دەربڕینی هەڵچونەکان لە پێناو دەرووندروستیدا

ليست هناك تعليقات


د.جەعفەر عومەر 
- پزیشکی پسپۆری دەروونی
-
هەڵچوونەکانی مرۆڤ زۆر و هەمەچەشنن، وەکو توڕەیی، دڵخۆشی، سەرسامبوون، ترس، قێزکردنەوە، خۆشەویستی، ... پێویستە مرۆڤ هەموویان دەرببڕێت! ئەگەر هەڵچونەکە نەرێنی بێت وەکو دڵتوندی یان ئەرێنی بێت وەکو دڵخۆشی! هەردووکیان دەبێت بە ڕێگەی دروست دەرببڕدرێت! هەریەکەش شێوازی تایبەتی خۆی هەیە! لێرەدا ئاماژە بۆ چەند نمونەیەک دەکەین:

🔸دەربڕینی توڕەیی بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی بریندارکردنی بەرانبەر و زیانگەیاندن بە خود. بۆنمونە لە ڕێگەی وێنەکێشان و نوسینی توڕەییەکە و هۆکارەکەی و گەیاندنی بەو کەسەی کە لێی توڕەیت! لێرەدا هەڵچوونەکەت لە ناخت دەرکردووە و ڕزگارت بووە لە لێکەوتە خراپەکانی.

ئەگەر بە کەسێک سەرسامبووین، ئەوە پێویستە بە کەسەکە بڵێین کە بەچی ڕەفتار و هەڵسوکەوتێکی سەرسامین، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کە لە داهاتوو توشی ڕق و کینە و ئیرەیی نەبین بەرانبەری. ئەم دەربڕینە ڕاستەوخۆیە دەروون خاوێن دەکاتەوە و هەستی شادومانی لای بەرانبەر دروستدەکات.

کاتێک کەسێک توشی دڵتوندی دەبێت، پێویستە بە گریان ئەو دڵتوندییەی دەرببڕێت، یان لەگەڵ کەسێکی نزیکی باسی بکات کە بۆچی دڵی توندە و خۆی خاڵیبکاتەوە.

ئەگەر کەسێکمان خۆشویست، ئەوە پێویستە بە بەرانبەر بڵێین، ئەمە دەبێتە هۆی ئاسودەبوونی دەروونی خۆمان و وەکو بەخشەرێک دەردەکەوین، کەسی بەرانبەریش هەستی دڵخۆشی و ئەرێنیت پێدەبەخشێت.

لەکاتی ترس و دڵەڕواکێدا، دەبێت لێبگەڕێین ترسەکە بە تەواوی بێتە دەرەوە، دەتواندرێت لە ڕێگەی باسکردن بۆ کەسێکی متمانەپێکراو یان شارەزا باسبکرێت، دەرئەنجام تێگەیشتنی دروست بۆ ترسەکە دێتە بوون و کەسەکەش ترسەکەی لە دۆخی ئاساییدا دەهێڵێتەوە.

دەربڕینی هەڵچوونەکان لێهاتوویەکی تایبەتە و دەتوانین فێریببین. بنەما سەرەکییەکانیش بۆ دەربڕینی هەڵچونەکان بەگشتی بریتییە لە:

هەرگیز هەڵچوونەکان کپنەکەینەوە لە ناخماندا.

ڕاستەوخۆ دەربڕینی هەڵچوونەکە بەرانبەر بەو کەسەی کە بەهۆیەوە دروستبووە.

ئەگەر بە هۆکارێکی تایبەت نەتواندرا هەڵچوونەکە ڕاستەوخۆ دەرببڕدرێت، ئەوە با لەلای کەسانی خۆشەویست باسی بکات و خۆی خاڵیبکاتەوە.

نابێت دەربڕینی هەڵچوونەکە ببێتە زیان بۆ بەرانبەر یان خودی خۆمان.

هەر هەڵچونە و ڕێگەی ڕزگاربوون و دەربڕینی جیاوازە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif