ئۆکراینا، شەڕی سەرکردەکان

ليست هناك تعليقات

دڵدنیا رەحماند
دڵنیا ڕەحمان
-
کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی 29-4-2022ـە، لە سنووری دۆرۆخوسکیداین، سنووری هاوبەشی نێوان ئۆکراینا و پۆڵەندا. لەگەڵ ئەحمەد یونسی هاوکارم لەسەر سنوور بەرەو پایتەختی ئۆکراینا شاری کیێڤ بەڕێدەکەوین. رێگەكان ناخۆش و پڕن لە تاسە، دیارە لەمێژە خزمەتگوزاری تێیاندا نەکراوە، بەڵام دیمەنی جوانی ئەم ناوچەیە ناخۆشی رێگەکەی لەبیر بردینەوە.

تا چاو دەگێڕی دەشتێکی پان و بەرین دەبینرێ، پڕ لە سەوزایی و گوڵی زەردی قەد بەرز. گوڵە زەردەکان بۆ رۆنی پیشەسازی بەکاردێن. گەر شەڕ نەگاتە ئەم ناوچەیە، چوار مانگی دیکە وەرزی پێگەیشتن و بەرهەمهێنانیان دەبێت. جیا لە دەشتەکان، دارە سەوزە باڵا بەرزەکان قەراخ رێگەکانیان داپۆشیوە و جارجار تیشکی پڕسۆزی هەتاو لە بۆشایی دارەکان جامی ئۆتۆمبێلەکە دەبڕێت و سەرنجی چاوەکانمان بۆ لای خۆی رادەکێشێت.

گوندە بچوکەکان لە تەواوی ئەو رێگە دوور و درێژە دەبیندرێن. شێوازی سەربانەکانیان سێ گۆشەیە، سەگێک لە پێش حەساری ماڵێکەوە دانیشتووە، لە خوارترەوە ژنێکی بەتەمەن سەرقاڵی چاندنی پەتاتەیە، لای رووبارەکەوە پیاوێک راوەماسی دەکات و منداڵان چاوەڕێی گرتنی ماسیەکە دەکەن.

لە خۆم دەپرسم بە هەڵە نەهاتووین؟ ئێرە ئۆکراینای هێرش بۆ کراوە؟

لە سنوور دوورتر و لە شاری کیێف نزیکتر دەبینەوە. خاڵە پشکنینەکان زیاتر دەردەکەون و چەند جار رێگەیان پێ گۆڕین. دوو رۆژ پێشتر، نزیک رێگە سەرەکییەکان بۆردوومان کرابوون و هێشتا مەترسیی بۆردوومان بەردەوامە. ئەو رێگەیانە هەڵدەبژێرین، کە بە نێو گوند و شارە بچوکەکان تێدەپەڕن. دوور لە سەنگەرە سەربازییەکان، ژیانی خەڵک ئاساییتر دەردەکەوێت. ژنانی بەتەمەن وەک کولتووری هەمیشەییان بە پاسکیلەکانیانەوە بە نێو کۆڵانەکاندا هاتووچۆ دەکەن. بەشێکیان بەرهەمە خۆماڵییەکانیان لایە و بۆ فرۆشتن دەیبەن، لای ئەوان ژیان بەردەوامە، تەنانەت وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت.


ئەم گوڵانە بۆ رۆنی پیشەسازی بەکاردێن و چەند مانگێکی دیکە وەرزی پێگەیشتنیانە. وێنەکە 7-5-2022 نزیک شاری دێنیپرۆ گیراوە. دڵنیا رەحمان - رووداو

چی روویدا؟

لە رۆژی 30-4-2022 کاژێر 08:00ـی بەیانی دەستمان بە گەڕان بە نێو شاری کیێڤ و گوندەکانی دەوروبەریدا کرد. لێرەوە بۆم دەرکەوت چۆن ئۆکراینا بە سەر هەشت ناوچەدا دابەش بووە.

24-2-2022 هێزەکانی رووسیا هێرشیان کردە سەر خاکی ئۆکراینا. زۆربەی شار و گوندەکانی باکوور، بەشێک لە باکووری رۆژئاوا، باشوور، باشووری رۆژهەڵات، رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵات لە ماوەی سێ رۆژدا لەلایەن هێزەکانی رووسیا گەمارۆدران. ناوەندی ئۆکراینا نزیک لە شاری دینیپرۆ و بەشی رۆژئاوا بەرەو سنووری پۆڵەندا بووە شوێنک بۆ مانەوە و دەربازبوونی خەڵک بەرەو وڵاتانی دراوسێ.

هێزەکانی رووسیا 30-4-2022 زۆربەی گوند و ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژئاوای ئۆکراینایان بە وێرانکارییەکی زۆر بەجێهێشت. ئێستا لە کیێڤی پایتەخت دۆخەکە ئارام بووە. خەڵک سەردانی مارکێت و بازاڕ دەکەن و بەکاری رۆژانەی خۆیانەوە سەرقاڵن. سەنگەر و سەربازەکان لەسەر هەموو رێگەکان هەن و ئامادەکاری بۆ بەرگریکردن لە هەر هێرشێک کراوە. شەوان زیاتر دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە دەبیسترێت، بەتایبەتی پاش کاژێر 10:00ـی شەو، کە ئەوکات هاتووچۆ قەدەخەیە.

لە هەر ناوچەیەک کێشەیەک هەیە. لە گوندێک خواردن و ئاو دەستناکەوێت، لە گوندێکی دیکە کارەبا و گاز و ئینتەرنێت. بەشێک لە گوندەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هێزەکانی رووسیا هیچ شوێنێکیان بۆردوومان نەکردووە، بەڵام زۆرجار لەکاتی سەرخۆشبوونیان، لە هەندێ ناوچە دەسترێژیان کردووەتە سەر ژنان، منداڵان و پیاوان، دۆخی دەروونی خەڵکەکە باش نییە.

یەکەم سەردانمان دوای کیێڤ بۆ شاری بووچا بوو. بووچا بە دووری 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری شاری کیێڤ. ئەو شارەی کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری 2022 وێنەی تەرمی سەدان کەس، کە لەسەر شەقامەکان کەوتبوون بڵاو کرایەوە. بووچا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. لایەکی بەتەواوی وێران کراوە، خانووەکان رووخاون، سووتێنراون، جامەکان شکێنراون و کێبڵی کارەبا بڕاوە. زۆربەی خەڵک هەر لە رۆژی یەکەمەوە لەگەڵ هاتنی هێزەکانی رووسیا شارەکەیان بەجێهێشتبوو، ئێستا کەم کەم دەگەڕێنەوە و بە بینینی ئەو دیمەنانە تاساون و بەدیار خانووە رووخاوەکانەوە دانیشتوون. بەپێی ئاماری شارەوانی بووچا، هەزار و 187باڵەخانە وێران بوون، لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکان هێشتا تەرم دەدۆزرێنەوە و تاوەکو 5-5-2022، 413 تەرمیان دۆزیوەتەوە.

لە بەشەکەی دیکەی شاری بووچا خانووەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە. دەستی هێزەکانی رووسیایان پێنەگەیشتووە و رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ هێزەکانی ئۆکراینا رووینەداوە. ژیان لەوێ ئاسایی دەردەکەوێت. 11 گوندی سەر بە ئەم شارە بۆردوومان کراون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە. رۆژانە خەڵک سەردانی ئەم گوندانە دەکەن و لەگەڵ خانووە رووخاوەکان و پاشماوەی تانک و مووشەکەکان وێنە دەگرن، تا لەبیر نەکەن چی روویداوە.

خۆشەویستی بۆ نیشتمان

لە شارۆچکەی برۆدیانکاین، کە نزیکە لە شاری بووچا. وەک زۆربەی ناوچەکانی دیکە ئێرەش بۆردوومان کراوە و لە هەموو شوێنێک بینای رووخاو دەبینرێت. لە دوورەوە ژنێکی بە تەمەنم لێ دیارە. دەستی لەسەر گۆچانەکەی داناوە، لەسەر کورسییەک دانیشتووە و چاوی لە خانووە رووخاوەکەی بەرامبەری بڕیوە، دەچمە لای، زۆر تاقەتی قسەکردنی نییە و دەڵێت ماندووم زۆر ماندوو! لوودمیلای تەمەن 85 ساڵ بە درێژایی هێرشی رووسیا ماڵەکەی جێنەهێشت و لە پەناگەیەک خۆی شاردبووەوە. دەڵێت: چۆن دڵم بێت ئەم خاکە و ماڵی خۆم چۆڵ بکەم بۆ کەسانی دیکە، ئێرە خاکی باب و باپیرانمە و من هەر لێرە دەمرم.

ژمارەی دانیشتووانی ئۆکراینا نزیکەی 44 ملیۆن کەس بووە و بە هۆی شەڕ تاوەکو ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس ئاوارە بوون بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە نزیکەی نیوەیان لە پۆڵەندان. چیرۆکی مانەوەی خەڵک لە نێو خانووەکانیان زۆرن. زۆربەیان یان لە پەناگەکانی جەنگی جیهانیی دووەم خۆیان حەشاردابوو، یان بەرەو ئەو شارانە رۆشتبوون کە شەڕی لێنەبوو. لە شاری زاپۆریژیا کە دەکەوێتە 230 کیلۆمەتری شاری ماریوپۆڵ، ئێستاش خەڵک لە ترسی هێرشی مووشەکی رووسیا شەوانە لەنێو تاریکیدا رۆژدەکەنەوە و تەنیا رووناکییەک بیبینن، رووناکی خۆرە. بۆ بەتەمەنەکان ئەم دۆخە وەکو ئەزموونی دووبارەبوونەوەی جەنگی جیهانی دووەمە و بۆ گەنجان پاراستنی نیشتمانە. لێرە ئینگلیزی زمانی یەکەم نییە و بەشێکی زۆر کەم لە خەڵک دەیزانن و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی گرنگترین بژارەی بەردەمیانە.


لوودمیلای تەمەن 85 ساڵ لە شارۆچکەی برۆدیانکا چاوی لە خانووە رووخاوەکەی بڕیوە. وێنە دڵنیا رەحمان. 2-5-2022

بەردەوامیی شەڕ و کاریگەرییەکانی

زیاتر لە سێ مانگە لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا تێدەپەڕێت. بەدرێژایی 13 رۆژ مانەوەم لە ئۆکراینا و رووماڵی شەڕ، ئەوەی بۆم دەرکەوت راهاتنی خەڵکە لەگەڵ ئەو دۆخەی تێی کەوتوون. دۆخێک کە زۆربەی لێکدانەوە سیاسییەکان بەرەو شەڕێک دەیبەن، هاوشێوەی ئەوەی لە سووریا روویدا و خەڵکانێک کە بەسەر سێ بەرەدا دابەش کراون.

بەرەی یەکەم لەگەڵ حکومەتی خۆیانن و هەموو هێز و توانایان بۆ بەرگری لەو ناوچانەی کە شەڕ تێیدا بەردەوامە خستووەتە گەڕ. پیاوان لە بەرەی شەڕدان و ژنان و منداڵان بە کەمترین پێداویستی هەوڵی مانەوە لە ژیان دەدەن. بەرەی دووەم بە ئاشکرا لایەنگری رووسیا دەکەن، بەتایبەتی بەشێک لەو خەڵکانەی، کە لە ناوچەکانی هەرێمی دۆنباس دەژین. بەرەی سێیەم، یان ناوەڕاست، ئەو کەسانەن کە بە جۆرێک دڵنەوایی خۆیان دەدەنەوە و ئامادەکاری بۆ خۆگونجاندنیان لەگەڵ واقیعی ژیان لە ئەگەری مانەوەی هێزەکانی رووسیا دەکەن. بۆ نموونە کاتێک لە باکوور و باکووری رۆژاوای ئۆکراینا بۆچوونی خەڵکم لەسەر هێرشەکانی رووسیا وەردەگرت، ئەوان هێزەکانی رووسیایان بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە، بەرەی باش و بەرەی خراپ. خەڵک دەڵێن ئەو هێزانەی بە رەچەڵەک خەڵکی رووسیان باشن و کەمتر خەڵکیان ئازار داوە، ئەوانەی خەڵکی چیچانن، تاتار، داخستان و بوریاتین، لە وێرانی و دەستدرێژییەکان رۆڵی زیاتریان هەبووە.

ئەوەی ئاشکرایە ئەم شەڕە رەنگە لە رووی بەردەوامی و تێکچوونی قەوارەی ناوخۆیی لە شەڕی سووریا بچێت، بەڵام لەرووی کاریگەرییەوە زۆر بەرفراوانتر لە ناوچەی جوگرافیایی خۆیەوە دەبێت. جیا لە زیانە ئەمنی و سەربازییەکان، کە لە ماوەی شەڕدا بەر هەردوو وڵات کەوتووە، وڵاتانی دراوسێیش خۆیانیان بۆ ئەگەری هەر هێرشێک ئامادە کردووە، ئاسایشی خۆراکی جیهان تێکچووە و لە زۆربەی وڵاتان نرخی خۆراک و سووتەمەنی لە نێوان 10% بۆ 100% بەرز بووەتەوە.

رووسیا و ئۆکراینا بە هەردووکیانەوە 30%ـی هەناردەکردنی گەنم و 80%ـی رۆنی گوڵەبەڕۆژەی جیهان دابین دەکەن. بەردەوامیی ئەم شەڕە کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراکی هەموو جیهان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، مەترسی زیادبوونی وشکەساڵی و کەمبوونی خۆراک لە جیهاندا هەیە و لە هاوین و پاییزی داهاتوو کاریگەرییەکان زیاتر دەردەکەون.

ئەوەی روونە شەڕ بەم زووانە کۆتایی نایێت، چونکە پووتین نایەوێت بەبێ دەستکەوت ئۆکراینا چۆڵ بکات. هێزەکانی رووسیا لە باکوور و باکووری رۆژئاوا دوای مانگێک ناچار بە کشانەوە کران، بەڵام ئێستا باڵیان کشاوەتە سەر باشوور و رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی دەستکەوتەکانی رووسیا بنووسنەوە. لاپەڕەیەک کە بۆ پووتینی تەمەن 70 ساڵ بردنەوەی شەڕ دەبێتە دەستپێکی گەڕانەوە بۆ شکۆی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت. لە بەرامبەردا بۆ زێلینسکی تەمەن 44 ساڵ، کە سێ ساڵی سەرۆککۆماریەتی خۆی تێپەڕاندووە و پێش دەستپێکی شەڕ بە کەیسی گەندەڵی تۆمەتبار کرابوو، بە بەرگریکردن لە وڵاتەکەی لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا، متمانەی زۆرینەی خەڵکی بەدەستهێناوە و بوون بە سەرۆککۆمار لە خولی دووەمدا ئاسانتر دەبینێت.

دوو خەونی گەورە بۆ دوو سەرکردە، کە لەگەڵ هاتنی وڵاتە زلهێزەکان بۆ گۆڕەپانی ئەم شەڕە بە گەمارۆدانی رووسیا و پاڵپشتی ماددی و سەربازی ئۆکراینا ئاراستەی کۆتاییهاتنی شەڕ و دەستکەوتەکەیان بۆ توانای بەرگریکردنی هەر دوو وڵات بەجێهێشتووە، بەڵام لەنێو خەونی ئەواندا و ململانێی زلهێزەکان لەسەر بەرژەوەندییەکانیاندا، ئەوەی دەبێتە سووتوی شەڕەکە خەڵکی سڤیل و ئایندەی نەوەیەکە کە خەونی جیای لەو سەرۆک و سیاسییانە هەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif