لە ئێستاوە تا 2023

ليست هناك تعليقات


 فارس نەورۆڵی
-
لە سەدەیەک دوای لۆزان کورد لە کوێدا دەبین، لە 24ی تەموزی 1923 کۆنگرەیەک لە لایەن (بەریتانیا، فەرەنسا، ژاپۆن، یۆنان، ڕۆمانیا، سربیا، کرواتیا، سلوانیا و تورکیا) لەشاری لۆزانی سیوسرا بەسترا. مەبەست لەم کۆنگرەیە داڕشتنەوەی سەر لەنوێی قەوارەی سیاسی و جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.

لێرەوە دوای جوڵە دبلۆماسییەکانی (کەمال ئەتاتورک) بە پاڵپشتی سۆڤیەتی کۆمۆنیستی پەیمانی (سیڤەر) هەڵوەشێنرایەوە، ئیتر لێرەوە کورد خەونەکانی زیندە بەچاڵ کراو خرایە دەرەوەی مێژوو، هەر لەو کاتەوە تا ئێستا کوردیان ڕوبەڕووی سەدان کارەسات کردوەتەوە بۆسڕینەوەی، بەڵام کورد مایەوە تا 2023، ساڵێکی دیکە 100 ساڵ بەسەر لۆزاندا تێ دەپەڕێ و بەڕای (کیسەنجەر) دەرەنجامی جەنگی ڕوس و ئۆکرانی پێشبینی گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە دەکرێت.

بۆیە لە ئێستاوە تا مانگی 7ی 2023 هەستیارتیرن دۆخ وچارەنوسسازترین قۆناغە بۆ کورد، چونکە دەوڵەتانی ناوچەکە هەموو هەوڵێک دەدەن پشکی شێر بەرن لەگۆڕانکارییەکاندا. ڕاستیەکی حەشا هەڵنەگریش هەیە ناوماڵی کورد چی لە ئاستی کۆمەڵایەتی و شەقام، چی لەئاستی حیزبە سیاسییەکان نا ئامادەییەکی نا ئومێدکەر هەیە! ئیتر نازانم جوڵەی دبلۆماسی شاراوەی دەرەوەی کورد چۆن مامەڵە لەتەک دۆزی کورد دەکەن، ئەوەی لەسەر کورد پێویستە لە هەموو ئاستەکاندا چی سیاسی و چی کۆمەڵایەتی و هەموو ناوەندەکان دەبێ بزانن پێ دەچێ گۆڕانکارییەکان لە بیرکردنەوەی ئێستای ئێمەدا نەبن.

بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا کێشەکانمان سڕکەین، ئەقڵ بەڕێوەمان بەرێت نەک ڕق وعینادی، با تا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێ بیربکەینەوە جارێکی دیکە نەمانکەنەوە دەرەوەی مێژوو، ئەمەش بەوە دەکرێ واز لە نمایشی بێمانا بهێنن و بە گەمەی بچوکەوە وزەی کورد سەرف نەکەین. ئەوەی کێشە قوڵەکەی ڕۆحی ئێمەیە، ئەوەی ئێمە و ئەوانی دیکە لەیەک جیا دەکاتەوە. ئەوان هەموو شتە بچوکەکانی خۆیان بەگەورە نیشان دەدەن، ئێمە کارە گەورەکانی خۆمان بە بچوک نیشان دەدەین.

بۆیە لەئێستاوە تا 2023 سەنگی مەحەکە بۆ ژیانێکی نوێ لەناوچەکەدا، تکایە با بۆ (یەک ساڵ تەنها یەک ساڵ) کێشەکان وەلاوە نێین خۆمان و کوردستان بە ڕقی ناوخۆ و مەکری ئەوانی دیکە نەسوتێنین، چونکە چیتر لەکەوتن و دۆڕاندا ئەوانی دیکە تاوانبار نین بەڵکو خۆمانین تاوانبار! 




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif