لە "حەرەم"ەوە بۆ "حەرام"

ليست هناك تعليقات


هاوكار عیزەت
-
زۆر لە مێژە گوێمان بە وشەی حەرەمیش و حەرامیش ڕاهاتوە، تا رادەیەکی زۆر باش دەزانین واتای هەر یەکەیان چییەو جیاوازەیەکەشیان دەزانین، حەتمەن ئەوەش دەزانین کە حەرەم هیچ پەیوەندی بە حەرامەوە نییە و ڕەنگە لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو دەستەواژەیەوە پرسیار لە هەرکەسێک بکەین گاڵتەی بە بابەتەکەبێت.

با رۆز لەسەر ئەوە سەرتان نەئێشێنم و باسی پەیوەندی نێوان ئەم دوو دەستەواژەیەتان بۆ بکەم.

پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران، زۆربەی زۆری وەزارەتەکانی حکومەت، زانکۆ و فەرمانگەو بەڕیوەبەرێتییە گشتیەکان بەناوی دروستکردنی حەرەمی پارێزراوی خۆیانەوە، بەشیکی زۆر لە میدیاکانیان بێبەشکردوەو دەیکەن لە پێدانی زانیاری و ڕێگەدان بە روماڵ و سەردان و دواندنی هەر کەسێک لەنێو ئەو چوارچێوانەدا کە ناویان ناوە " حەرەم".

لە پەرلەمانی کوردستان ماوەی ساڵێکە بە چەند بیانویەک، بەشێکی زۆری میدیاکان بێبەشکراون و بۆیان نییە پێ بنێنە نێو حەرەمی پەرلەمانەوە و لەماوەی ئەو ساڵەدا هەر میدیایەک ویستبێتی قسە لەگەڵ پەرلەمانتارێک بکات پەرلەمانتارەکە هاتۆتە دەرەوەی حەرەمەکەو لە تەنیشت سیاجی پەرلەمانەوە قسەی بۆ میدیاکان کردوە، تەنانەت ئێستا ئەگەر خودی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەشی بیانەوێت کۆنگرەیەک بکەن و هەموو میدیاکان بەشداربن تێیدا دەبێت یان لە بارەگایەکی حزبی بیکەن" کە وایان کردوە" یان بێنە دەرەوەی حەرەمی پەرلەمان، چونکە بە بڕیارێک بەشێکی زۆر لە میدیاکان بێبەشکراون لە مافی چونە نێو پەرلەمان." لەماوەی ئەم ساڵەدا وەک بەرپرسێ یەکێک لە میدیا بێبەشكراوەکان لە چەند لایەکەوە هەوڵی شکاندنی ئەو بەربەستم داوە بەڵام بێسود بوە".

لەلایەکی ترەوە سەرجەم کۆنگرەکانی سەرۆکی حکومەت و وتەبێژی حکومەت و بەشێکی زۆر لە وەزیرەکانی حکومەت هەموویان قۆرخکراون بۆ چەند میدیایەکی کەسی و حزبی هەردوو حزبی دەسەڵات و ڕێگە بە هیچ میدیایەکی تر نادرێت کۆنگرەکان بگوازێتەوە، هەندێک جاریش بە مەزاجی رێکخەرانی کۆنگرەکان هەندێک لە میدیای تر کە هاورێ و دۆستی خۆیانن بانگدەکرێن بۆ روماڵەکان.

وتەبێژانی وەزارەت و فەرمانگەکان گەورەترین نادادی و نا یەکسانی ئەنجامدەدەن لە پێدانی زانیاری و هەواڵ و لێدوان بۆ میدیاکان، میدیاکانی حزب و شەخس دیسانەوە ئەمەیان کۆنترۆڵکردوە و هیچ سەبقیكی خەبەریی نادرێتە هیچ میدیا و رۆژنامەوانێک ئەگەر لە میدیای کاک فڵان و فیسار حزب نەبێت، زۆر کات زانیاری لای میدیایەک هەیە لەسەربابەتێک، بۆ دڵنیابوون لە بابەتەکە پەیوەندی بە کەسی پەیوەندیدارەوە دەکات بێئاگایی خۆی دەردەبرێت، بەلام دوای کاتژمیرێک لە سەرشاشەی یەکێک لە میدیاکانی حزبەوە سەردەردەهێنیت و وردەکاری بابەتەکە باسدەکات.

بەرێوەبەرێتیەکانی سەر بە وەزارەتەکان، بە تایبەت ئەوانەی وەزارەتی ناوخۆ، زۆر توندن بەرامبەر بە میدیاو میدیاکاران، حەرەمی فەرمانگەکانیان حەرام کردوە بۆ کاری میدیایی، بە تایبەت میدیاکانی دەرەروەی حزب، زیندوترین نمونەش بابەتی تابلۆی نویێ ئۆتۆمبێلەکانە کە هیچ بەڕێوەبەرێتیەک ئامادەنییە نەک لە حەرەمی فەرمانگەکەیدا، لەدەرەوەش قسە بۆ بەشیکی زۆری میدیاکان بکات، جگە لە میدیاکانی دەسەڵات و بەپێی ڕێککەوتنی پێشوەختە لەسەر پرسیار و وەلامەکان.

"ژمارەیەک پەرلەمانتارا و نوێنەری بەرزترین دەسەلاتی هەرێم دەچنە بەڕیوەرێتی هاتوچۆی سلێمانی بۆ لێکۆلینەوە لە پرۆسەکە، کەچی ریگە بە بەشێکی میدیاکان نادرێت هیچی لەبارەوە بڵێن و بکەن".

لەم نێوەندەدا سەندیکای رۆژنامەنوسان و سنەتەر و ڕێکخراوکانی تایبەت بە کاری میدیایی" کە باش ئاگاداری دۆخەکەن"، بێ باکانەو بێدەنگانە لێی دانیشتوون و چاوەرێن هەموو " حەرەم" ەکان " حەرام" بکرێن.

دەبێت ئەم دۆخە کۆتایی پێ بهێنین و ستۆپ بەم جۆرە ڕەفتارانە بکەین ئەگەر نا ئازادی میدیایی و کاری رۆژنامەوانی هێندەی تر دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەی جدییەوە.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif