رووسیا لە هەناردەی نەوت بۆ هیندستان پێش سعودیە کەوتووەتەوە

ليست هناك تعليقات



میدیای ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بازرگانییەوە رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا رووسیا لە هەناردەی نەوت بۆ هیندستان چووەتە پلەی دووەم و پێش سعودیە کەوتووەتەوە.

بەپێی ئاماری ئەو سەرچاوانە، تێكڕای هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان لە مانگی ئایاردا 819 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، لەکاتێکدا لە مانگی نیساندا تەنیا 277 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.

بەپێی راپۆرتکی رێکخراوی توێژینەوەی وزە و ژینگەپارێزیی فینلاندی، ئێستا کڕیارانی هیندی 18٪ـی هەناردەی نەوتی خاوی رووسیان. 

لەدوای دەستپێکی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، نەوتی رووسی بە داشکاندنێکی بەرچاو مامەڵەی پێوەدەکرێت کە دەگاتە بڕی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت، ئەوەش سەرنجی گەورە هاوردەکارانی نەوتی راکێشاوە، وەکو هیندستان و چین.

لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، هەریەکە لە هیندستان و چین هاوردەی نەوتی رووسیایان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادکردووە. بەپێی ناوەندی کپلەر بۆ وزە، لە ماوەی ساڵی 2022ـدا هیندستان هاوردەی نەوتی رووسیای پێنج هێندە زیادکردووە بەراورد بە ساڵی 2021. لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیندستان 60 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رووسیاوە هاوردە کردووە. لەکاتێکدا بە درێژایی ساڵی رابردوو 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رووسیاوە هاوردە کردبوو.

بەپێی راپۆرتەکان، ئێستا پاڵاوگەکانی هیندستان ئامانجیانە رێککەوتنی نوێی هاوردەی نەوتی خاو بۆ ماوەی شەش مانگ لەگەڵ کۆمپانیای رووسنەفت واژۆبکەن، ئەوەش بە بڕ و نرخی جیا لە رێککەوتنەکانی دیکەی هاوردەی نەوتی خاوی رووسیا.

وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، هاوردەکردنی نەوتی رووسیا لە لایەن هیندستانەوە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە نییە، بەڵام بەردەوام گوشاری دەخەنە سەر تاوەکو بڕی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا کەمبکاتەوە.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif