یەکگرتوویی ئەوروپا لە بەردەم تاقیکردنەوەی زستاندایە

ليست هناك تعليقات


شادەماری وزەی یەکێتیی ئەوروپا بە سنوورە ئاوییەکانی ئەڵمانیادا تێدەپەڕێت لەنێو دەریای باڵتیک، بۆرییەکانی گازی سرووشتیی نۆرد ستریم یەک و دوو لە رووسیاوە بەژێر ئەو ئاوەدا درێژدەبنەوە بۆ ئەڵمانیا. 

نۆرد ستریم دوو، وەکو سزایێک دژی لەشكرکێشیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، پێش ئەوەی بەکاربخرێت، هەڵپەسێردرا. نۆرد ستریم یەک کار دەکات، تەنیا بە 20٪ی توانستی خۆی کە رووسیا دەڵێت بەهۆی هۆکارێکی هونەرییەوەیە، کە لە ئەنجامی سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ، دروستبووە.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکی رووسیا دەڵێت: "گازپرۆم بە ئەندازەی پێویست و بەپێی توانا گاز دابین دەکات. ئێستا دەزانین دەرفەتە تەکنیکییەکان بۆ ناردنی گاز بچووکتر بوون. بەرتەسک بوونەتەوە، بۆچی؟ چونکە بەهۆی ئەو سزایانەی کە ئەوروپا سەپاندوونی، پرۆسەی چاککردنەوەی بەشە جۆراوجۆرەکان لە رادەبەدەر قورسە".

ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە هیچ هۆکارێکی هونەری لە ئارادابێت و دەڵێت، ئەوەی مۆسکۆ دەیکات بەکارهێنانی کارتی گازە وەکو گوشار دژی یەکێتیی ئەوروپا. 

کرستینا هۆفمان، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا گوتی: "هیچ هۆکارێکی تەکنیکی بۆ ئەمە نابینین. تۆربایینەکە لەوێیە و چاککراوەتەوە، هاوبەشە کەنەدییەکانمان رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر گەیاندنی تۆربایینەکە. ئێمە زۆر سوپاسگوزارین بۆ ئەوە، بۆیە لە روانگەی ئێمەوە هیچ شتێک رێگەی لە گواستنەوەی تۆربایینەکە بۆ رووسیا نەگرتووە".

بۆ ئەوەی منەتباری رووسیا نەبێت، یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریداوە بەکاربردنی گاز بە رێژەی 15٪ کەمبکاتەوە. ئەوروپییەکان دەیانەوێت چیدیکە پشت بە گازی رووسیا نەبەستن، بەڵام ئەوە ئاسان نییە. 

پێش شەڕ، رووسیا 40٪ی تێكڕای گازی سرووشتیی یەکێتیی ئەوروپای دابین دەکرد کە بەمشێوەیە بوو:

- فینلاند 67٪
- سوێد 13٪
- ئیستۆنیا 46٪
- لاتڤیا 100٪
- پۆڵەندا 45٪
- سلۆڤاکیا 85٪
- چیک 100٪
- هەنگاریا 95٪
- بوڵگاریا 75.2٪
هەروەها ئەڵمانیاش 66٪ی گازەکەی لە رووسیاوە هاوردە دەکرد.

چیک، لاتڤیا، هەنگاریا، بولگاریا، فینلاند و ئەڵمانیا، زیاتر لە هەموو وڵاتێک، لە زستانە ساردەکاندا، خۆیان بە گازی رووسیا گەرم دەکردەوە. 

پێش ئەوەی زستان بگات، خەریکە یەکگرتوویی یەکێتیی ئەوروپا دژی رووسیا بەرگەی سەرما ناگرێت. 21ی ئەم مانگە هەنگاریا وەزیری دەرەوەی خۆی ناردە مۆسکۆ بۆ ئەوەی بە رووسیا بڵێت دەیانەوێت 700 ملیۆن مەتر سێیجای دیکەی لێ بکڕن، کە ئەوە 180 پلە پێچەوانەی هەوڵەکانی برۆکسلە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی مۆسکۆ. 



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif