ئامینە کاکەباوە: هیوادارم سوێد خۆی بەدەست تورکیاوە نەدات

ليست هناك تعليقات


ئامینە کاکەباوە، ئەو ژنە پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی سوێد کە کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر بە دەنگەکەی، حکومەتی سوێدی لە سەندنەوەی متمانە رزگارکرد، داوادەکات پارتە سۆشیال دیموکراتەکەی ماگدالینا ئاندێرسنی سەرۆکوەزیران، بەڵێنەکەی بباتە سەر و هاوکاریی کوردانی رۆژئاوا بکات و خۆی بەدەست تورکیاوە نەدات.

ئامینە کاکەباوە لەبارەی بڕینی هاوکارییەکانی سوێد بۆ رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، "هیوادارم ئەم کارە نەکات. چونکە حکومەتی تورکیا و ئەردۆغان زۆر باش دەزانن کە شەڕڤانە کوردەکان لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن. ئەگەر ئەوانە تیرۆرست بن ئەمریکا هەرگیز پاڵپشتییان ناکات. بەڵام ئەردۆغان پێویستی بە ئەمریکایە و پێویستی بەوەیە بایدن پاڵپشتیی بکات، چونکە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە تورکیا هەیە و جەماوەرەکەی زۆر کەمیکردووە، کەمترە لە 40٪. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەمیشە وایە، ئەگەر سەرکردەیەک دژی رۆژئاوا بێت، سەرنجی جەماوەر بۆ خۆیان رادەکێشن."

حکومەتی سوێد لەلایەک دەیەوێ ببێتە ئەندام لە ناتۆ، لەلایەکی دیکەوە نایەوێت دڵی ئامینە کاکە باوە بشکێنێت کە شکست و سەرکەوتنەکانی لەدەست ئەو ژنە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

رۆژی چوارشەممە 15-06-2022 حکومەتە کەمینەکەی سوێد جارێکی دیکە پێویستی بە دەنگی ئامینە کاکە باوە دەبێت کاتێک هەوڵدەدات لە پەرلەمان پڕۆژەبودجەی بەهارە تێپەڕێنێت.

ئامینە کاکەباوە دەڵێت، "ئێمە هەمیشە لەدوای هەموو جیهانین لە دەنگهەڵبڕین، چونکە ئەمریکا و یانس ستۆڵتنبێرگ و ناتۆ نایانەوێ سوێد شتێک بڵێت ببێتە بەربەست لە بەردەم بەئەندامبوونی لە ناتۆ. بۆیە لەوانەیە جیهان وامان ببینێت کە سەرکوتکراوین، بێدەنگ و بێویژدانین."



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق