مرۆڤ کاتێک ئەبێت بە (نوقتەی لابەلا)

ليست هناك تعليقات


هێمن عبدلقادر
-
مشکێکی بچوک لەناو دارستاندا پیاسەی دەکرد بە دەستە بچوکەکانی لاسکی گیاکانی دەقرتاندن و گۆرانی دەگوت ، لەناکاو بینی شێرێکی گەورە ، کەوتۆتە ناو تۆڕێکی گەورە هەرچەند هەوڵ ئەدات ناتوانێت خۆی لەو داوەی کە تێی کەوتووە ڕزگار بکات ، لەو دیو تۆڕەکەشەوە کۆمەڵێک کەمتیار و چەقەڵە و مەیمون پێدەکەنن بە بێ ئەوەی زاتی ئەوە بکەن لێێ نزیک ببنەوە، پاش ماوەیەک لە چۆڵ بونی چوار دەوری شێرەکە.

مشکی بچکۆلە بە ترس و لەرزێکی زۆرەوە چووە حزوری شێری یەخسیرکراو ، وتی سڵاو گەورەی دارستان ، ئەوە چ حاڵێکە تۆی تێدایت ؟

شێر وتی :- لە ڕاستیدا چەندین سالە بەهۆی ڕق و ئیرەیی کەمتیار و مەیمونەوە لە پێگەو ناوبانگی من لە کەمیندان بۆم ، هەتا بەم دۆخەیان گەیاندم.

مشکی بچکۆلە وتی :- قوربان ئەگەر من بە ددانەکانم ئەم تۆڕە ببڕم و ڕزگارت بکەم ، بەڵێن ئەدەیت کە لەمەولا مشکەکان نەخۆیت ؟

شێر وتی :- بەڵێن بێت

بەو جۆرە مشک بەددانەکانی بەشێکی تۆڕەکەی بڕی و شێر هاتە دەرەوە و سوپاسی مشکی کرد و سەری داخست و بە هێواشی ملی ڕێگای بەرەو دەرەوەی دارستانەکە گرت.

مشکی بچکۆلە لە داواوە هاواری کرد (گەورەی دارستان ئەوە بۆ کوێ دەڕۆیت؟)

شێر بە غەمگینیەوە وتی دەچم لە شوێنێکی ئەم دنیایە بە بێ دەنگی دادەنیشم.

مشک وتی بۆچی ؟ مەگەر تۆ گەورەی ئەم دارستانە نیت ؟ نابێت جێی بهێڵیت.

شێر وتی ؛- دارستانێک کەمتیار و مەیمون بتبەستنەوە و مشک رزگارت بکات ، ئەو دارستانە هەر بۆ جێهێشتن و گۆشە 

*لە کۆمەڵگایەکدا کە مرۆڤ ئیحتیاج و ئاتەجی بە مرۆڤی بچوک بوو ئیتر دانیشتن و گۆشەنشینی باشترە.

**لە کۆمەڵگاو شوێنێکدا کە (تەنورەی کورت) و (نامە) و (ڤیدیۆ چات) و (ژوانی شەوانی سۆزانیەک) و (هەڵدانی پێکێک لە باخێکی قەراغ شاردا) لە (دەستپاکی) و (داوێن پاکی) و (زمانپاکی) و (خوێنەواریی) و (بێ زیانی) و (بڕوانامەی بەرز) و (لێهاتووی) و (شارەزایی) و (ئەزموون) زیاتر شەفاعەتت بۆ بکەن ، ئیتر ئەو کۆمەڵگایە ئەگەر جێشی نەهێڵیت ، گۆشەنشینی باشترە

***لە کۆمەڵگا و شوێنێکدا کە (سمت و کوڵم و لێوێکی بەرز) لەکەسایەتیەکی خاوەن پایە و مەعریفەی بەرز ، زیاتر ئەرزشی هەیە و قسەی دەڕوات ئیتر ئەو شوێنە و ئەو کۆمەڵگایە هەر هی ئەوەیە لێی هەڵبێیت، ئەگەر بەجەستەیش نەبێت بەڕۆحی دەبێت لێی بڕۆیت.

*هیچ کەسێک گرنگی بەوە نادات کە تۆ تا چەند کوڕی باش یان کچی باشیت ، ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە تۆ تاچەند دەتوانی وەک کەمتیار (پیسخۆر)بیت یان وەک (مەیمون) قیژە قیژ بکەیت یان چۆن دەتوانیت ڕۆژێک یان شەوێکیان تا بەیانی بۆ بڕازێنیتەوە

*لە کۆمەڵگایەکدا مەیمون لەسەر دار بێت و عاقڵەکانیشیان لە مالەوە یان لە سوچێکدا کەنارگیر کرابن ، لە شوێنێکدا کەمتیار بتوانێت بتگلێنێ و مشکی بچوکیش بتوانێت تەکلیف و تکات بۆبکات ،

مەگەر هەر حاجی قادری کۆیی کۆمەکی ئەم دۆخەمان بکات کە دەڵێ :-

(شێخ غەفور بیستومە چاچیم پێ دەڵێی،

چاکە، من نابم بە نوقتەی لابەلا!)

کام ئیشەی زۆر بێ داهات و بێ ناوبانگە ، باشترە لەو ئیشەی کە مرۆڤ دەکات بە نوقتەی بچوکی پیس و باسی ناو کۆڕ و مرۆڤی لابەلا.

نوقتە سەری دێڕ ...



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif