کۆریای باکوور: ئەمریکا بە قورسی باجی سەردانەکەی پیلۆسی دەدات

ليست هناك تعليقات




کۆریای باکوور سەرکۆنەی سەردانی نانسی پیلۆسی بۆ "ناوچەی لە چەک داماڵراو"ـی پارێزراو دەکات و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش بە "خراپترین تێکدەری ئاشتیی نێودەوڵەتی" ناودەبات.

رۆژی شەممە، 6ـی ئابی 2022 وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، "پیلۆسی خراپترین تێکدەری ئاشتی و سەقامگیریی جیهانییە" و دەشڵێت، بە سەردانەکەی بۆ تایوان، رقی خەڵکی چینی لە خۆی هەڵساند؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمریکا "بە قورسی" باجی هەموو ئەو کێشانە دەدات کە بەهۆی سەردانەکەی پیلۆسییەوە بۆ ناوچەکە دروستبوون.

رۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئابی 2022 نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە یاوەریی شاندێکی کۆنگرێس سەردانی "ناوچەی لە چەک داماڵراو"ـی کرد کە سنووری هەردوو کۆریای باکوور و باشوور لە یەکدی جیادەکاتەوە.

لەدوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ ناوچەی ئاسایشی هاوبەشی نێوان هەردوو کۆریا لە ساڵی 2019، پیلۆسی دەبێتە پلەباڵاترین بەرپرسی ئەمریکا سەردانی خاڵێکی سنووریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەکە بکات.

پێش ئەو سەردانەشی، پیلۆسی لەگەڵ کیم ژین پیۆی هاوتا کۆریا باشوورییەکەی باسیان لە پڕۆگرامی ئەتۆمیی کۆریای باکوور کرد و گوتیان، پێویستە هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی کۆریا چڕبکرێنەوە.

لە راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممەدا، کۆریای باکوور سەرکۆنەی کۆبوونەوەی پیلۆسی لەگەڵ کیم و سەردانەکەشی بۆ ناوچەی ئاسایشی هاوبەشی هەردوو کۆریا کرد.

لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە بەو سەردانەی پیلۆسی "ئەمریکا تەنیا ئاگرەکە خۆش دەکات".

ئەو راگەیێندراوەی کۆریای باکوور هەفتەیەک لەدوای ئەوە دێت کە کیم جونگ ئوون، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، وڵاتەکەی هێزی رووبەڕووبوونەوەی ئەتۆمییەکەی دەخاتە ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، لە گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و کۆریای باشوور بەکاریهبێنێت، ئەگەر پێویستی کرد.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif