ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانی زەوی دەگاتە 8 ملیار کەس

ليست هناك تعليقات


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2022 ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی 8 ملیار کەس تێپەڕدەکات. 
 
رۆژی دووشەممە 11ـی تەممووزی 2022 بەبۆنەی رۆژی جیهانیی دانیشتووان، نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی پێشبینیکردنی ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ژمارەی دانیشتووانی زەوی 8 ملیار کەس تێپەڕ دەکات و دەشڵێت، لە ساڵی 2023 دا هیندستان ژمارەی دانیشتووانی چین تێپەڕدەکات. 
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی بیرخەرەوەی ئەو بەرپرسیارێتییەیە دەبێت چاودێریی هەسارەکەمان بکەین؛ چاوەڕوان دەکرێت بۆ ساڵی 2030 ژمارەکە بگاتە 8.5 ملیار کەس و بۆ ساڵی 2050ـش بگاتە 9.7 ملیار کەس." بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەکە بۆ ساڵی 2080 دەگاتە 10.4 ملیار کەس و دواتریش بەو شێوەیە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبێت تاوەکو ساڵی 2100 دەگاتە 10 ملیار و 900 ملیۆن کەس. 
 
ئەو پێشبینیە لەلایەن بەشی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خراوەتەڕوو و دەڵێت، لە ساڵی 1950ـەوە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان "بە خاوترین شێوە" رووی لە زیادبوونە و هۆکارەکەشی بۆ  گۆڕانی کەشوهەوا، جیاکاری و تووندوتیژی دەگەڕێنێتەوە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێژەی منداڵبوون بۆ هەر ژنێک لە ساڵی 1970دا 4.5 منداڵ بووە، بەڵام لە ساڵی 2015ـدا ئەو رێژەیە بۆ 2.5 منداڵ دابەزیوە. 
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات لە چەند وڵاتێکی پێشکەوتوودا ژمارەی دانیشتووان بەهۆی کەمیی رێژەی لەدایکبوونەوە روو لە کەمبوون دەکات، بەڵام ناوی 8 وڵاتی خستووەتەڕوو کە لە دەیەی داهاتوودا پشکی شێریان لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بەردەکەوێت. وڵاتەکان بریتین لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، میسر، ئەسیوپیا، هیندستان، نایجیریا، پاکستان، فلیپین و تەنزانیا.
 
گۆتێرێز دەڵێت، پێشکەوتن لە بواری پزیشکیدا بووەتە هۆی درێژکردنەوەی ژیانی دانیشتووان و کەمکردنەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵ و دایکان بەجۆرێک تێکڕای تەمەن لە ساڵی 1990ـدا 64.6 ساڵ بووە، بەڵام بۆ ساڵی 2019 گەیشتووەتە 72.6 ساڵ.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif