گۆڕانی کەشوهەوا؛ جەنگی نێوان سرووشت و گیانەوەران

ليست هناك تعليقات



گەرمبوونی گۆی زەوی و توانەوەی بەستەڵەکەکان، بەبیابانبوون، ئاگری دارستانەکان و تەقینەوەی گڕکانەکان؛ هەموو ئەوانە لێکەوتەی گۆڕانی کەشوهەوان کە مرۆڤ تەنیا بوونەوەر نییە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەڵکو بە پلەی یەکەم گیانەوەران دەکەونە ژێر کاریگەرییەکەیەوە. کاریگەرییەکە بەجۆرێکە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەم کاتەدا، یەک ملیۆن توخمی گیانەوەر و ئەو گژوگیایەی بۆ خواردن پشتی پێدەبەستن، هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە.

گەرمبوونی گۆی زەوی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە وردەوردە شاخە سەهۆڵییەکانی بەستەڵەکی باکووری زەوی بتوێنەوە.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 50 ساڵی رابردوودا، زەوی ملیۆنێک و 240 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە کە دەکاتە 35%ـی کۆی رووبەری بەستەڵەکەکانی باکوور، لەدەستداوە.

ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی، ئەگەر بێتوو پلەی گەرما بەمشێوەیە بەرزببێتەوە و کۆنترۆڵ نەکرێ، تا کۆتایی ئەم سەدەیە، شتێک نامێنێت بە ناوی بەستەڵەکی باکوور.

بەوەش ورچی جەمسەری نیشتمانەکەی لەدەستدەدات، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی، بۆ خۆراک پشت بەو گیانەوەرانە دەبەستێت کە لە بەستەڵەک دەژین.

لە دوورگەی رانگڵی رووسیا کە دەکەوێتە بازنەی جەمسەری باکوور، تیمێکی سندووقی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت، هەستیان بە ئاستی مەترسییەکە کردووە و بەردەوام چاودێریی گیانەوەرە شیردەرەکە دەکەن.

پاڤێڵ کولێمیڤ، توێژەر لە سندووقی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت دەڵێت، "ئێمە سیستەمی گەڕان بە بەکارهێنانی ئامێری کۆنتڕۆڵکراو لەدوورەوە تاقیدەکەینەوە. بەتایبەتیش درۆنەکانمان کە کامێرای گەرمبینیان لەسەر جێگیرکراوە. بەمشێوازە، لە مانگی نیساندا، ورچێکمان لەگەڵ دوو بێچوویدا دۆزییەوە."

ورچی جەمسەری، لە ساڵی 2008 لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی ئەو گیانەوەرانەی مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی کۆمەڵگەی ژینگەزانیی ئەمریکا ESA لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، ژمارەی ورچی جەمسەری باکوور لە هەزار و 500 دانەوە، بۆ 900 سەر کەمبوونەتەوە.

لە دارستانەکانی ئۆرنسکۆدسڤیگی رۆژهەڵاتی سوێد، خێڵی سامی، جۆرێک ئاسک بەخێو دەکەن کە پێی دەگوترێت ئاسکی رەنە.

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، بەفرەکە دەتوێتەوە و لە وەرزی سەرمادا چینێکی ئەستووری سەهۆڵ لەژێر بەفرەکە پێکدێت کە وادەکات ئاسکەکان دەمیان بە گژوگیای ژێر بەفرەکە نەگات. ئەمەش هەڕەشەی برسێتی و لەنێوچوونی خستووەتە سەر ئاسکەکان.

ئەو جۆرە ئاسکە لەلایەن یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت بە هەڕەشەلەسەر پۆلێنکراوە، بەجۆرێک لە 25 ساڵی رابردوودا، 40%ـی ئەو ئاسکانە لەنێوچوون.

مارگارێت فیڵسترۆم، ئاژەڵدارێکە و دەڵێت، "گەورەترین کێشە لەم کاتەدا گۆڕانی کەشوهەوایە، چونکە ئەو شتەی من لە باوکمەوە فێریبووم و ئەویش لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە وەکو ئێستا نین. لە ماوەی تەنیا 10 ساڵی رابردوودا زۆر شت گۆڕاوە."

گەرمای ئەوروپا و ئاگرکەوتنەوەی ئیسپانیا

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، شەپۆلێکی تووندی گەرما رووی لە ئەوروپا کردووە و پلەی گەرما لە 40 پلەی سیلیزی نزیکبووەتەوە؛
لە ئیسپانیا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و تائێستا؛ لانیکەم زیاتر لە 25 هێکتار دارستان سووتاندووە کە زۆربەی رووبەرەکەش دارستانە.

ئاگرەکە هەڕەشە لە 76 جۆری باڵندە و 17 جۆری گیانەوەری شیردەر دەکات.

پارکی نیشتمانیی دۆنیانا لە باشووری رۆژئاوای ئیسپانیا لەلایەن یونسکۆوە وەکو میراتی نەتەوەیی پۆلێنکراوە. ئەو پارکە 419 جۆری باڵندەی تێدایە، هاوکات 37 جۆری گیانەوەری شیردەری تێدا دەژین. ئێستا گەرمبوونی زەوی و وشکەساڵی خەریکە ئاوی خواردنەوەیان لێ وشک دەکات.

هوان رۆمێرۆ، نوێنەری رێکخراوی پاراستنی دۆنیانا دەڵێت، "دەرهێنانی لە رادەبەدەری ئاوی ژێرزەوی، بووەتە هۆی لەنێوبردنی زۆنگاوەکانی دۆنیانا. بۆ رێگرتن لە وشکبوونی، پێویستمان بە چەند رێکارێک هەیە؛ دەبێت بیرەکان دابخەین و دەرهێنانی ئاو بەڕێژەی 50٪ کەمبکەینەوە."

لە فەرەنسای دراوسێی ئیسپانیا، بەگوێرەی پسپۆرانی کەشناسی، لە 75 ساڵی رابردوودا، یەکەمجارە لەم کاتەی ساڵدا پلەی گەرما بەوشێوەیە بەرزبێتەوە. بەجۆرێک، لە بەشێک لە شارەکانی رۆژئاوای فەرەنسا، بۆ یەکەمجار پلەی گەرما گەیشتووەتە 42.9 پلەی سیلیزی. ئەوەش هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەر بەشێکی گیانەوەران دروستکردووە.

لە شاری ئیسۆنی باشووری پاریس، سرووشتدۆستان هەوڵی پاراستنی ژیژیک دەدەن کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 قڕبێت.

سارا ستال، سەرۆکی رێکخراوێکی پاراستنی ئاژەڵان دەڵێت، "کاتێک پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، خاکیش گەرم دەبێت. بەمەش [ژیژکەکان] ناتوانن بۆ کرم بگەڕێن. مێروولەکان خۆیان حەشاردەدەن و هیچیان دەستناکەوێت و لە برسا دەمرن."

گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا کۆچی باڵندەکانیشی تێکداوە. پارکی نیشتمانیی دیڤیاکای ئەلبانیا، لە ساڵی2021دا ببووە وێستگەی 34 هەزار باڵندەی کۆچبەر، بەڵام لە وەرزی کۆچی ئەمساڵدا ژمارەیان 25٪ کەمیکردووە.

ئادریان کۆجی، بەڕێوبەری پارکی نیشتمانیی دیڤیاکا دەڵێت، "لەدوای سەرژمێریکردنمان لە پارکی نیشتمانیی دیڤیاکا کاراڤاستا، بۆمان دەرکەوت بەراورد لەگەڵ پار، 9 هەزار باڵندە دیارنەماون. هۆکاری زۆر بۆ ئەمە هەن، بەڵام بە پلەی یەکەم، گەرمبوونی گۆی زەوییە."

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی کردووەتە سەر بیابانەکان و فراوانتر دەبن، زەویی کشتوکاڵی بەرتەسک دەبنەوە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق پێنجەم زیانبەرکەوتووترین وڵاتی جیهانە کە بەر کاریگەریی تووندی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی کەوتووە.

ئەم ئاسکە مرداربووانەی پارکی نیشتمانیی ساوە لە باشووری عێراق بەڵگەیەکی روونی ئەو راستییەن. بەگوێرەی سەرپەرشتیارانی پارکەکە، لە یەک مانگدا، ژمارەی ئاسکەکان لە 148ەوە بووەتە 87 ئاسک.

ئاژانسی ئەمریکا بۆ برەودانی نێودەوڵەتی USAID دەڵێت، تا ساڵی 2050 لە عێراق تێکڕای پلەی گەرمی دوو پلە بەرزدەبێتەوە.

تورکی ئەلجەیاشی، پزیشکی ڤێتێرنەری و بەڕێوبەری پارکی نیشتمانیی ساوە دەڵێت، "هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر لەنێوچوونی ئاسکەکان، چونکە ئەو گژوگیایەی دەبێتە ئالیکی ئاسکەکان، بە ئاوی باران سەوز دەبێت".

لە کیشوەری ئەفریقا وڵاتانی ناسراو بە قۆچی ئەفریقا، پشکی شێریان لە دەرهاوێشتەکانی وشکەساڵی بەرکەوتووە، بەجۆرێک لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵدا، تەنیا 25٪ـی ئەو بارانە باریوە کە ساڵانە لە باری ئاساییدا لەو وەرزەدا دەبارێت.

کلێر نوڵیس، گوتەبێژی رێکخراوی کەشوهەوای جیهانی دەڵێت، "لە چوار وەرزی بارانبارینی یەک لەدوای یەکدا بارانی پێویست نەباریوە. ئەمەش لە 40 ساڵی رابردوودا لە قۆچی ئەفریقا وێنەی نەبووە. ئەوەی جێی نیگەرانییە، پێشبینی دەکەین وەرزی پاییزیش لە بارانبارین شکستبهێنێت."

بەگوێرەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، لانیکەم ملیۆنێک و 500 هەزار سەر ئاژەڵ لە وڵاتانی قۆچی ئەفریقا بەهۆی وشکەساڵییەوە مرداربوون.

ئەفریقا بە نیشتمانی فیلەکان دەناسرێت. بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت IUCN، لە نیو سەدەی رابردوودا ژمارەیان بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە. گۆڕانی کەشوهەواش وەکو فاکتەرێکی سەرەکی دەبیندرێت.

گۆڕانی کەشوهەوا دەمانباتە کیشوەری ئوستراڵیا، زێدی دێرینی گیانەوەری کوالا. خەریکە گەرمبوونی گۆی زەوی و ئاگری دارستانەکان ئەم نازناوەی لێدەسێننەوە.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، ئوسترالیا، کوالای خستە لیستی ئەو گیانەوەرانەی مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی ئەنجوومەنی زانستیی گیانەوەرە هەڕەشە لەسەرەکانی ئوسترالیا؛ لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا، بەهۆی ئاگری دارستانەکان، 30٪ـی کوالاکان لەنێوچوون.

تەنیا گیانەوەرە وشکانی و باڵندەکان نین کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. لە شاری سانتا مارتای باکووری کۆڵۆمبیا، تیمێک بە شەو و رۆژ چاودێریی گیانەوەرێکی مانتی- ئەمریکی دەکەن.

گیانەوەرەکە لەلایەن یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت خراوەتە لیستی سووری لەنێوچوونەوە. بەجۆرێک، تەنیا 10 هەزار دانەی ماوە.

جوولیێت پریێتۆ، زیندەزانی دەریایی دەڵێت، "نابێت ئەم بوونەوەرانە بخورێن. هەر خۆی ژمارەیان زۆر کەمە و دەبێت چاودێریی ئەو ژمارە کەمە بکەین کە ئێستا زیندوون."

بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، لە کۆتاییەکانی سەدەی 19دا ژمارەی ئەم جۆرە نەهەنگە لە جیهاندا 20 هەزار دانە دەبوو، ئێستا بەگوێرەی سەنتەری توێژینەوە لە کەناراوییەکانی ئەمریکا 60٪ـی ئەو شیردەرە لەنێوچووە.

کریستی هوداک، توێژەری ئەمریکی دەڵێت، "خەمڵاندن دەکەین کە 336 نەهەنگی ئەتلانتیکی باکوور مابن و بەداخەوە تەنیا 15 دانەیان لە کەناراوەکانی ئەمریکادا بەدیکراون."

گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو کاریگەرییەی دەیخاتە سەر گیانەوەران بەوەندە ناوەستێت. بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی گۆڤاری نەیچەری بەریتانی، لە 50 ساڵی داهاتوودا، گەرمبوونی زەوی، 3 هەزار و 139 جۆری گیانەوەر ناچار بە کۆچکردن بۆ شوێنە فێنکەکان دەکات، بە بەرکەوتنیان لەگەڵ گیانەوەرانی دیکە، هۆشداریی دەدرێت لەوەی 15 هەزار کەیسی نوێی گواستنەوەی ڤایرۆس تۆماربکرێن.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif