کار بۆ هەناردەکردنی بەروبوومی نێوخۆ بۆ دەرەوە دەکەین

ليست هناك تعليقات



گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە پاڵپشتی حکومەتەکانی هۆڵەندا و تورکیا لە قۆناخی جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی نێوخۆییداین بۆ هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە."

رۆژی دووشەممە 27-6-2022، حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان وتی: ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەداین. دوو لەوان بە پاڵپشتی هۆڵەندا جێبەجێدەکرێن و ئامانج لێیان بەرهەمهێنانی هەندێک بەروبوومە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و دواتر هەناردەکردنی بەشێکیانە بۆ وڵاتانی دەرەوە."

بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە پارێزگای سلێمانیش کۆمپانیایەکی نێوخۆ بە هاوئاهەنگی کۆمپانیایەکی تورکی کار دەکات بۆ هەناردەکردنی بەروبوومی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە.

سەبارەت بە رێکخستنی بەرهەمی نێوخۆ، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "ساڵانە رۆژنامەی کشتوکاڵیمان هەیە. لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی نێوخۆدا باج دەخرێتە سەر بەرهەمی هاوردە یان قەدەخە دەکرێن وەک سەوزە، هەنار، سێو، قۆخ، ترێ، هەنجیر، هێلکە، مریشک و قارچک."

لەوبارەیەوە، شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ڕایگەیاند، "حکومەتی عێراق 100% پابەند نییە بە رۆژمێری کشتوکاڵییەوە و لە دەروازە سنوورییەکانییەوە رێگە بە هاتنەناوەوەی بەرهەمی هاوردەکراو دەدات کە ئەوەش وا دەکات بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە نێوەڕاست و باشووری عێراق پارە نەکات و ساخ نەبێتەوە."

وەسفی خەلیل، راوێژکاری کشتوکاڵی لە ژووری بازرگانیی سلێمانییش گوتی، "ئەگەر حکومەت سنوورەکان بە تەواوەتی بە رووی بەرهەمی هاوردەدا دانەخات، ئێمە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان لە مەترسییەکی گەورەدا دەبن. ئەگەر هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بگەنە رێککەوتن، کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران چارەسەر دەبێت."

لای خۆشییەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "ئەوە یەکێکە لە کێشەکانمان؛ بۆیە دەمانەوێت ئەو رۆژنامە کشتوکاڵییە لەگەڵ بەغدا یەکبخەین. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکمان پێکهێناوە کە چەند جارێک سەردانی بەغدای کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەبووە. ئەگەر بابەتەکە یەکلابکرێتەوە، ئەوکات کێشەکانمان چارەسەر دەبن و لەگەڵ عێراق بەرنامە دادەنێن بۆ دانانی باج و قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەروبووم، بەڵام عێراق لە قەدەخەکردنی هەندێک بەرهەم تەنیا بە زارەکی لەگەڵماندایە."






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif