کێ سودمەندی کورسیەکانی سەدر بوو و چۆن دابەشکران

ليست هناك تعليقات



دابەشكردنی میراتیە سیاسییه‌كەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، زۆرینەی لایەنەكانی بوژاندەوە، بەتایبەتیش هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەكەی ساڵی رابردوو بوو، كێكەكەی سەدر چۆن بەشكرا ؟ دوای كشانەوەی سەدر نەخشەی دابەشبوونی پەرلەمان چی بەسەر دێت ؟ بەبێ سەدر، چوارچێوەی هەماهەنگیی كابینەی نوێی حكومەتی پێ دروست دەكرێت ؟ چوارچێوه‌ ده‌توانیت پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێكبخات یان كاره‌كه‌ ده‌داته‌ ده‌ست ئێران ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

میراتە سیاسییەكەی سەدر بەشكرا
پەرلەمانی عێراق دوێنێ بەتەواوەتی دەرگای لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ ناو پەرلەمان داخست، ئەمە دوای پڕكردنەوەی كورسی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر.
لەكۆی (73) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان، پەرلەمان (64) كورسی بە كاندیدە جێگرەوەكان پڕكردەوە (كاندیدی جێگرەوە ئەوانەن پێیان دەوترێت گەورەترین دۆڕاو لە بازنەكانی هەڵبژاردندا)، (9) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان پڕنەكرایەوە، ئەم (9) كورسییە (5)یان بەر (حەرەكەی حقوق) كەوتبوو، ئامادەنەبوون كورسی سەدرییەكان وەربگرن.
حەرەكەی حقوق باڵی سیاسی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقە، (حسێن موئنس) سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پیاوە هاوپەیمانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەپێی قسەی سەرچاوەكان داوای پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كردووە واتە شوێنەكەی (حاكم زاملی) كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام لایەنە شیعەكان رەتیانكردوەتەوە‌و پێیانوابووە پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكەی سەدر لەلایەن حەرەكەی حقوقەوە، جۆرێك لە ئیستفزازی تێدا دەبێت بۆ سەدرییەكان‌و بۆ شەقامیش، بەوپێیەی ناڕەزایەتی دژی كەتیبەكانی حزبوڵاو هێرشەكانیان هەیە‌و ناكرێت ئەو پۆستە گەورەیە بدرێت بەوان، ئەمە وایكرد حسێن موئنیس كە تەنیا خۆی سەركەوتبوو بۆ پەرلەمان لەگەڵ سەدرییەكان دەستلەكاربكێشێتەوە‌و وەرگرتنی كورسی بەتاڵی سەدرییەكانیش رەتبكاتەوە.
(4) كورسییەكەی تری سەدرییەكان، كاندیدە جێگرەوەكانیان هەر لە رەوتی سەدر خۆی بوون، ئەوانیش بەهۆی بڕیاری رێبەری رەوتەكەیانەوە نەچونە پەرلەمان‌و كورسییەكانی خۆیان پڕنەكردەوە.
بۆ پڕكردنەوەی ئەو (9) كورسییە بەتاڵە، دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ناوی (9) كاندیدی جێگرەوەی تر دیاری بكات كە بریتی دەبن لە دووەم گەورە دۆڕاوەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا.

سه‌در نه‌یاره‌كانی به‌ كورسی په‌رله‌مان ده‌بوژێنێته‌وه‌ !

كێكی (73) كورسییەكەی سەدر دابەشكرا، هەریەكە‌و پشكی خۆی برد، عامری سودمەندی یەكەم‌و سەربەخۆكان سودمەندی دووەم، حەكیم‌و عەبادی‌و مالیكیش پشكی خۆیان چینییەوە:
• هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری پشكی شێری كێكی كورسییە بەتاڵەكانی سەدری بەركەوت، لەكۆی (64) كورسی سەدرییەكان كە دوێنێ پڕكرایەوە (12) كورسی برد، ئەمە ژمارەی كورسییەكانی عامری لەناو پەرلەمانی عێراق لە (17) كورسییەوە بەرزكردەوە بۆ (29) كورسی.
• (قوی الدولە) كە هاوپەیمانێتی نێوان (عەممار حەكیم‌و حەیدەر عەبادی)یە‌و لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تەنیا (4) كورسی بردەوە، لە پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوەی سەدر سودمەند بوو، ئەم هاوپەیمانێتییە لە كێكەكەی سەدر (8) كورسی بەركەوت، بەمەش ژمارەی كورسییەكان لە پەرلەمان بۆ (12) كورسی بەرزبووەوە، سەرباری ئەم زیادبوونە، عەممار حەكیم هێشتا سورە لەسەر بڕیاری خۆی‌و دەڵێ بەشداری كابینەی نوێی حكومەت ناكەم، بەڵام عەبادی چاوێكی لەوەیە ببێت بە كاندیدی یەكلاكەرەوەی ناو ماڵی شیعە لەنێوان مالیكی‌و سەدردا، حەكیم‌و عەبادی بەشێكن لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەكیم+ عەبادی).
• ئەوانەی لەژێر ناوی (سەربەخۆ)دا بەشداربوون، سودمەندی دووەمی كێكەكەی سەدر بوون لە پەرلەمان‌و (11) كەسیان بوون بە شوێنگرەوەی سەدرییەكان.
• بزوتنەوەی ئیمتیداد كە نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەری 2019ی عێراقی دەكرد‌و (9) كورسی بردەوە، بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە (7) كاندیدی تری سەركەوت بۆ پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدا روودەدات بەمدواییە ناكۆكی كەوتە ناو بزوتنەوەكەی لە كۆی (9) پەرلەمانتار (5) پەرلەمانتاریان جیابوەنەوە، بزوتنەوەی ئیمتیداد كە عەلا ركابی سەرۆكایەتی دەكرد لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێدا لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییەكیان هەیە بەناوی (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك).
• ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات‌و نەیاری سەرسەختی سەدرە، ئەویش (5) كورسی سەدرییەكانی چنییەوە‌و بەمەش ژمارەی كورسییەكانی لە (33) كورسییەوە زیادی كرد بۆ (38) كورسی، مالیكی رێبەرایەتی لایەنە شیعە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنی كرد، لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە سەركەوتوو بوو لە كاراكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر) لەناو پەرلەمانی عێراق‌و بەمەش رێگری لە سەدر كرد "حكومەتی زۆرینە" دروست بكات، مالیكی كە سەری گەورەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە‌و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، خەونی هەیە جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە.
• كوتلەی (نەهجی وەتەنی) كە بریتییە لە (حزبی فەزیلە)ی پێشوو و بەشێكە لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەویش سودمەندبوو لە كورسییە بەتاڵەكانی سەدر‌و (3) كورسی تری دەستكەوت، بەمەش تێكڕای ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (4) كورسی بەرزبووەوە.
• هاوپەیمانی (تصمیم) كە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە سەرۆكایەتی دەكات‌و دابەشبووە بەسەر هەردوو بەرە ناكۆكەكەی ناو ماڵی شیعەدا (چوارچێوەی هەماهەنگی‌و سەدر)، ئەویش لە شوێنی بەتاڵی سەدرییەكان (3) كورسی سودمەند بووە‌و بەمە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (8) كورسی بەرزبووەوە، ئەسعەد عیدانی دەیەوێت خۆی وەكو كاندیدی یەكلاكەرەوەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی‌و سەدر نیشان بدات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆیە ناوی لە لیستی ئەوانەدا دەهێنرێت كە لەناو ماڵی شیعەوە كاندید دەكرێن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
• هاوپەیمانی (عەقدی وەتەنی) كە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی سەرۆكایەتی دەكات، ئەویش (4) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان پڕدەكاتەوەو بەمە ژمارەی كورسییەكان لە (4) كورسییەوە بۆ (8) كورسی زیاد دەكات.
• رەوتی (الفراتین) كە محەمەد سودانی وەزیری پێشووتری مافی مرۆڤ سەرۆكایەتی دەكات‌و بەشێكە لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و (1) كورسی پەرلەمانی هەیە، بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە (2) كورسی تری دەستكەوت‌و تێكڕای كورسییەكانی بوو بە (3) كورسی.
• عامر عەبدولجەبار وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق یەكێك لەو تاكە كەسانەیە كە سودمەند بوو لە كشانەوەی سەدرییەكان، عامر لەچوارچێوەی رەوتێكی نوێدا بەناوی رەوتی (گردبونەوەی فاو و زاخۆ) بەشداری هەڵبژاردنی كرد، سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، بەڵام ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە كورسییەكەی خۆی لە بەسرە بردەوە.
• حزبی (قادمون للتغییر) كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی كرد‌و لە هەموو ناوچەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كاندیدی هەبوو، بەهۆی كشانەوەی سەدرەوە لە هیچەوە بوو بە خاوەنی (2) كورسی پەرلەمان لە پارێزگاكانی بەغدادو بەسرە.
• عەدنان زورفی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، ئەویش بۆ یەكەمجار بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە دوو كورسی پەرلەمانی لەسەر بازنەكانی پارێزگای نەجەف دەستكەوت، یەكێك لەوانە خۆیەتی كە بوو بە ئەندامی پەرلەمان.
• بزوتنەوەی (نور) كە پەرلەمانتاری پێشووی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا (محەمەد هینداوی) سەرۆكایەتی دەكات، كورسییەكی سەدرییەكانی لەسەر پارێزگای بەسرە بەركەوت، بەڵام ناخۆشییەكەی ئەوەیە ئەو كەسەی لە حزبەكەی شوێنی سەدرییەكانی پڕكردەوە هینداوی خۆی نەبوو، بەڵكو ژنێكە، ئاخر هینداوی لە هەڵبژاردندا خۆی‌و كوڕەكەشی كاندید كردبوو، بەڵام كەسیان سەرنەكەوتن.
• ئیشراقەی كانون كە ئەویش وەكو ئیمتیدا بە هێزێكی سەربەخۆ ناودەبرێت، كورسییەكی لە كشانەوەی سەدرییەكان دەستكەوت.
• هاوپەیمانی (تەقەدوم) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات، بە (2) كورسی لە كشانەوەی سەدر سودمەند بوو، بەمەش ژمارەی كورسییەكانی بۆ (39) كورسی زیادی كرد، حەلبوسی لەگەڵ بارزانیدا هاوپەیمانی سەدر بوو، بەڵام هەر دوای كشانەوەی سەدرییەكان سەرۆكایەتی هەوڵی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی كرد.
• گردبونەوەی خەڵكی واست، كە محەمەد میاحی پارێزگاری واست سەرۆكایەتی دەكات‌و لە هەڵبژاردندا یەك كورسی بردەوە‌و چووە پاڵ سەدرییەكان، ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرەوە كورسییەكەی تریشی دەستكەوت‌و ژمارەی كورسییەكانی بوو بە (2) كورسی.

نەخشەی پەرلەمان دوای سەدرییەكان
ئێستا كە ئیتر كورسییە بەتاڵەكانی سەدر پڕكراوەتەوە، نەخشەی دابەشبوونی كوتلە سیاسییەكان لە پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە:
• لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان (88) كورسییەوە بۆ (120) كورسی بەرزبووەوە‌و ئێستا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانن، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەم كوتلەیە رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران.
• بارزانی‌و حەلبوسی كە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییان لەگەڵ سەدر كرد (هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتمان)، ئێستاو دوای كشانەوەی سەدر هەوڵی مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەدەن، بارزانی‌و حەلبوسی بەبەشداریكردنی پەرلەمانتارەكانیان لە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان‌و پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر، یەكەمین كاری هاوبەشی خۆیان لەگەڵ مالیكی‌و هاوپەیمانە شیعەكانی تری دەستپێكرد.
• لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەحاڵی دەستپێكردنی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی، دەبێت ناكۆكی نێوان ئەم دوو لایەنە كوردییە لەبارەی پۆستەكە چارەسەر بكەن، چوارچێوەی هەماهەنگیی رێز لە هەڵوێستی یەكێتی هەشت مانگی رابردووی یەكێتی دەگرێت كە لەو ماوەیەدا لەدژی سەدر پشتیوانی لە چوارچێوە كردووە‌و بە (18) پەرلەمانتاری خۆی نیسابی (یەك لەسەر سێی پەكخەر)ی لەناو پەرلەمان بۆ مالیكی‌و دۆستەكانی تەواو كردووە، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرێت بەبێ بەشداریكردنی پارتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تاڕادەیەك ئاستەم دەبێت.
• پارتی بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر، هەرێمی كوردستان روبەڕووی ژمارەیەك فشاری سەربازی‌و یاسایی‌و سیاسی كردەوە، لەسەرو هەموشیانەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، پارتی ئێستا بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوای چارەسەركردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكات، ئەمە دانوستانی مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ بارزانی قورس دەكات، ئایا مالیكی‌و عامری دەچنە ژێر باری هیچ بەڵێنێك بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان ؟
• بۆ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ سوننەكان هێندەی كورد قورس نابێت، چونكە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەكانە پڕكراوەتەوە، بەڵام لە پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی پێكهاتەی سوننەدا دەبێت جگە لە حەلبوسی‌و خەمیس خەنجەر، هەندێكیش هاوپەیمانی عەزم لەبەرچاوبگرێت كە لەماوەی رابردوودا وەكو بەشێك لە پێكهاتەی سوننە لەگەڵ مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی دژی سەدر راوەستاون.
• لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا عەممار حەكیم هێشتا سورە لەسەر ئەوەی نایەوێت بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، رەنگە ئەمە وابكات چوارچێوە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان (واتە شوێنەكەی حاكم زاملی پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی سەدر) بۆ ئەو بەجێبهێڵن.
• لەحاڵی رێكنەكەوتنی بارزانی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەگەری هەیە ئەویش هاوشێوەی سەدر لە پەرلەمان یاخود بەشداریكردن لە حكومەت بكشێتەوە‌و ئەمە ئاستەنگێكی زیاتر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لەلایەن مالیكی‌و هاوپەیمانەكانییەوە دروست دەكات.
• سەربەخۆكان كە ژمارەیان (45) پەرلەمانتار بوو، ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە 11 كورسی تریش زیادیان كردووە، لەماوەی رابردوودا كە بەهۆی ناكۆكی هەردوو بەرەكەی ناو ماڵی شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و سەدر) رۆڵیان لەخۆیان گەورەتر دەركەوت، ئیتر ئەو رۆڵەیان نابێت، رەنگە ئەمجارەیان زیاتریش پەرت ببن لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگیی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت‌و سەدر وەكو رێبەری ناڕەزایەتی شەقام.
• كشانەوەی سەدر چەندە سودی بەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی گەیاند‌و باری لاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بۆ راستكردنەوە، رەنگە زیانی گەورەشیان پێ بگەیەنێت، چونكە لەمەودوا زیاتر ناكۆكییەكانیان لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیران‌و دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان دەردەكەوێت، چونكە ئەم هاوپەیمانێتییە بەپلەی یەكەم هاوپەیمانێتی روبەڕووبونەوەی سەدر بوو، نەك هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت.
• مانەوەی سەدر لە دەرەوەی پەرلەمان، مەترسییەكی ئامادەیە لەبەردەم هەر حكومەتێكدا كە چوارچێوەی هەماهەنگیی دروستی بكات، سەرباری بەشدارییان لە حكومەتی چوارچێوەی هەماهەنگیی، رەنگە بارزانی‌و حەلبوسی هەروەكو هاوپەیمانی شاراوەی سەدر لەناو حكومەت‌و پەرلەماندا بمێننەوە‌و لەحاڵی دروستبوونی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانیان بگەڕێنەوە بۆ لای سەدر.
• خاڵی بەهێزی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی پاڵشتی ئێرانە، ئێرانییەكان رەنگە رۆڵی گەورە بگێڕن لەسەرپێخستنی حكومەتی نوێی عێراق، بەتایبەتیش چارەسەركردنی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار.

راپۆرت: درەو






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق