شەڕ و گۆڕانی کەشوهەوا هەنگوینی یەمەنی کەمکردووەتەوە

ليست هناك تعليقات



شەڕ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کاری هەنگەوانی بۆ محەممەد سەیف لە شاری تەعز لە یەمەن ئەستەم کردووە. ئەو هاووڵاتییە پێش دەستپێکی شەڕ لە ساڵی 2014 دا، 300 پوورە هەنگی هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا 80 پوورەی ماوەتەوە.

محەممەد سەیف، هەنگەوان دەڵێت: "کاری هەنگەوانی خەریکە لەنێودەچێت. هەندێ نەخۆشیی دەگمەن جاروبار لە ناو هەنگەکان بڵاودەبێتەوە کە نازانین هۆکارەکانی چین. هەفتەی رابردوو سەیری 10 پوورەی هەنگم کرد و بینیم کە شاژنییان تێدا نییە."

هەنگوینی یەمەن بە یەکێک لە باشترین هەنگوێنەکانی جیهان دادەندرێت؛ جۆری "رۆیاڵ سەدر"ی بەهۆی تایبەتمەندییەکانی وەک دەرمان بەکاردەهێنرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەرهەمهێنانی هەنگوین رۆڵێکی گرنگی لە ئابووریی یەمەندا هەیە بەو پێیەی 100 هەزار خێزانی یەمەنی سەرقاڵی هەنگەوانین.

نەبیل حەکیمی فرۆشیار دەڵێت، بەرلە شەڕ، رۆژانە 25 دەبەی یەک لیتری هەنگوینی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا زۆربەی رۆژەکانیش دانەیەک نافرۆشێت.

نەبیل حەکیم، فرۆشیاری هەنگوین گوتی: "لە رابردوودا بەر لە دەستپێکی شەڕ، دەمتوانی لەڕێگەی فرۆشتنی هەنگوینەوە بژێویی ژیانی خێزانەکەم دەستەبەربکەم، بەڵام ئێستا هەنگوین کەمە و دەستناکەوێت. هەروەها هاووڵاتیش لەبەر دابەزینی بەهای دراوەکەمان، ناتوانێت وەک جاران هەنگوین بکڕێت."

یەمەن بە 27ـەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری هەنگوینی جیهان هەژماردەکرێت و لە ساڵی 2020 دا بەبەهای زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلار هەنگوینی هەناردەی وڵاتان کردووە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif