جنۆکە و سیحر و چاو سەر بە چ جۆرە دونیابینییەکن؟

ليست هناك تعليقات


 د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
-
ئەم باسە دوورونزیک پەیوەندی بە ئیمان و خوداو خوداناسییەوە نییە، باسەکە زیاتر عەقڵییە نەوەک نەقڵی.

لە ڕووی مێژووییەوە عەقڵی مرۆڤ بۆ سێ قۆناخ دابەش دەبێت،

قۆناخی یەکەم: قۆناخی خورافەیی و ئەفسانەیی عەقڵە.کاتێک عەقڵ توانایەکی سنوورداری هەیە بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان و سروشت، ناتوانێت لێیان تێبگات مەجبور دەبێت ئەفسانەسازییان لەسەر بکات و مەلحەمە و ئوستورەیان بۆ دابتاشێت، خودایان بۆدروستبکات و بیانپەرەستێت بە ئومێدی ئەوەی لەشەڕ و ناخۆشیی و نەخۆشی دیاردە سروشتییەکان بیانپارێزێت. مێژووی مرۆڤایەتی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لێوانلێوە لەم جۆرە خودایانە.

قۆنای دووەم قۆناخی عەقڵی مێتافیزیکیی دێتە پێشەوە. لەم قۆناخەدا مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕێژەیی لە ئەفسانەسازیی ڕزگاری دەبێت، زیهن سەنتەر دەبێت، دیاردەکان لەهێزی دەرکەیی وەردەگیرێنەوە و دەدرێنەوە زیهنی مرۆڤ تا سەرمایەگوزاریی عەقڵییان لەسەر بکات، مەرج نییە ماتماتیک و لۆژیکی ئەرستۆیی پێشگریمانە و پێشمەرجی داوەرییە زیهنییەکان بن، سەدەکانی ناوەڕاست سەربەم قۆناخەن.

قۆناخی سێیەم قۆناخی عەقڵی زانستیی و ماتماتیکە،تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ دیاردەکان لەڕێگەی کۆکردنەوەی داتای زانستییە لەسەر دیاردەکانە بەمەرجێک ئەو داتایانە بەچەند قۆناخێکی تاقیکردنەوەی سەختدا ببرێن و لە کۆتاییدا هەموویا یەک ئەنجامی دووبارەبووەوە بدەن بەدەستەوە. پرسیارەکانی چەندێتیی وردەوردە جێ بە پرسیارە چۆنێتییەکان لێژ دەکەن. نیوتن و تیۆری کەوتنە خوارەوەی سێوێک لە دارێک یەکەمین هەنگاوی گواستنەوەی مرۆڤە لە قۆناحی مێتافیزیکەوە بۆ قۆناخی عەقڵی زانستیی. هەرچەندە ئەم قۆناخە بەدەر نییە لە ڕەخنە فەلسەفییە هیۆمییەکە، بەڵام لەکۆتاییدا دڕی پێدەدات و پشتگیریی فاکت بۆی دەیکاتە واقیع. لەئێستادا ئێمە لەقۆناخی زانستیی و ماتماتیکیی عەقڵ داین، ئەو جۆرە لە تەعەقول reasoning کە پشت بە evidence based facts ڕاستیی سەلمێندراو" دەبەستێت.

دەبێت بوترێت هیچ جۆرە عەقڵێک لەم عەقڵانە بۆ قۆناخەکەی خۆی عەیبەو دواکەوتوویی نەبووە، دەشێت مرۆڤایەتی سبەی قۆناخی زانستیش بەجێبهێڵێت بۆ یەکێکی گەشەسەندووتر لەوەی ئێستای. واتە ئێمە ناتوانین بڵێین بۆچی پێش هەزار ساڵ بەر لەئێستا مرۆڤ ئەفسانەسازیی کردووە، نەخۆشییەکانی خۆی داوەتە پاڵ ئەفسانە و نوشتەو سیحر وسروشت، ئەوە قۆناخێکی تەکامولییە و عەقڵی دەستەجەمعی مرۆڤایەتی لەو قۆناخەدا پێویستیی بەوە هەبووە و هەر ئەوەندە بڕی کردووە.

هەڵەکە لەکوێیە؟

هەڵەکە لەوێدایە من سەر بەقۆناخی عەقڵی زانستیی بم و بەو هەموو فاکتە زانستییەوە ئەو هەموو ساڵەم لە گەشە عەقڵیی بڕیبێت بەڵام هێشتا باوەڕ بە ئەفسانەکان بکەم، دیاردە فیزیایی و بایەلۆژییەکان بدەمە پاڵ شەیتان و جنۆکە و دێو و نووشتە و سیحر.
وەک چۆن مناڵێک کە فێری خوێندنەوە و نووسین بوو ئیدی کەس ناتوانێت خوێندنەوە و نووسینی لەبیر بەرێتەوە و بیکاتەوە بە نەخوێندەوار بەهەمانجۆر قۆناخ و پلەبەندیی عەقڵی مرۆڤیش هەربەم جۆرەیە. کاتێک لەسەردەمی تەعەقولی زانستی دا دێین دەمانەوێت بە کەرەستەکانی قۆناخی ئەفسانەسازیی لە دونیا و گەردون و نەخۆشیی و ناڕێکییەکان تێبگەین ئەوکاتە دەبێت بزانین ئێمە عەقڵمان بەتەواویی لەدەستداوە. هەمان هەوڵی گێڕانەوەی مناڵێک دەدەین بۆ نەخوێندەواری لەکاتێکدا ئەم مناڵە فێری ئەلجێبرا و جیۆمێتریی بووە و ئاشنایە بە دیارد فیزیایی و گەردوونییەکان.

ئەم کایەیە پێویستیی بەوە نییە کە بڕوانەمەکەت چییە و لە کوێ هێناوتە، لە کوردستان کەم نین ئەو پزیشک و ئاکادیمیسیان و مامۆستای زانکۆیانە کە هێشتا بڕوایان بە نووشتە و جادو و جنۆکە وسیحر هەیە وەک هێزی کاریگەری بێ واسیتە! هەیە بۆ تێگەیشتن لە ناڕێکییەکانی جەستە و دەروونی مرۆڤ تەشبووس بە مرۆڤێکی سەرەتایی وەک مەلا عەلی کەڵەک دەکات بەڵام خۆی مامۆستای زانکۆیە. دیسانەوە کەم نین ئەو پزیشکانەی لەسەردەمی ئەتۆم و سەبئەتۆمیک پارتیکڵ و بایۆتێکدا هێشتا پێیان وایە ڕەشکە و هەنگوین و خورما هۆکارن بۆ چاکبوونەوە لە نەخۆشی نەوەک دەرزی و دەرمان، بەشێکی باشیان پێیان وایە ناڕێکییەکی دەروونی وەک شیزۆفرینیا دەستی جنۆکە و شەیتانی لەپشتەوەیە. ئەم بۆچوونەی ئەوان ڕێک گەڕانەوەیە بۆ قۆناخی ئەفسانەسازییکردن بۆ دیاردەکانی نێو سروشت لەکاتێکدا مرۆڤ وا وردە وردە خەریکە قۆناخی عەقڵی زانستیی بۆ ئاگاهیی تێدەپەڕێنێت.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif