عارف قوربانی
-
هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدایه، به‌شێكیان ده‌ره‌كین و په‌یوه‌ندییان به ستراتیژی ده‌وڵه‌تانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه. به‌شێكیشیان كێشه‌ی ناوخۆیین، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا زهوینهخۆشكهرن بۆ دروستكردنی هه‌لومه‌رجێك، كه هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه ده‌ره‌كییه‌كان كاریگه‌رییان زووتر و زیاتر بێت له‌سه‌ر داهاتووی كوردستان. جیاواز له كێشه و ناكۆكییه سیاسییه‌كانی نێو هه‌رێمی كوردستان و شێوازی (به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكان) هه‌روه‌ها خراپ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی كوردی و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری رۆژانه‌ی ژیانی خه‌ڵك، كه ئه‌مانه‌ش وه‌ك ده‌رئه‌نجام هه‌ر ئاویان كردووه به ئاشی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه، كێشه خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش كه رۆژ له دوای رۆژ له هه‌رێمی كوردستان له په‌ره‌سه‌ندندان، ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌كانی له هه‌ڕه‌شه دهرەكییهكان زیاتر نه‌بێت بۆ ئایندهی میلله‌ته‌كه‌مان، كه‌متریش نییه.
بێگومان ده‌سه‌ڵاتی كوردی چاره‌ی گۆڕینی ئامانج و ستراتیجی هه‌رێمایه‌تی ده‌وڵه‌تانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی ناوچه‌كه‌ی لانییه و ناتوانێت به ئاسانی به‌ر به‌و مه‌ترسییانه بگرێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ری ناكۆكی و كێشه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناوخۆی كوردستان له ده‌ستی حوكمڕانانی كوردستان خۆیدایه و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆیان، كۆتاییهێنانه به‌و ژینگه و هه‌لومه‌رجه كه بۆ مه‌ترسییه ده‌ره‌كییه‌كان دروستبووه. بۆیه ئێستا ئه‌ركی پله‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان ئه‌وه‌یه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه ناوخۆییه‌كان بدۆزنه‌وه.
كێشه ناوخۆییه‌كانیش به‌شێكیان سیاسین، لێكه‌وته‌ی كێشه سیاسییه‌كانیش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی دیكه‌ی وه‌ك ئابووری و دارایی و ئیداری و ئه‌منی به‌دوای خۆیدا هێناوه، كه به‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان كۆتایی به به‌شێك له‌و كێشانه دێت. ئه‌مه‌یان به‌رپرسیارێتییه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه له ئه‌ستۆی هه‌موو سه‌ركرده‌كانی حیزبه سیاسییه‌كانی ئه‌مڕۆی گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان، پێویسته به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی ده‌ست بۆ ریشه‌ی چاره‌ی ئه‌م كێشه‌یه به‌رن. په‌ره‌سه‌ندنی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش به‌شێكی هه‌ر لێكه‌وته‌ی كێشه و ناكۆكییه سیاسیه‌كانه، له‌لایه‌ك به داڵده‌دانی تاوانباران و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی لاوازكردنی رۆڵی دادگە و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و فه‌رامۆشكردنی یاساوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌موو هۆكاره‌كانی نین، ده‌ستنیشانكردنی هۆكاره‌كانی پشت ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئێجگار زۆرن، بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگەچاره، حكومه‌ت پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه تا به ده‌ستنیشانكردنی سه‌رجه‌م هۆكاره‌كان چاره‌سه‌ریان بۆ دیاریبكات.
زۆرجار له‌و هه‌واڵ و راپۆرتانه‌ی بڵاوده‌بنه‌وه په‌یوه‌ست به‌و كرده‌وه تووندوتیژییه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی رووده‌ده‌ن، دەگوترێت بكه‌ر (تاوانبار) پێشینه‌ی هه‌یه. یا ماوه‌یه‌ك لە زیندان بووه و ئازادكراوه و تاوانی ئه‌نجام داوه‌ته‌وه، یان دەگوترێت تاوانی ئه‌نجام داوه و ده‌ستگیر نه‌كراوه. واتا هه‌ر هۆكاره‌كه ئه‌وه نییه تاوانبارێك كه ده‌ستگیر ناكرێت و تاوانه‌كه‌ی بۆ په‌رده‌پۆش ده‌كرێت، بێباكانه تاوانی دیكه ئه‌نجام ده‌داته‌وه، ره‌نگه ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی سزا دراون و زیندانیان چه‌شتووه‌و باجی هه‌ڵه و تاوانه‌كه‌شیان به قورسی داوه و دواتر تاوانی دیکەیان كردووه، كه‌متر نه‌بن له‌وانه‌ی گوێ به ده‌سه‌ڵات و یاسا ناده‌ن.
ئه‌مه پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد هه‌یه، بۆچی كه‌سێك كه تاوان ئه‌نجام ده‌دات و سزا ده‌درێت، ئاماده‌ی دووباره‌كردنه‌وه‌ی تاوانی هه‌یه؟ ده‌بێت به‌دوای ئه‌وه‌دا بچین بزانین "زیندان قوتابیخانه‌یه"، مرۆڤ له خراپه دوورده‌خاته‌وه و چاكسازییه‌كانی ناو زیندان كه‌سی تاوانبار ئاماده ده‌كاته‌وه بۆ ناو كۆمه‌ڵگە، یاخود خودی زیندانیش هۆكارێكه بۆ زیادبوونی رێژه‌ی تاوان له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا؟ لێره‌دا به مه‌به‌ست نموونه‌ی كه‌سێكی نزیكی خۆم ده‌هێنمه‌وه تا باشتر له كێشه‌كه تێبگه‌ین. كوڕێكی خوشكه‌زام پۆلیسی هاتووچۆ بوو، به‌ڵگه‌ی تۆماری ئۆتۆمبێلێكی ساخته كردبوو فرۆشتبووی به هاووڵاتییه‌ك، كه هاووڵاتییه‌كه بۆی ده‌ركه‌وتبوو ئه‌م تۆماره ساخته‌یه، بووه كێشه. ده‌مانتوانی له ده‌ره‌وه‌ی یاسا و به‌شێوه‌ی چاره‌سه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام باوكی و ئێمه‌ش بۆچوونمان وابوو پێویسته بدرێته ده‌ستی یاسا بۆ ئه‌وه‌ی سزا بدرێت و كورد واته‌نی (با عاقڵ بێت).
كه‌یسه‌كه‌ی چووه دادگە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی پۆلیسی هاتووچۆ بووه و ئه‌م كاره‌ی كردووه، به بڕیاری دادوه‌ر ماوه‌ی سێ ساڵ له زیندان بوو. دایكی و هه‌ندێ له كه‌سوكار كه سه‌ردانیان ده‌كرد ده‌یانگوت پێمان ده‌ڵێت هه‌رچیتان پێده‌كرێت له زیندان ده‌رمبێنن، (خه‌ریكه به رێگەی جۆراوجۆر فێری تلیاك كێشانمان ده‌كه‌ن). دوای سێ ساڵ مانه‌وه له زیندانی چاكسازی گه‌وران، ئازادكرا‌و گه‌ڕایه‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی خۆی. ماوه‌ی چه‌ند مانگێك دهوامیكرد، رۆژێك نووسراوێك ده‌چێت بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی و فه‌سڵ ده‌كرێت.
ته‌له‌فۆنی بۆ من كرد، كه‌وتمه هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی. هه‌ر كه‌سێك له‌ناو پارتی و یه‌كێتیی پێم وابووبێت حورمه‌تی بۆچوونم ده‌گرن، په‌نام بۆ بردووه‌و داوام لێكردووه هه‌وڵێك بدات ئه‌م كوڕه بخه‌نه‌وه سه‌ر كار. هێنده خه‌ڵكم راسپارد و ئه‌وانیش به‌ده‌م داواكه‌مه‌وه ده‌چوون و بێ‌ئاكام ده‌بوو، تووشی سه‌رسوڕمان هاتم له‌وه‌ی هۆكار چییه له‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو ته‌كلیفه ده‌كه‌م و كاره‌كه‌ی جێبه‌جێناكرێت. تا رۆژێك دۆستێك ئاگاداری كردمه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی برایه‌كی ئه‌م كوڕه كه له‌ده‌ره‌وه ده‌ژیت له فه‌یسبووك قسه‌ی به جه‌نابی مه‌عالی كردووه، بۆیه رێگه نادرێت ئه‌م بخرێته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی.
له هه‌موو دونیادا شێوازه‌كانی سزادان له‌به‌رانبه‌ر تاوان به‌جۆرێكه به‌پێی یاسا و تێڕوانینی دیدی دادوه‌ران تا به‌و سزایه له تاوانه‌كه پاك ده‌بێته‌وه، دوای ئه‌وه سزای خۆی و ماڵ و مناڵی نادرێت. كه‌سانێك هه‌ن له به‌رانبه‌ر تاوانێكدا ته‌نها به‌وه‌ی ده‌خرێنه ژێر چاودێرییه‌وه سزاده‌درێن، یاخود به سزای مادی، هه‌یه ده‌خرێته زیندانه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو، هه‌یه بۆ هه‌میشه‌یی، تاوانباریش هه‌یه سزای مه‌رگی به‌سه‌ردا ده‌درێت. ئه‌م ریزبه‌ندییه له سزا له‌پێناو ئه‌وه‌دایه ئه‌وانه‌ی تاوانێكیان ئه‌نجام داوه‌و ئومێدی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت چاك بكرێن، له زیندان ئاماده ده‌كرێنه‌وه بۆ ناو كۆمه‌ڵگا. دوای ئه‌وه‌ی كه‌سێك به‌حساب ئاماده‌كراوه بخرێته‌وه ناو كۆمه‌ڵگا، دوای ئازادكردنی نانی خۆی و ماڵ و مناڵی نابڕن و له‌سه‌ر كار دوری ناخه‌نه‌وه، یا رێگه‌ی چوونه‌وه سه‌ر كاری لێناگرن، چونكه ئه‌گه‌ر ئهوهتكرد كه‌واتا ده‌ته‌وێ تاوان بكاته‌وه.
ئه‌م كوڕه‌ی خوشكه‌زام 25 ساڵ خزمه‌تی وه‌زیفی هه‌بوو، پێنج سه‌ر خێزانن و نه ته‌مه‌نی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌دات هه‌موو كارێك بكات و نه توانای ئه‌وه‌شی مابوو. ماوه‌یه‌ك له چهمچەماڵ مایه‌وه بێئیش و بێكار، له پێناو ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵه‌كه‌ی دوای ئه‌و لێشاوه‌ی خه‌ڵك بۆ گه‌یشتن به ئه‌وروپا رووی له بێلاڕووس كرد، ئه‌میش به‌نیازی هه‌نده‌ران سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و دوای گه‌یشتنی به توركیا زیاتر له شه‌ش مانگه هیچ چاره‌نووسێكی دیار نییه و بێسه‌روشوێنه.
لێره‌دا مه‌به‌ستم له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م دۆسیەیە كه ره‌نگه نموونه‌ی هاوشێوه‌ی زۆر بن، بۆ ئه‌وه‌یه بڵێم هه‌ڵه له مامه‌ڵه‌ی حوكمڕانیمان هه‌یه له‌گه‌ڵ كێشه‌كان. ئه‌گینا كه‌سێك چه‌ندین ساڵ ژیان له دۆزه‌خی زیندان به‌رێته‌سه‌ر، به‌شی ئه‌وه په‌ند وه‌رده‌گرێت به ئاسانی پێی نه‌كه‌وێته‌وه ته‌ڵه‌وه. ئه‌گه‌ر دوای ئازادبوونی نادادپه‌روه‌ری یان زووڵم و سته‌م له‌سه‌ری به ئه‌ندازه‌یه‌ك نه‌بێت كه هیچ رێگه‌یه‌ك بۆ چاره‌ی كێشه‌كه‌ی نه‌بینێته‌وه. یاخود هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌هۆی سه‌ربه‌خۆنه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی داده‌وه‌ری و مه‌حسوبیه‌ت، سزاكه‌ی به‌ناڕه‌وا چه‌شتبێت، بۆیه دوای ئازادبوونی وه‌ك تۆڵه په‌نا ده‌باته‌وه به‌ر تاوان.
ده‌بێت ئه‌وانه‌ی ده‌ربه‌ستی كوردستانن به‌باشی له‌م كێشانه تێبگه‌ن و د‌رك به مه‌ترسییه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكه‌ن كه كه‌متر نییه له هه‌ڕه‌شه دهرەكییهكان له‌سه‌ر چاره‌نووسی هه‌رێمه‌كه‌مان. پێویسته ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرن به‌شێك له هۆكار و سه‌رچاوه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كێشه‌كانیش خودی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی. ئاسانترین رێگەش بۆ گرتنەبه‌ری رێگەچاره‌ی كێشه‌كان، گۆڕینی دید و تێڕوانینی حیزبیانه‌ی حكومه‌ته، بۆ دیدی هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی به‌یه‌كسانی له به‌ڕێوه‌بردنی ته‌واوی كۆمه‌ڵگە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق