردنی ده‌ستی به‌غدا نه‌بێت له‌سه‌ری، ئه‌گه‌ر ده‌ربڕی هه‌ڵوێستێكی راسته‌قینه بێت بۆ داكۆكی له خوێنی به‌ناهه‌قڕژاوی 9 هاووڵاتی عێراقی، سه‌رباری ئه‌وه‌ی جۆرێكه له دووڕوویی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و بریتییه له جیاكاری كه بۆ كوشتنی ژن و منداڵی كورد بێده‌ربه‌ستن و بۆ كوشتنی عه‌ره‌ب شین ده‌گێڕن، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌كانیان جێی رێزگرتنه و با سه‌ركرده و سیاسی و حیزب و ناوه‌نده حكومڕانییهكانی كوردستانیش وا په‌رۆش بن بۆ خوێنی هاونیشتمانییانی كورد. له‌م رووه‌وه هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان جێگه‌ی لۆمه كردنن، بێهه‌ڵوێستی و بێده‌نگی ئه‌وان هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌و هه‌موو زووڵم و سته‌مه‌ی له كورد ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی عێراقییه‌كان له ئاستی شه‌قام و حیزب و حوكمڕانه‌كانیان ده‌یكه‌ن دژ به توركیا له تۆڵه‌ی ئه‌و 9 قوربانییه، كارێكی ئازایانه‌یه و هه‌ستكردنه به به‌رپرسیاریێتی. گه‌رچی ناتوانم گومانه‌كانم بشارمه‌وه كه ئه‌گه‌ر به پلانی پێشوه‌خته‌ش نه‌بووبێت، وه‌ك ده‌رفه‌تێك دواجار له دژایه‌تی توركیاوه دهیقۆزننهوه بۆ لێدان و زیاتر گه‌مارۆدانی هه‌رێمی كوردستان. بۆیه زۆر گرنگه كورد به وشیارییه‌وه و دوور له هه‌ست و سۆز مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا بكات، كه له راستیدا ئه‌مه كێشه‌یه و مه‌ترسیداریشه.
ئه‌وه‌ی لێره‌شدا گرنگه ئه‌وه‌یه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك تێگه‌یشتنێكی گشتی دروستبووه بۆ زانینی ئامانجی توركیا له‌م ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییانه، ئێستا ئه‌گه‌ر خۆمان نه‌خه‌ڵه‌تێنین هه‌مو لایه‌كمان ده‌زانین ئامانجی توركیا داگیركردنی باشووری كوردستانه. بۆیه گرنگه ئێمه‌ش ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ی شه‌قام و ناوه‌نده سیاسی و حوكمڕانییه‌كانی عێراق بۆ دژایه‌تی توركیا بقۆزینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بیانخه‌ینه به‌رده‌م ئه‌و بڕیاره‌وه بۆ ده‌ركردنی توركیا له خاكی باشوور و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر عێراق، پێویسته په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه ئه‌منیانه بدات كه رێگه به هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا ده‌ده‌ن بۆ ناو عێراق.
ئه‌گه‌ر به‌غدا بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی سه‌رده‌می سه‌دام و رێككه‌وتنه‌كه‌ی ساڵی 2007 بدات، ئه‌وه ده‌توانرێت بوونی توركیا له‌ناو هه‌رێمی کوردستان به به‌زاندنی سنووری نێوده‌وڵه‌تی دابنرێت و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانیی عێراق ده‌بن له پاراستنی سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه ناپێویسته هه‌ڵنه‌وه‌شێنێته‌وه ناتوانێ به توركیا بڵێت بڕۆ ده‌ره‌وه، هه‌ر بڕیار یان كاردانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌بێت دژ به توركیا، ئه‌و گومانانه زیاتر ده‌كات كه ئامانجه‌كه توركیا نییه ئه‌وه‌نده‌ی بۆ لێدانه له كورد و هه‌رێمی كوردستان.
ده‌بێت پارتی و یه‌كێتی كه سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئه‌م دوو ناوه‌نده گرنگه بۆ ئه‌وه به‌كاربه‌رن عێراق ناچاربكه‌ن رێككه‌وتنه ئه‌منییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه. ته‌نها له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌توانن مه‌ترسیی توركیا دووربخه‌نه‌وه. ئه‌م دوو حیزبه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ن، هه‌موو هه‌ڵوێسته‌كانی دیكه‌یان وه‌ك جۆرێك له موزایه‌ده بۆ ده‌مێنێته‌وه
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق